عەشقی گەنجان دەكرێتە قوربانی خێلایەتی لەبەر جیاوازی عەشیرەتی ڕێگەیان نەدا بگەینە یەك

عەشقی گەنجان دەكرێتە قوربانی خێلایەتی لەبەر جیاوازی عەشیرەتی ڕێگەیان نەدا بگەینە یەك

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ:
ئەگەر سەیری چیرۆكی ئەو عاشقانە بكەین كەو پێكنەگەیشتوون، دەبینین بەشێكی زۆریان لەبەر جیاوازی خێلایەتی و ناوچەگەرایەتی بووە، هەڵبەت ئەمەش ڕەگ و ڕێشەیەكی كۆنی لەناو كورددا هەیە، وەك ئەو گەنجانە دەڵێن بۆ ئێمە ببینە قوربانی ئەو جیاوازی خێلایەتی یا ناوچەگەرایەتی؟
محەمەد نەوزاد، یەك لەو گەنجانەی لەبەر جیاوازی خێلایەتی نەیتوانی بگاتە مەعشوقەكەی گووتی: من و كچێك یەكترمان خۆشویست و بڕیارماندا ژیانێك بۆ خۆمان دەستەبەر بكەین، بەڵام دوای ئەوەی بە ماڵەوەمان گووت، بنەماڵەی كچ ئامادەنەبوون كچی خۆیان بە من بدەن، وەك ئەوانیش دەیان گووت، لە ڕووی ئەخلاقییەوە هیچ كێشەیەكت نییە، تەنها كێشە ئەوەیە تۆ خەڵكی عەشیرەتێكی تر و ئێمەش كچ بەو عەشیرەتە نادەین.
ئەو گەنجە گووتیشی: زۆرمان هەوڵدا، چونكە بەڕاستی یەكترمان خۆش دەوسیت، بەڵام هەوڵەكانمان بێ سوودبوون، دواتر كچەكە بە زۆر مێردی بە خزمێكی خۆی كرد، بەڵام تا ئێستاش دڵی هەر لەلای منە و منی خۆش دەوێت، تا ئێستاش ئەوان كێشەی خێزانییان لەنێواندایە.
ئافرەتێك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گووتی: هەشت ساڵ من و كوڕێك پەیوەندی خۆشەویستییمان هەبوو، هەرچی كردمان ڕێگەیان نەدا بگەینە یەك، هەڵبەت ئەمەش لەبەر ئەوەی باپیری من و باپیری ئەو كوڕە كێشەی زەوی و زاریان هەبووە، بۆیە ڕێگەیان نەدا بگەینە یەك.

گووتیش: ئەگەرچی هاوسەرگیریم كردووە و خاوەنی سێ منداڵم، بەڵام ئیستاش خۆم بە مولكی ئەو كوڕە دەزانم.
گەلاوێژ خدر، چاوڵاكوان و پارێزەر سەبارەت بەم بابەتە گووتی: بەداخەوە دەبێت دان بە راستیدا بنێین و بڵێین تا ئێستاش لەناو كۆمەڵگای كوردیدا ئەوە باوە كە لەسەر خێلایەتی یا ناوچە گەرایەتی، یان هۆكاری سیاسی ڕێگری لە پڕۆسەی هاوسەرگیری كوڕ و كچان دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی لەپێشتر دیاردەیەك باو بوو، ئەویش دیاردەی گەورە بە بچوكدان بوو، كە دەرئەنجامی خراپی لەسەر ژیانی كچ و كوڕانی خۆمان دروست كردبوو. ئەگەر سەیری لێكۆلینەوە بۆ كێشەی هاوسەران بكەین دەبینین كێشەی زۆری ئەوان لەسەر پێشتر كەسێكی تری خۆشویستووە و ڕیگریان لێكردووە و دواتر بەزۆر مێردی بە كەسێكی تر كردووە، بۆیە ئەم نەریتە كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر كێشەی نیوان هاوسەران یان زۆر جار بۆوەتە هۆكاری لێكجیابوونەوە.
گووتیشی: چیرۆكی وا هەیە دڵی مرۆڤ بۆی دەهەژێت، بەڵام دەبێت گەنجانمان ببنە شكێنەری ئەم نەریتە كۆمەڵایەتییە و چیتر نابێت ڕێگری لە گەنج بكرێت لەبەر هۆكاری خێلایەتی یا ناوچەگەرایەتی، چونكە لەڕووی یاساوە ئەگەر هەردوو لا ڕەزامەندییان دەربڕی ئەوا دەتوانن ژیانی هاوسەرگیری پێكبێنن.

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو