شەهێن هەڵەبجەیی: داوای رۆڵی زیاتر دەكەین

شەهێن هەڵەبجەیی: داوای رۆڵی زیاتر دەكەین

"لە ژێر ناوی ئازادی چەوسانەوە و سەپاندن هەیە"
محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی شەهێن هەڵبجەیی، لە بارەی رەوشی ئازادی ئافرەتان و یەكسانی جێندەری و چەند پرسێكی تری پەیوەست بە مێینە لە دیدارێكی زاری كرمانجی بۆ چوونی خۆی لەسەر ئەم پرسانە دەخاتەڕوو.
ئەم چالاكوانە پێی وایە لە هەرێمی كورستان ئازادی ئافرەت زیاتر پەرەی پێدراوە بە بەراورد بە ناوچەكانی تر، وەك خۆی دەڵێت" هێشتا بە تەواوەتی تێنەگەشتوین لەم چەمكە و لێرەو لەوێ لە ژێر ناوی ئازادی چەوسانەوە و سەپاندن هەیە، چونكە ئێمە لەكۆمەڵگەیەكین كلتوور و دابوونەریت هەندێ زاراوەی پێ بەخشیووین لەپاڵ ئازادی هەڵمان چنیوە، بۆ نموونە شەرمنیمان هێناوە ئەڵێن ئافرەتێك شەرمن بێ شارێك دێنی، ئەمە وای كردووە لە كۆمەڵێك مافی خۆی بێدەنگ بێ تا پا بەندبێ بە شەرمەكەی زۆر كات تا ئاستی ماف خوراویش پەڵ دەهاوێژی، بەڵام بەگشتی لێرە لەچاو ناوچەكانی دی دۆخی ئازادی ژنان باشترە".
لە بارەی بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە سێكتەرەكانی حكومڕانی شەهێن هەڵەبجەیی، جەخت دەكاتەوەی لەوەی تا ئاستێكی باش بەشداری بە ئافرەتان كراوە لە زۆربەی سێكتەرە جیاوازەكانی حكومڕانی، نایشارێتەوە ئەوان داوای رۆڵی زیاتر دەكەن، زیاتر گووتی" ئەم بەشداری پێكردنە رێژەكەی باشە بەڵام  هێشتا لە ئاست پێویستدانیە هەرچەند لە سایەی حكوومەتی كوردی هەوڵی جددی بۆ ئەو دۆخە دەدرێ و ئافرەت توانیویەتی ڕۆڵ و پێگەی خۆی زیاتر بتەوكات، ئەوەی دەبینرێت لە هەندێ جێ بەكۆتا هەژمار دەكرێ بە شێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ كلتووری كۆمەڵگە  هێشتا وەك پێویست ئافرەتانیش ناتوانن پاڵپشتی یەكتر بن و دەنگیان یەك خەن".
لە درێژەی قسەكانی دا شەهێن باس لە زیانی كۆچی بەلێشاوی گەنجان دەكات و روونی دەكاتەوە" ئەو كۆچە كاریگەری لەسەر ئاسایشی خێزان دەبێت لە هەر وڵاتێك كە كۆچ دەكرێت بێگومان زیانی دەبێت بۆ تاك و كۆمەڵگەو خێزانیش، چونكە كۆچ هەمیشە لە نێو گەنجان و دەستی كاركەردا زۆرترینە ئەمەش وادەكات ئەو ناوچانەی كۆچیان تیا زۆر دەكرێت دواكەون لەڕووی ئابووری و كشتوكاڵی و داهێنان و دەستی كار نەك بەتەنها لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی كاریگەری دەبێت لەسەر كۆمەڵگە.