فازڵ میرانی: گەلی کوردستان قوربانیی دابەشبوونی جوگرافییە لە ناوچەکە

فازڵ میرانی: گەلی کوردستان قوربانیی دابەشبوونی جوگرافییە لە ناوچەکە

زاری كرمانجی - کەناڵی "غەد"ی ئاسمانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجام دا کە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنەکە دەربارەی دۆخی هەنووکەییی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆردوومانکردنی خاکی هەرێم لەلایەن تورکیا و ئێران و کێشەکانی ناوچەکە بوو.

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەستپێکی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی دا بەوەی کە گەلی کورد بووەتە قوربانیی جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە، زۆر هەن دەیانەوێ ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان بخنکێنن. هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بچووکە و بووەتە قوربانیی دابەشبوونی جوگرافی، کیشەی ئێمە لەگەڵ برایانمان لە عێراق و هەتا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییش کاتێک باسی مافەکانی خۆمان دەکەین، ئەوەیە کە ئەو تۆمەتە دەکەن کە ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت و، کاتێک ئێمە ڕووبەرووی هێرشێک، یان کەتنیک دەبینەوە، لەم دراوسێ، یان ئەوی‌ تر وا هەست دەکەن کە ئێمە عێراقی نین، کاتێک داوای مافەکانیشمان دەکەین پێویستە عێراقی بین، کاتێک هەڕەشەمان لێ دەکرێت وا سەیرمان دەکەن کە ئێمە گەلێکین لە دەرەوەی عێراقین، ئەمەیە کێشەی ڕاستەقینەی ئێمە.''

دەربارەی دەستدرێژیییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: "هەر دەستدرێژییەک، یان دوژمنانکارییەک بە حوکمی مەنتیق و بە حوکمی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپی دەستێوەرنەدانی کاروباری وڵاتانی تر و پەیوەندییە باشەکانی دراوسێیەتی، کارێکی مەقبووڵ نییە، ئەگەر کوردستان تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە بێ قووڵاییی عێراق و عێراقیش بێ قوڵاییی عەرەبی تا قووڵاییی نیودەوڵەتی و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، ئەم کارە لە سەروو تواناییی هەرێمدایە.''

دەربارەی گردبوونەوەی هێزی ئێرانی لەسەر سنووری هەرێم میرانی وەڵامی دایەوە: "ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوونی سیاسیی لەنێو هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان جیگیرە هەر لە ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٥ــوە لەسەر هێڵی سنووری لە نێوان هەریمی کوردستان و تورکیادا، ڕێککەوتن لە نێوان حکوومەتی بەغدا و هەردوو وڵاتانی دراوسێ کراوە لە بارودۆخێکدا کە عێراق پێویستی بەم ڕێککەوتنانە هەبوو، ئەوەی سەیرە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ و لە دوای گۆڕینی ڕژێم پێویستی بەم ڕێککەوتنانە نەبوو، تەنیا وڵاتانی دراوسێ سوودیان لێ دەبێنی نەک عێراق و لەسەر حکوومەتی عێراق پێویست بوو، لەدوای ٢٠٠٣ ئەم ڕێککەوتنانە هەڵبوەشێنێتەوە، یان چاوخشانێکیان پێدا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق زەرەرمەند نەبێت، هەروەک چۆن ئێستا زەرەری هەیە بە حوکمی ئەم ڕێککەوتنانە."

