عوسمان ئۆجەلان: نابێت رۆژئاوا بە بێ حساب هیچ هەنگاوێك لەگەڵ سوریا بنێت

عوسمان ئۆجەلان: نابێت رۆژئاوا بە بێ حساب هیچ هەنگاوێك لەگەڵ سوریا بنێت

چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی: عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری كورد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، دیاركرد:" ئەو ئاگربەستەی كە كراوە شتێكی باشە و وا دەكات كە شەڕ رابوەستێت و زیاتر خەڵك ئاوارە و دەربەدەر نەبن، مەبەستی هاتنی توركیا بۆ رۆژئاوا بۆ ئەوە بوو كە نەوتی رۆژئاوا بە دەست بهێنێت، بەڵام بۆی نەچووە سەر و نەیتوانی بە دەست بهێنێت، بۆیە پەلاماری كوردی دا. دەشڵێ:" پێویستە هەموو هێزەكانی رۆژئاوا بۆ گەیشتن بە مافەكانی خۆیان یەكبگرن و بەردەوامن لەسەر خەباتی خۆیان، چونكە بەبێ یەكگرتنی لایەنەكان سەركەوتن بە دەست ناهێت.
ئۆجەلان، گوتی:" ئەو ئاگربەستەی كە كراوە بۆ راوەستاندنی شەڕ شتێكی باشە و لە جێگەی خۆیدایە، چ ئەمریكا چ روسیا، یان هەر وڵاتێكی دیكە بێت بە دوای بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەمریكا بەرژەوەندییەكانی لە كوێ بێت لەوێ دەبێت، دوای نەمانی ئەمریكا لە رۆژئاوا، هاتنی روسیا بۆ رۆژئاوا لە ئێستادا كارێكی باش بوو، وا دەكات كە شەڕ رابوەستێت و زیاتر خەڵك ئاوارە و دەربەدەر نەبن.
عوسمان، ئەوەشی گوت:" رۆژئاوا بە شێوەیەكی باش خۆی ئامادە نەكردبوو، هەموو لایەنەكانی رۆژئاوا یەك نەبوون، هەر كاتێك كە لایەنەكان یەك نەبن، دوژمن دەیەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێت، هەر ئەوەش وای كرد كە توركیا دەست بەو ئۆپەراسیۆنە بكات، چونكە ئەگەر لایەنەكانی رۆژئاوا هەموو یەك بانەو پێكەوە خزمەتی رۆژئاوایان كردبایە، ئەو كات هیچ بیانۆیەك نەبوو بۆ توركیا كە بتوانێت ئۆپەراسیۆن دژی رۆژئاوا ئەنجام بدات.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد تیشیكی خستە سەر ئەوەش:" هاتنی هێزەكانی سوریا بۆ رۆژئاوا وەكو رابردوو نابێت و بێ حساب نابێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هێزە كوردییەكان خۆیان بە باشی ئامادە بكەن و هەنگاوی باش بنێن، بە بێ حساب هیچ هەنگاوێك نەنێن.
عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری كورد زیاتر گوتی:" مەبەستی هاتنی توركیا بۆ رۆژئاوا بۆ ئەوە بوو كە كورد لە رۆژئاوا هاوسنوور نەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەروەها نەوتی رۆژئاوا بە دەست بهێنێت، بەڵام بۆی نەچوو سەر و نەیتوانی نەوت بە دەست بهێنێت، بۆیە پەلاماری كوردی دا.
ئۆجەلان، جەختی لەوەشكردەوە:" هەرێمی كوردستان لەسەر رۆژئاوا رۆڵێكی باشی گێڕاو تا ئێستاش لەسەر ئەو رۆڵە بەردەوامە، هەڵوێستێكی نیشتمانپەروەری هەبوو، بۆ ئەوەی كورد زیاتر زیانی بەر نەكەوێت و ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنێت، ئەوەی پێویست بوو هەرێمی كوردستان كردی، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی رۆژئاوا بەردەوام لەسەر خەت بوو، وڵاتپارێزی و شەڕكردن لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستاندا بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لایەنەكانی رۆژئاوا هەموو یەك بانە و پێگریان بە رێككەوتنەكان كردبایە، رەوشی رۆژئاوا بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت كورد زیاتر ئەو كات ئامادە دەبوو و دەتوانی وەڵامێكی باش بداتەوە و زەرەروزیانەكان كەمتر دەبوون.
لە كۆتاییدا عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری كورد گووتی:" پێویستە هەموو هێزەكانی رۆژئاوا بۆ گەیشتن بە مافەكانی خۆیان یەكبگرن و بەردەوامن لەسەر خەباتی خۆیان، چونكە بەبێ یەكگرتنی لایەنەكان سەركەوتن بە دەست ناهێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن بۆ سەركەوتنی رۆژئاوا".

زۆرترین بینراو