عێراق لە مانگی ڕەزبەرەدا، بەرەكانی لەدەست دەدات ؟

نەوزادی موهەندیس

مانگی ڕەزبەر و گەڵاڕێزانی 2019 بۆ عێراق مانگێكی پڕ وەیشومە و نەهات و مەترسیدار بوو، بەتایبەتی بۆ حكومەت و پەڕلەمان و دەستڕۆیشتوەكانی ناو ئەم دەسەڵاتە كە لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدامییەوە لە 2003وە جڵەوی حوكمڕانی عێراقیان گرتۆتە دەستەوە و بە هەمووانیان عێراقی دەوڵەمەندیان ڕووتاندۆتەوە و خسویانەتە سەر لێواری مایە پوچبوون ولێكهەڵوەشان و نەداری و گەلەكەشیان كردۆتە هەژارترین و بێ ئارامترین و نەخوێندەوارترین و نەخۆش و بێدەرامەترین گەل،لەسایەی سیستەمێكی حوكمڕانی كەمینەیەكی ئاینی و مەزهەبی توندڕەوەوە كە هەموو كارێك دەكات بۆ سەرخستنی مەزهەبەكەی خۆی بێگوێدانە خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و گەل و نیشتیمانەكەی.
عێراق بۆخۆشی وڵاتێكە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و كەمینەی باڵادەستی سوونەوە دامەزراوە لەساڵی 1920وە،و بەدرێژایی 83 ساڵ حوكمی كەمینەی سونە مەزهەبی پاشایەتی و كۆماریەكان بەخراپترین شێواز ئەم وڵات و كۆمەڵگایەیان ڕابەری كردوە،لەئێستاشدا لەلایەن زۆرینەی شیعە مەزهەبی نەتەوە عەرەبەوە و ماوەی 16 ساڵە زۆر خراپتر درێژەیانداوە بەو جۆرە حوكمڕانیە سەرنەكەوتوە.
هەردوو ئەم مەزهەبە ئاینیە نەتەوە عەرەبە بەهۆی گەندەڵی و خراپبەكارهێنانی دەسەڵات و بڕوانەبونیان بە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادیەكان و كاری پێكەوەیی و ئاشتی و ئارامی و سیستەمێكی حوكمڕانی دەستەجەمعی پەڕلەمانی نەیانتوانیوە بچوكترین خزمەت بە گەل و خاكی عێراق بكەن و بونەتە مایەی سەرهەڵدانی دیاردەكانی بێكاری و هەڵاوسان و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتیان و ناوچە جیاوازەكان دوور لە ئینتیمای حیزبایەتی و مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی تەسك،نەبونەتە هۆكاری دامەزراندنی وڵاتێكی نوێ لەسەر بنەماكانی هاوڵاتیبون و سەروەری یاسا و ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و بە ئاشتی و ئارامی كاركردن پێكەوە بەشێوەیەك هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان هەست بە ئارامی و ئاوەدانی وڵات بكەن و هەست بە شكۆ و كەرامەتی مۆرۆڤایەتیان بكەن.
ئەم خۆپیشاندانەی ئەم مانگە،دەرخەری هەموو ئەو ڕاستیانەن كە هاوڵاتیان پێكەوە بە سونە و شیعەی عەرەبەوە لەهەموان بێبەشترن لە كەمترین ماف و ئیمتیازاتەكانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە،ئەوەی ئەم مانگە خۆپیشاندانیان كرد بریتین لە زۆرینەی شیعە مەزهەب لەهەر 10 پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تائێستا 5 پارێزگا سونە مەزهەبەكان و هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان بەخۆوە نەدیوە،كەواتە ئەم خۆپیشاندانە جەماوەریە تاڕادەیكی زۆر خۆڕسك و وەڵامدەرەوەیەكی ڕاستگۆیانەی هاوڵاتیانە بۆ ئەو گەندەڵی و بێكاری و ناعەدالەتی وبێخزمەتگوزاریەی 16 ساڵی دەستڕۆیشتوە شیعە مەزهەبەكانە و هاوڵاتیان لێیبێبەشبوون،تەقینەوەی ئەو ڕق و بێزاری و ناڕەزاییانەی هاوڵاتیانە لە سەركردە و حیزبە سیاسیە شیعە مەزهەبەكانی خۆیان،و هەموو ڕەوایەتیەكی لە پشتەوەیە چونكە داواكاریەكانیان داواكاری ژیان و هاووڵاتیبون و ماف و خۆشگوزەرانیانە،بەڵام دەسەڵاتدارە سەر مەستەكانی شیعەی عەرەب لەدۆڵێكی زۆر دوور و جیاوازن لە هاوڵاتیانی خۆیان هەربۆیە دەنگ و سەدا و هاواری هاوڵاتیانیان نەدەبیست لەماوەی 16 ساڵی ڕابووردوودا.