هەرێمی و کوردستان و ناکۆکییەکانی بەغدا

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە سامان و داهاتەکان، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ئێستا لە ئاستی خراپتریندا نییە، چونکە حاڵاتی خراپترمان دیتووە لەوەی کە ئێستا هەیە، هەروەها کۆتا سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەغدا، هەرێم و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن لە ٢٠٠٧ و تا ئێستا، بەڵام ناکۆکی هەن، ئێمە و پابەندین بە هێزی مەنتیق و برایەتی لە بەغدا، لە جۆراوجۆریی سەرۆکی حکوومەتەکان پشتیان بە مەنتیقی هێز بەستووە، تەمەنا دەکەم لە برام کازمی لەسەر هەمان ڕێچکە نەڕوات، بێگومان مەنتیقی هێز مەنتقی کاتییە، بەڵام هێزی مەنتیق هێزیکی هەمیشەییە، ئێمە ئێستاش ئامادەی ڕێککەوتنین و هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەند بووە لەسەر پشکی زۆری داخوازییەکانی بەغدا، بەڵام پرسی مووچە و پەتای کۆرۆنا هەموو هاوکێشە ئابوورییەکانی جیهانی گۆڕی، تا کاتێکی نزیکیش حکوومەتی بەغدا نەیدەتوانی مووچەکانی مانگی حوزەیران خەرج بکات، چۆن هەریم داخوازی ئەوەی بکات مووچەی فەرمانبەرەکانیان خەرج بکات؟ سەرەڕای ئەمەش، ئەم پرسە پرسێکی عێراقییە و، ئەم پرسە پارچە پارچە دەبێ لە ناوەندەوە بۆ حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی پێویست بگریتە بەر بۆ کەمکردنەوەی مووچەکان، یان گەڕان لە قەرزی ناوخویی و دەرەکی، یانیش ئەوەی لە توانادا بێت لە یەدەگی بانکی مەرکەزی بکێشێتەوە، ئەمەش کارێکی قورسە بەپێی ڕێکارە دارییەکان، کێشەکە تەنیا عێراق نییە، بەڵکو زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵن، هەر بۆ زانینیش نەوت ڕۆژانە هەناردەی بەندەری جیهان لە تورکیا دەکرێت و حکوومەتی بەغدا ئاگاداری وردەکارییەکانە تا یەک لیتریش هاوردە دەکرێت، دەربارەی هەناردەکردنی نەوتیش میرانی دەڵێ، ڕێککەوتنە، لەم دواییانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا هەر دوولایەن گەیشتوونە بەم جۆرە بڕیارە."

بەغدا و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان

هەر دەربارەی ئەو هاوکارییانەی حکوومەتی ناوەندی پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، میرانی دەڵێت: ''بەپێی لێدوانەکانی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزیری تەندروستیی بەغدا بۆ هەرێم و بەپێی زانیارییەکان، ئەوەی لە بەردەست بووە بۆ هەرێمیان ناردووە، چونکە دەبێ ئێمەش تواناکانی بەغدا لەبەرچاو بگرین، ئەو شتانەی کە لە بەغدا دەخوازین دەبێ لە چوارچێوەی ئەوەی هەیەتی لە کەلووپەلی پزیشکی و بوودجەی تەرخانکراو داوایان بکەین. هەرێم لەم پشکە دەستنیشانکراوەی تواناکان و گوژمە داراییە تەرخانکراوەکان بۆ پەتای کۆرۆنا مەحرووم نییە. بەڵام ئەو پرسیارەی دەکرێ پرسیارێکی شموولییە، ئەویش ئایا عێراق و هەرێمی کوردستان سەلامەتن، لە ئامیرە و کەلووپەلی پزیشکی و سامانی داراییی تەرخانکراو بۆ ئەم پەتایە؟ بە بۆچۆنم نەخێر.''

دەربارەیی ناکۆکیی مێژووییی نێوان لایەنەکانی کوردستان، پارتی و یەکێتی، فازڵ میرانی دەڵێت: ''زۆر بەداخەوە مێژووی گەل و وڵاتان پڕن لە کێشەی لەم شێوەیە، ئەوەی لە ڕۆژانی عەبدوڵڵا سەلال لە یەمەن ڕووی دا و لە لوبنانیش و ئەوەی ئێستا لە سووریا و یەمەنیش ڕوو دەدەن، هەروەها لە ئەمەریکاش لە سالی ١٨٦٢. تەمەنا دەکەم لە هیچ وڵاتێکی تر دووبارە نەبێتەوە، چونکە شەڕ میللی و کوشتاری نێوخۆیی لەبەر ئەم هۆکارانە ڕوو دەدەن، جووڵانەوەی کوردیش پشکی هەبووە لەم جۆرە کوشتارە خراپە، چ لەبەر هۆکاری نیوخۆیی، یان هۆکاری دەرەکی و هەرێمی بێت، چونکە دوورپێچ کراوین، وەک ئاماژەم دا ئێمە قوربانیی جوگرافیی سیاسین، لەوانەیە وڵاتانی هەرێمی هەندێک جار بەنزینیان بە ئاگردا کردبێت، هیوادارم سەرکردە کوردەکان پەند لە ڕابردووی خۆیان وەربگرن و نەبنە دیلی دوێنێ و واقعی ئەمڕۆش لەبەرچاو بگرن و بەرەو سبەێنێی باشتری خزمەتگوزاری بۆ گەلەکەیان بچن."

