فاتیمە تابلۆ خەیاڵیەكانی بۆ ئازاری ئافرەت دەكێشێت

فاتیمە تابلۆ خەیاڵیەكانی بۆ ئازاری ئافرەت دەكێشێت

"ئافرەت زۆر لەوە بەهێزترە ترسی لە كۆمەڵگاكەی هەبێت بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی"


"زۆربەی وێنە خەیاڵییەكانم باس لە ئازاری ئافرەت دەكەن"


دیمانە/هۆژین شەوكەت_هەولێر
فاتیمە تاهیر فەقێ تەمەن ١٩ ساڵ دانیشتووی شاری هەولێرە، قوتابی قۆناغی سێیەمی زانكۆی سەڵاحەدینە لە بەشی بیركاری، هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ كاری هونەری بە تایبەت وێنەكێشان هەبووە، وەك خۆی باسی لێوە دەكات هەمیشە لە قۆتابخانەكەی وێنەكانی لە پێشانگاكاندا دادەنا بەڵام بە ناوی قۆتابخانەكەوە نەك بە ناوی فاتیمە خۆیەوە ئەمەش بە غەدرێكی زۆر دەبینێت كە بەرامبەری كراوە.
فاتیمە لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجیدا باس لە ئەزموونی كارەكانی خۆی دەكات و لاپەڕەكانی ژیانی هونەری لە ماوەیەكی كم بۆ ئێمە هەڵدایەوە و گووتی" من لە تەمەنێكی زووەوە خولیای وێنەكێشانم هەبووە، هەمیشە لە قوتابخانە وانەی هونەرم بەلاوە خۆشترین وانە بوو، لە ماڵەوە وێنەی سرووشتم دەكێشا و بۆ مامۆستاكەمم دەبرد بەڵام وێنەكان لە ئاستی خۆم بوون واتە لە ئاست تەمەنی خۆم، هەمیشە وێنەكانم جوانترین بوون و مامۆستاكەم وێنەكانی دەبرد و لە پێشانگاكاندا دایدەنا بەڵام هەرگیز نەدەچووم بۆ بینینیان تەنها ئەو دەیبرد و خەدرێكی زۆری لێم دەكرد چونكە بە ناوی قۆتابخانەوە دەیبرد و ناوی منیان نەدەهێنا، تا گەیشتمە قۆناغی ناوەندی ئەوكات وێنەكانم جوانتر بوون بەڵام كم كم دەمكێشان و زیاتر گرنگیم بە خوێندنەكەم دەدا و نمرەكانم بەرز بوون و وازم لە كاری وێنەكێشان هێنا و ئیهمالم كردبوو تا گەیشتمە تەمەنی ١٧ ساڵی، ئەوكات هەندێك هێزی وێنەكێشانم هەبوو وێنەی ئەو ئەكتەرانەی خۆشم دەویستن دەكێشا تا وردە وردە زیاتر دەستی وێنەكێشانم باشتر بوو بە رادەیەك خۆم باوەرم نەدەكرد بەو جیاوازیە زۆرە هەربۆیەش دەستم كردەوە بە وێنەكێشان و لە كاتە بەتاڵەكانمدا وێنەم دەكێشا، بە وێنەكێشانەكەم دەچوومە جیهانێكی تر زۆر پێی ئاسوودە بووم و تا ئێستاش بەردەوامم لەسەری".
گووتیشی" بەشداری هیچ خولێكی وێنەكێشانم نەكردووە هەر وەك حەز و ئارەزوویەك خۆم هەوڵی خۆم دەدا و فێر دەبووم سەیری وێنەم دەكرد و دەمكێشایەوە، سەختە لە كوردستان بیت و هونەرەكەت پیشان بدەیت وەك ئافرەتێك چونكە لە ناوبانگ بوون و دەركەوتندا تووشی چەندین بەربەست دەبیتەوە چەندین كەس بە باش و خراپ دێنە سەر رێگاكەت بەڵام بە رای من ئافرەت زۆر لەوە بەهێزترە ترسی لە كۆمەڵگاكەی هەبێت بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی ئافرەت بەهێزەو دەتوانێت ئەوە ئەنجام بدات كە خۆی دەیەوێت، من هەموو بیرۆكەكان و وێنەكان لە سەیركردنی وێنەكانەوە وەردەگرم و پەرە بە خۆم دەدەم لە تێكەڵكردنی رەنگەكان، زۆر دەگەڕێم بۆ دۆزینەوەی بابەتی نوێ و شێوازی جیاواز، دایك و باوكم پاڵپشتییەكی زۆرم دەكەن بۆ بەردەوامی بوونم و هاندەری سەرەكی من ئەوانن".
سەبارەت بە جۆر و شێوازەكانی وێنەكێشان فاتیمە بە زاری كرمانجی گووت" من زیاتر وێنەی راستەقینەیی دەكێشم، هەندێكیان وەك ئەوەی وێنەگرێك گرتبێتی وایە، من هەمیشە هەوڵ دەدەم باشترین و جیاوازترین بم، هەندێك جاریش وێنەی خەیاڵی دەكێشم زۆربەی ئەو وێنە خەیاڵیانە باس لە ئازاری ئافرەت دەكەن بەڵام وەك حەز من زیاتر ئارەزووی وێنەی راستەقینەی دەكەم، وێنەكێشان بۆمن ئارامی و خۆشی دەگەیەنێت كە تەنها هونەرمەندەكان لەو هەستە تێدەگەن چونكە لە كاتی بێزاری و بێتاقەتیمدا تەنها وێنەكان دەتوانن ئارامم بكەنەوە".
زیاتر گووتی" بۆ كێشانی وێنەیەك نزیكەی ٨ كاتژمێرم پێویستە هەندێك جار كاتی زیاتریشی دەوێت ئەوەش بە گوێرەی وردەكاری و شێوازی وێنەكێشانەكەیە كە لەوانەیە تا ٢٥ كاتژمێر كارم لەسەر وێنەیەك كردبێت، ئێستا سەرقاڵی خوێندنم و هیچ كارێكی تر ناكەم جگە لە وێنەكێشان و سوودێكی زۆرم لەم كارەم وەرگرتووە، بەشداریم لە فیستیڤاڵی زانكۆكاندا كردووە لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا هیچ هەلی وام بۆ نەرەخساوە كە بەشداری لە پێشانگادا بكەم بەڵام هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا پێشانگای تایبەت بە خۆمم هەبێت، ئاواتم ئەوەیە ببم بە باشترین وێنەكێش لە كوردستان و خزمەتی وڵاتەكەم بكەم و زیاتر پەرە بە كارەكانم بدەم دوای تەواو بوونی خوێندنەكەم بەردەوام بم لە كاری وێنەكێشان و بەدیهێنانی خەونەكانم".

 

 

 

 

زۆرترین بینراو