عەبدولقادر بازرگان: كوردستان لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە زیاتر پێش دەكەوێت

عەبدولقادر بازرگان: كوردستان لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە زیاتر پێش دەكەوێت

دیدار –ڕائیب شێروانی
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" كابینەی نۆیەم كابینەیەكی بەهێزە، لەرووی سیاسیی و ئابوورییەوە كوردستان پێشكەوتنێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، یەكەم كاری ئەو كابینەیە چاكسازی دەبێت، بە چاكسازی ئەو كابینەیە پێش دەكەوێت.
* كابینەی نوێ دەتوانێت چی بكات؟
- كابینەی نۆیەم كابینەیەكی بەهێزە هیوادارم ئەو كابینەیە پێشكەوتنێكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، لەرووی سیاسی، ئابووری، لە هەموو بوارەكان كە هەرێمی كوردستان تێدا پێش بكەوێت، هەروەها پەڕە بە پەیوەندییەكان بدات لەگەڵ بەغدا و هەر دووكیان پێكەوە كار بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە لە نێوانیاندا هەنە چارە بكەن، لە رووی سیاسییەوە پەیوەندیەكی چاكی دەبێت لەگەڵ دنیای دەرەوە، ئەوەش وادەكات كە ئابووری هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، هەروەها دەبێت زیاتر گرنگی بە هەر دوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدات، لەو باوەڕەدام كە یەكەم كاری ئەو كابینەیە چاكسازی دەبێت، بە چاكسازی ئەو كابینەیە پێش دەكەوێت.
* تا چەند گەشبینی كە كابینەی نۆیەم سەركەوتوو دەبێت؟
- وەكو لایەنێكی توركمانی گەشبینین كە وا كابینەی نۆیەم پێشكەوتنێكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و لە هەموو كابینەكانی پێش خۆی بەهێزتر دەبێت، گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە كراوە لە هەموو بوارەكاندا، زۆربەی وەزیرەكان گۆڕدراون، ئەوەش پێشكەوتنێكە بۆ كابینەی نۆیەم و هەرێمی كوردستان.
* لەو كابینەیەدا پێكهاتەكان بەشدارییەكی كارایان هەیە لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەتان بۆ ئەم بەشداریكردنەی پێكهاتەكان چییە؟
- یەكەمین جارە پێكهاتەی توركمان پۆستی زۆر باڵا وەردەگرن، ئەوە سكرتێری پەرلەمان توركمانە، وەزیرێكی هەرێم توركمانە، لەم هەفتەیەدا چەند ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرین، بۆ ئەوەی توركمانەكان لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات، لەو كابینەیەدا هاوبەش بن.
* لە كوردستان پێكهاتەكان بەشدارن لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات، بەڵام لە عێراق و هەتا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە نابینرێت، چی وای كردووە كە هەرێم ئەوەندە گرنگی بە پێكهاتەكان بدات؟
- پێكەوە ژیان زۆر گرنگە، ئەوەش سیمبولی سەرۆك بارزانییە، كەوا سەرۆك بارزانی لە سەرەتای دامەزراندنی هەرێمی كوردستان تەئكیدی لە پێكەوەژیان و پێكهاتەكان كردووتەوە، هەروەها لە بەغدا زۆر بەرگری لە پێكهاتەی توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكە كردووە، ئەوەش پێشكەوتنە كە ئێرە هەرێمی كوردستانە، نەك هەرێمێكی كوردییە.
* ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت چۆن دەتوانن هەوڵ بدەن بۆ سەقامگیریەكی باش لە كوردستان و بە هەر دوولاش خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن؟
- ئۆپۆزسیۆن لە هەموو دەوڵەتێكدا زۆر گرنگە، بەڵام دەبێت ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بێت، بە شتە چاكەكانی حكوومەت بڵێ چاكە، بە شتە خراپەكانیش بڵێ خراپە، لە كابینەكانی پێشوو ئۆپۆزسیۆن رۆڵێكی سلبی هەبووە، هیوادارین لەم كابینەیەدا ئۆپۆزسیۆن رۆڵێكی ئیجابی بگێڕێت، كە بە شتە چاكەكانی حكوومەت بڵێ چاكە و بە شتە خراپەكانیش بڵێ خراپە، بەوەش دەوترێت ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە".

زۆرترین بینراو