عارف رۆشدی: لەهەر شوێنێك پێویست بكات پارتی گۆڕانكاری دەكات

عارف رۆشدی: لەهەر شوێنێك پێویست بكات پارتی گۆڕانكاری دەكات

ڕائیب شێروانی – هەولێر: عارف رۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" بە دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەمواركردنەوەی دەستوور ئەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق هەن چارەسەر نابن، كێشەی دەستوور لەوەدایە كە جێبەجێ ناكرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابایە ئەو كێشانەی ئەمڕۆ هەن نەدەمان و چارەسەر دەبوون، ئەو حزبانەی كە لە عێراق دەسەڵاتدارن هەر حكوومەتێك پێك بێت دەخەنە ژێر ركێفی خۆیان. گوتیشی:" گۆڕانكاری شتێكی پێویستە، پێویستە گۆڕانكارییەكان بەردەوام بن، پارتی یەكێكە لەو حزبانەی كە باوەڕی بە گۆڕانكاری هەیە، لە هەر شوێنێك پێویست بكات پارتی گۆڕانكاری دەكات و گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن.
رۆشدی، رایگەیاند:" ئەو حزبانەی كە لە عێراق دەسەڵاتدارن هەر حكوومەتێك پێك بێت دەخەنە ژێر ركێفی خۆیان، بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان رێگە دەدەن حكوومەت كار بكات، پارە و لایەنە داراییەكانی عێراق رێگە نادەن لە خزمەتی گەلەكەی دا بن، بەڵكو كەسانی دەسەڵاتدار ئەو پارەیە دەشارنەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار دێنن، ئەوەی ئێمە ئێستا لە عێراق دەبینین لە دەرئەنجامی حكوومەتی ئێستا نیە، بەڵكو 16 ساڵە كاری نا دروست دەكرێت، ئەمڕۆ هاتە بەر ئەنجام ئەویش ناڕازی بوونی خەڵكە، بۆیە ئەوانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارن دەبێت لەو ڕاستیە تێ بگەن، كە خەڵك ناتوانێت تا كۆتایی ئەو كارە نا دروستەی ئەوان قبوول بكەن.
ئەو ڕاوێژكارەی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتیشی:" بە دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەمواركردنەوەی دەستوور ئەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق هەن چارەسەر نابن، بەتایبەتی بابەتی دەستوور، ئەو كەسانەی كە خۆپشاندان دەكەن كەس باسی هەمواركردنەوەی دەستوور ناكات، بەڵكو بابەتی دەستوور قسەی ئەو لایەنانەیە ئەوانەی خەڵك دژی ئەو حزبە سیاسییانەی كە عێراقیان بە ئەمڕۆ گەیاند، دەستووری عێراق باشترین دەستوورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كێشەی دەستوور لەوەدایە كە جێبەجێ ناكرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابایە ئەو كێشانەی ئەمڕۆ هەن نەدەمان و چارەسەر دەبوون، هەروەها بابەتی دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ئەگەر یەك لە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانیش بێت، هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت و كێشەكان چارە ناكات، كێشەكانی عێراق بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە و هەموو لەسەر یەك كەلەكە بوونە و بە ساڵێك و دوو ساڵ چارەسەر نابن.
عارف رۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك خواستی ئەوەی هەیە كە هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان یەكڕیز و تەبابن، هەوڵەكانی ئێستاشی هەر لە دەرئەنجامی ئەو یەك هەڵوێستیە، چونكە سەرۆكی هەرێم هەنگاو لە دوای هەنگاو دەنێت تاكو دامودەزگاكانی حوكمڕانی ببنە پێشڕەوی خەڵك، سەرۆكایەتی هەرێم وەكو چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لایەنەكان هەر خواستێكیان هەبێت دەبێت لەژێر ئەو چەترەدا باس بكەن، ئەو هەنگاوانەی سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبن، چونكە ئێستا لە هەموو كاتێك پێویسترە هەڵوێستێكی یەكگرتووی كوردانەمان هەبێت بەرامبەر بەو رووداوانەی كە لە عێراق هەن.
ئەو ڕاوێژكارە ی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەگەر ئێمە نەبینە یەك، دەچین یەك بە یەك، هەموو كاتێك ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بووە دەستكەوتی هەبووە، توانیومانە خۆمان بپارێزین و لێ نەگەڕاوین دەستی نەیارانی ئێمە بە ئێمە بگات، ئەگەر كورد نەبنە یەك بەرامبەر بەو رووداوانە، ئەو زێدڕۆیانەی كە لەسەر مافی كورد دەكرێن، زیانێكی زۆر دەكەین، بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێك ئێمە یەكدەنگ و یەكڕەنگ بین تا بتوانین لە بەغدا و دەرەوە شەڕی پێویست بكەین.
رۆشدی، ئاشكراشی كرد:" كورد هەردەم فاكتەری خێر بووە، ئێستاش هاوكار و پشتەوانی هەر هەنگاوێك دەكات كە خێری خەڵكی عێراقی تێدا بێت، بەڵام پێویستە لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە قسەی خەڵك تێ بگەن، ناڕەزای خەڵك تێ بگەن، كە ئێدی خەڵك بیركردنەوەی ئەوانەی پێ قەبوول نیە، دین و سیاسەت لە یەكدی دوور بخەنەوە ئەو كەسانەی دەچنە دەسەڵات لە رێگەی خەڵكەوە بن، سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت بە شێوەیەك لە خزمەتی خەڵكدا بێت، ئەگەرنا بارودۆخی عێراق رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت.
عارف رۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتر گوتی:" گۆڕانكاری شتێكی پێویستە، پێویستە گۆڕانكارییەكان بەردەوام بن، پارتی یەكێكە لەو حزبانەی كە باوەڕی بە گۆڕانكاری هەیە، لە هەر شوێنێك پێویست بكات پارتی گۆڕانكاری دەكات و گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن".

بیروڕا

زۆرترین بینراو