عادل عەبدولمەهدی پەیکەری نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسنددەکات

عادل عەبدولمەهدی پەیکەری نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسنددەکات

فەرەماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیکەری نوێی رێکخستنی دەستەی حەشدی شەعبی پەسند دەکات و لە پەیکەری نوێدا پۆستەکەی ئەبومەهدی موهەندس نەماوە.

بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 331 کە لە 17-9-2019 دەرچووە، عادل عەبدولمەهدی پەیکەری نوێی رێکخستنی حەشدی شەعبی پەسندکردووە و لەوبارەوە سێ بڕیاری دەرکردووە:

یەکەم: پەسندکردنی پەیکەری رێکخستنی تایبەت بە حەشدی شەعبی.

دووەم: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو پۆستانەی کە پێچەوانەی ئەو ناونیشانانەن لە پەیکەری رێکخستنەکەدا هاتوون.

سێیەم: پێدانی دەسەڵات بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ دامەزراندنی پۆستەکان بەوەکالەت و بەڕێوەبەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و خستنەبەردەممان ( مەبەست: سەرۆکوەزیرانە) بەمەبەستی پەسندکردنیان.

بەپێی پەیکەربەندی نوێی رێکخستنی حەشدی شەعبی، پۆستی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی نەماوە کە لەلایەن ئەبومەهدی موهەندس بەڕێوەدەبرێت.

لە رۆژی دووشەممە 1-7-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمانێکی دیوانی ژمارە (237) چەندین بڕیارێکی لەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکردبوو، لەوانە: هەموو هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لە هێزە چەکدارەکان، لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکداران دەبێت، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەرپرسیانە و لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاریدەکرێت.

بەپێی بڕیارەکە، دەبێ هەموو ئەو ناوانە نەمێنن کە پێشتر هەبوون و هێزەکانی حەشد لە جەنگی دژی داعش بەکاریان هێناون.

رێکخستنی سەربازیش دەبێتە (فرقە، لیوا، فەوج .. هتد)، حەشدی هۆزەکان یاخود هەر هێزێکی دیکەی خۆجێی لەسەر ئاستی نیشتمانی، کارمەندەکانیان پلەی سەربازی کارپێکراوی هێزە چەکدارەکان هەڵدەگرن.

هاوکات لە بڕیارەکەدا هاتبوو کە رێگە نادرێت ئەو هێزانە چەک هەڵبگرن تەنها بە مۆڵەت نەبێت، ئەوەش بۆ پاسەوانی بارەگانیان و بەرپرساکانیان وەک تەواوی رێکخستنە سیاسییەکان. هەموو ئەو بارەگایانەش دادەخرێن کە ناوی هێزەکانی نێو حەشدی شەعبیان لەسەرە لە شار یاخود دەرەوەی شارەکان.

زۆرترین بینراو