عێراق، توركیا و ئێران دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لاواز بكەن

عێراق، توركیا و ئێران دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لاواز بكەن

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند:" ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە بن دەتوانن چارەسەری كێشەكان بكەن، چارەسەریش نییە دەبێت هەر ببن بە یەك، دەبێت پارتی و یەكێتی بەرژەوەندی كورد ببەنە پێش، كاری پەرلەمان و حكوومەت تێك نەدەن، هەوڵ بدەن كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن. دەشڵێ:" رەوشی ناوچەكە بە نسبەت كوردەوە زۆر خراپە، عێراق، توركیا و ئێران دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، بۆیە دەبێت هەرێم زۆر وریا بێت، لایەنە كوردستانییەكان بە یەكگرتوو، بەرەنگاری ئەو عەمەلیە ببنەوە كە دژی هەرێم هەیە، ئێران دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام بێ لایەن نییە.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد، دەڵێ:" هەماهەنگی دەبێت لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبێت، سەركردەكانی هەر دوو حزب دەبێت بەردەوام لەگەڵ یەكدی دابنیشن، بەرژەوەندی كورد ببەنە پێش، كاری پەرلەمان و حكوومەت تێك نەدەن، هەوڵ بدەن كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن، چونكە تا ئێستا هیچ كێشەیەكی كورد لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەكراوە.
عوسمان، روونیشیكردەوە :" ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوە بن دەتوانن چارەسەری كێشەكان بكەن، چارەسەریش نییە دەبێت هەر ببن بە یەك، چونكە هەر دوولا ئیدارەی كوردستان دەكەن، هەر یەكەیان نیوەی كوردستانی بە دەستەوەیە، بیانەوێت، یان نەیانەوێت ئەگەر پێكەوە دابنیشن دەتوانن بە یەكەوە لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ توركیا و ئێران قسە بكەن، بەڵام ئەو ناكۆكییەی نێوانیان رەوشەكەی ئالۆز كردووە.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد جەختی لەوەشكردەوە :" رەوشی ناوچەكە بە نسبەت كورد زۆر خراپە، توركیا ئەوە دێتە پێشەوە، ئێران لەو لاوە بە هەمان شێوە ناو بەناو ناوچەكە تۆپباران دەكات، حكوومەتی عێراق دژی ئێران و توركیا نییە، پێموایە لەگەڵ یەكدی هاوكارن، عێراق، توركیا و ئێران دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، بۆیە دەبێت هەرێم زۆر وریا بێت، لایەنە كوردستانییەكان بە یەكگرتوو بەرەنگاری ئەو عەمەلیە ببنەوە كە دژی هەرێم هەیە.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد، ئاشكراشی كرد:" لایەنە شیعەكان بەردەوام هەوڵ دەدەن داواكانی كورد كەم بكەنەوە، لەبەر ئەوە كازمی ناتوانێت بە تەنیا كێشەكانی هەولێر و بەغدا چارە بكات، زۆرجار وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ كێشەیەك چارە نەكراوە، بەغدا خۆشی كێشەی زۆرە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە كورد یەكگرتوو بێت، بە یەكەوە لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆ، چونكە زۆر كاریگەری هەیە و گرنگە، تا كێشەكان چارەسەر بكەن، بزانن كام كێشە چارەسەر دەبێت، كامە چارەسەر نابێت، بۆچی كێشەكان چارەسەر نابن، تێ بگەن لەو شتانە.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد دیاركرد:" هەرێمی كوردستان لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، لە چەند رۆژی رابردوو چەند وەزیرێكی وڵاتانی جیهان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، بەڵام كێشەكان چارەسەر ناكەن، ئێران دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەوەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەندێك كێشە چارەسەر بن، بەڵام ئێران لای بەغدا دەگرێت و بێ لایەن نییە، تەئیدی هێزە شیعەكان دەكات، ئەمریكا دەتوانێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكات، بەڵام خۆی دوور گرتووە و تەدەخول ناكات، لەبەر ئەوە وەزعەكە زۆر ئاسان نییە".

زۆرترین بینراو