لەلایەكی تریشەوە ئەم خۆپیشاندانە‌و سەر هەڵدانەوەی و هاوكاتبوونی لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی وڵاتی لوبناندا، ئەو ڕاستیە دەردەخەن كە دەستێوەردانی دەرەكی لەوڵاتانی ناوچەكەوە هەیە بەتایبەتیش ئێرانی شیعە مەزهەب و خاوەن نفوز و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو وڵاتانەی كە هەژمونی ئێرانیان بەسەرەوەیە لەهەریەكە لە عێراق و بەحرەین و یەمەن و عوممان وسوریا و لوبنان و تەنانەت فەلەستین و ..هتد.ئێران بەهەموو هێز و توانایەوە پشتیوانی لەو سەركردە و میلیشیا چەكدارانە دەكات كە گوێڕایەڵی سیاسەت و ڕاسپاردەكانی ئەون و دژایەتی هەموو گەلانی ئەو وڵاتانەش دەكات،هەربۆیە گەر ئێران توانیبێتی دڵی دەسەڵاتداران بەرەو خۆی كەمەركێش بكات ئەوا دڵ و لایەنگیری گەلانی ئەو وڵاتانەی لەدەستداوە هەرچەندە لەهەمان مەزهەبیش بن.بەڵگەی حاشاهەڵنەگریش دڕاندنی وێنەكانی ڕابەری كۆماری ئیسلامیە و بەرزكردنەوەی ئاڵای عێراقە لەسەر كونسوڵخانەی ئێران لەكەربەلا و كوشتنی هەموو ئەو لایەنگرانەی میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەئێرانن وەك عەصائیبی ئەهلی حەقی خەزعەلی و هاوشێوەكانیان و بەرزكردنەوەی دروشمی عێراق عەرەبیە نەك فارسی.
بەم شێوەیە گەر ئەم خۆپیشاندانانە درێژەیان هەبێت،ئەوا دەستێوەردان و خوێنڕشتنی زیاتری تێدەكەوێت و لەوانەشە شەڕی ناوخۆییش سەرهەڵبدات.كە ئەمەش بۆخۆی دەبێتە هۆكارێك بۆ دابەشبوونی عێراق بەسەر چەندین هەرێم و ناوچەدا،گەر لە ساڵانی ڕابووردوو تەنها باسی سێ ناوچەی شیعە و سونە و كورد دەكرا،ئەوا ڕەنگە ناوچە شیعەكانی ناوەڕاست و باشوور ببێتە چەندین ناوچەی جیاوازی دابەش بەسەر حیزب و سەركردە و بنەماڵە بەهێزەكانی شیعەدا،ئەمەش هەموو بە قازانجی ئێران تەواو دەبێت.
لەئێستادا 19-10-2019 لەلوبنان و لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا سەرۆك وەزیرانی سونە مەزهەب سەعد حەریری دەستیلەكاكێشایەوە كە بەشێوەیەكی نهێنی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لە پشت ئەم داواكاریەوەن . لەعێراقیشدا ئێستا موقتەدا صەدر سەرۆكی ڕەوتی صەدر و خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنی پەڕلەمانی 58 كورسی و زۆرترین ژمارەی وەزارەت لەحكومەت و تەواوی ئۆرگانەكانی تردا، دوای گەڕانەوەی ڕاستەوخۆی لە ئێران بۆخۆی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو خۆپیشاندانەكانی شاری نەجەفەوە و هانی زیاتریان دەدات وداواكاری بەرزدەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشانەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی یاساكەی و دواتر دەستلەكاركێشانەوەی عادل عبدالمهدی سەرۆك وەزیران بەهەمان شێوەی لوبنان (كەئەمەش ڕێكەوتێكی ئاسایی نیە).
