عیرفان كەركووكی :پێویستە هەموو پێكهاتەكان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دڵخۆش بن

عیرفان كەركووكی :پێویستە هەموو پێكهاتەكان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دڵخۆش بن

چاوپێكەوتن- رائیب شێروانی
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" بەپێی دەستوور پێویستە پێشمەرگە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان هەبێت، ئێستاش بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، ناتواندرێت تەعریب بكرێن و تەعەدا لە كەس بكرێت، ئەمن و ئاسایش بەرقرار دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەكان دڵخۆش بن بە گەرانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.
كەركووكی، رایگەیاند:" گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەمن و ئاسایش بەرقرار دەبێت، ئەمنیەت دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، خەڵكەكە زیاتر هەست بە ئەمان و دڵخۆشی و ئیستقرار دەكات، بۆیە ئێمە لە پارتی گەلی توركمانی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بە پێویست دەزانین و خۆشحاڵیش دەبین و لەگەڵی داین، چونكە ئەوە باشترین شتە كە زەمانەتی ئەمنیەت بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دەكات، بۆیە پێویستە هەموو پێكهاتەكان بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دڵخۆش بن.
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، روونیشیكردەوە:" دەبێت ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، ئەوە گرنگترین شتە بۆ ئەو ناوچانە، چونكە ئەمن و ئەمان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، دوای ئەوەی ئەو هەموو هێزەی لە كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140 هەیە، بەڕاستی بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەمن و ئەمان نەمێنێت، ئەوەش بۆتە جێگەی نیگەرانی خەڵكی ئەو ناوچانە، لەگەڵ ئەوەی خەڵك چاوەڕوانە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و لەگەڵ ئەوەی هەماهەنگیەك دروست بێت لەگەڵ حكوومەتی ئیتحادی، چونكە تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە چەندین كردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە، خەڵكی سڤیل بۆتە قوربانی، ئەوەش لەبەر ئەوەیە فەراغێكی ئەمنی هەیە، پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكەكە بە ئەمن و ئەمان بژیت.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، دەشڵێ:" ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، ئەو لیژنانەی كە دەست بەكاربوونە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، كردنەوەی بارەگای هێزە سیاسییەكان، وەكو پارتی گەلی توركمانی بارەگاكانمان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كراون، ئێستاش لەناوی دان، ماڵە تایبەتەكەی خۆم، ماڵی كەسوكارم هەمووی تاڵان كراوە، لە كەركووك و دەوروبەری هەموو حەشدە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بارەگاكانی ئێمە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەست بەكاری سیاسی خۆمان بكەین و بارەگاكانی خۆمان لە كەركووك و دەوروبەری بكەینەوە.
كەركووكی، ئاشكراشی كرد:" گرنگە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن، دەبینین ئێستا حكوومەتی هەرێم گرنگیەكی زۆری بەو بابەتە داوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بەردەوام بێت، رێككەوتن بكرێت، پشتگیری حكوومەتی هەرێم دەكەین، چونكە هەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا رێك بكەون، ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان دایە.
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، ئەوەشی دركاند:"مستەفا كازمی چەندین گۆڕانكاری كردووە، ئەوەش شتێكی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت هێزە سیاسییەكان پشتگیری كازمی بكەن، بۆ ئەوەی بەرنامەكەی جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی رەوشی ئابووری باش بێت، چونكە رۆژ بۆ رۆژ رەوشی ئابووری عێراق تێكدەچێت، بۆیە كازمی تاكلایەنانە هیچی پێ ناكرێت ئەگەر لایەنەكان پشتگیری نەكەن".
بە بڕوای عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، هاوپەیمانان رۆڵێكی گرنگیان بینیوە لەرووی دەعمی لۆجستی بۆ هێزەكانی عێراق بۆ بەرنگاربوونەوەی داعش، بۆیە بوونی هاوپەیمانان پاڵپشتیی و ئەمانێكە بۆ خەڵكی عێراق و ئیدارەی ئەو وڵاتە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو