عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی پێشوەختە

عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی پێشوەختە

زاری كرمانجی – سۆران : كاتژمێر 12ی شەوی 16ی ئەم مانگە ئەو وادە دەستوورییە تەواو دەبێت، كە دانراوە بۆ دیاركردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق.
فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا بە زاری كرمانجی گووت:" لەو ماوە دیاریكراوەی كە ماوە ئەستەمە كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكرێت، بژاردەی ئەوە لە ئارادایە، جارێكی دیكە عادل عەبدولمەهدی راسپێردرێت بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە".
بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا، دەشڵێ :" كورد مەرجی لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە، تەنیا داوای تەوافوق، شەڕاكەت، هاوسەنگی و جێبەجێ كردنی دەستوور دەكات، محەمەد تۆفیق عەللاوی وانەیەكی باشە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت هەرێمی كوردستان پشتگوێ بخات، بۆیە هەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران دەبێت بارودۆخی هەرێم لەبەرچاو بگرێت، ئەگەرنا مەسیری وەكو عەللاوی دەبێت، هەر كاتێك كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بووە توانیویەتی هەم دەستكەوتەكانی خۆی بپارێزێت، هەمیش دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت، تا ئێستاش هەموو لایەنەكان یەكدەنگ و یەكڕیزن ".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەش بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا دیاركرد:" ئیرادەی سیاسی و كێشەی فەنی هەن، وەكو پێویست ئیرادەی سیاسی نییە، هیچ ئامادەكارییەكیش بۆ هەڵبژاردن نەكراوە، بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر سەختە هەڵبژاردن بكرێت، كۆمیسیۆنیش ئەو توانایەی نییە كە لەو كات و ساتەدا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر ئەنجام بدات".

زۆرترین بینراو