خێرابوونی ڕووداوەكانی خۆپیشاندان لەعێراقدا بەم شێوە دراماتیكیە مەبەستیانە كە عێراق نە وەك وڵاتێكی خاوەن سەروەری و نەوەك وڵاتێكی خاوەن شەرعیەتی یاسایی و دەستوری بمێنێتەوە بەڵكو گەرەكیانە ببێتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ ململانێ ناڕەوا ناوچەیی و ناوخۆیی و دونیاییەكان و ئەمەش هەموان قازانجی لێدەكەن و تەنها گەلانی عێراق و خاكەكەی زیانیان پێدەگات.دەبێت هەموانیش و بەتایبەتیش صەدر و عامری كە دژایەتی ئەم حكومەتە دەكەن باش بزانن كە لەناو شیعەدا كەسێكی باشتر و شیاوتر بۆ هەمووان لە عبدالمهدی نادۆزنەوە بۆ ڕابەرایەتیكردنی عێراق بەرەو كەناری ئارامی و لەكاتی غەرقبوونی كەشتیەكەی عێراقیشدا ئەوان پێش هەموان زیانیان پێدەكەوێت.
بەم شێوەیە ئایندەی عێراق لەسایەی ئەم خۆپیشاندانانەوە كەوەكو عەرەب دەڵێن (یقول الحق ، یراد به الباگل) بەرەو تونێلێكی تاریك و تون و نادیار هەنگاو دەنێت و هیچ كەس و لایەن و سەركردەیەكیش زامنی ئایندەیەكی ڕۆشن ناكات. و عێراق لەم مانگی ڕەزبەرەدا ،لەلایەك بەری ڕەنجی چەند ساڵەی خەباتی دژی تاكڕەوی و زوڵم و چەوساندەوە و گەندەڵی لەدەستدەدات و لەلایەكی تریشەوە هەموو دەسكەوتەكانی 16 ساڵی ڕابووردووشی بەهەدەر دەدات.
لەم نێوەندەشدا كوردیش زیانی گەورەی بەردەكەوێت بەهۆی ئەوەی بەداخەوە نێوماڵی كوردیش زۆر توندوتۆڵ و یەكگرتوو نیە،بۆیە هەق وایە كورد و سەركردایەتیەكەی و جەماوەرەكەشی ببنە یەك دەست و یەك دڵ و خاوەن یەك بڕیار و گوتار و كردار لەبەرامبەر هەر ئەگەر و ڕووداوێكی نەخوازراودا و سنورەكانی هەرێم بپارێزن وتەنها وەك تەماشاكەر نەمێننەوە بۆ ئەو خۆپیشاندانانە و درك بە كاریگەری و مەترسیەكانیشی بكەن لەڕووی داهات و دارایی و ئەمنی و ..هتد. هیچ سەركردە و حیزبێكیش تاكلایەنە و بەتەنها بڕیار لەچارەنوسی هەرێمی كوردستان نەدات و بەڵێنی هیچ جۆرە سازش و ڕێكەوتنێكیش بەهیچ سەركردە و لایەنێكی عێراقی نەدات،دەربارەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراقی و بەتایبەتیش مادەی 140ی دەستور و هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتی هەرێم و سنور و ناوچە دابڕوەكان و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەعێراقدا لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی،بۆئەوەی جارێكی تر بەدەستی خۆمان تاكڕەو و دیكتاتۆرێكی نوێ نەخەینەوە سەر كورسی حوكم لەبەغداد و ئەویش بە ئاسن و ئاگر وەڵاممان بداتەوە،چونكە بەداخەوە حوكمڕانانی بەغداد وەكو ئەو پیرێژنە وان كە هەمیشە دەگەڕێتەوە سەر داب و نەریتە كۆنەكانی، وەكو عەرەبیش دەڵێت (حلیمە رجعت الی عادتها القدیمە).
بۆیە بەهەق قۆناغەكە مەترسیدارە بۆ سەر كورد و هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش دوای ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و داگیركاریەكانی توركیا و شلۆقبونی زیاتری ئەمنیەتی تەواوی ناوچەكە.

زۆرترین بینراو