گەلی کورد و سەربەخۆیی

دەربارەی ئارەزوو، یاخود ئارەزوونەبوون بۆ سەربەخۆیی، میرانی گوتی: "لەنێو کورددا کەسانێکی کەم هەن ڕازین بەوەی بەدەستمان هێناوە، ئەوان لەو بڕوایەدان ئەمە کیفایەتە، چونکە گەلان ئاواتیان هەیە و مافیان هەیە و لەم خاڵە نابێ هیچ کوردێکی وەفادار بۆ گەلەکەی بێئاگا بێت، چونکە مافی چارەیخۆنووسین و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بۆ خەڵکانی تر حەڵاڵ بێت و بۆ گەلی کوردیش حەرام بێت، زۆربەمان بڕوامان بە ئایینی ئیسلامە قسەیەکیش هەیە دەڵێ، (لایۆمن احدكم حتی یحب ڵاخیه ما یحب لنفسه) ئایا ئومەتی عەرەبی و ئیسلامی کوردیان قبووڵە، هەر وەک چۆن بۆخۆیان ئوممەی عەرەبی دابەش کراوە لەسەر ٢٢ وڵات و هەندێک لەم وڵاتانە هێندەی قەبارەی یەک پارێزگای هەرێم نییە؟

کەرکووک و چارەسەری کێشە

دەربارەی ناکۆکی لەسەر کەرکووک گوتی: "کێشەمان لە کەرکووک ماددەی ١٤٠ نییە، کێشەمان عەقڵیەتی دەسەڵاتداریی عێراقە هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئیستا، کێشەمان ئەوەیە نەبوونی عەقڵیەتێک لەوە تێ بگات کە چارەسەری نەتەوەیی ڕەگ و ڕیشاڵ و مێژوو و زمان و جوگرافیا و ئابووریی خۆی هەیە لە باوەشی وڵاتی عەرەبیدا ئەگەر دەربڕینەکە دروست بێت، تەمەننام لە برایان دەکرد، دەستپێشخەر بن لە چارەسەری دۆزی کورد و دانپێنانی کورد و مافەکانیان، ئەمەیە بابەت و بۆیەش ماددەی ١٤٠ و کەرکووک دەرەنجامی ئەم عەقڵیەت و ئەم جۆرە ڕاڤەکردنەیە. ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، کوردەکان تەنیا بۆ خۆیان دانەڕشتووە، بەڵکو یاسادانەرەکان ئەوەیان داڕشتووه، گەلی عێراق دەنگیان لەسەری داوە، هەندێک دەنگ بەزر بوونەتەوە ئەم ماددەیە ماوەی بەسەر چووە و خستیانە پرسی یاساییەوە، لە کاتێکدا ئەم ماددەیە ناکەوێتە پرسی زەمەنییەوە، چونکە دەسەڵاتی جێبەجێکار کەمتەرخەمییان کردووە لە جێبەجێکردنی ئەم بەندە، یانیش ئەم یاسایە لە دەستووری عێراقدا.

کەرکووک و پێشمەرگە

دەربارەی کۆنترۆڵکردنی کەرکووک و دەوربەری لەلایەن پێشمەرگەوە لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، فازڵ میرانی دەڵێت: ''پێشمەرگە بەزۆر کۆنترۆڵی کەرکووکی نەکردووە، ئەم چەمکە نەرێنییە، هێزەکانی عێراق لە کەرکووک کشانەوە و لەوانە بوو داعش کۆنترۆڵی کەرکووک بکا، ئەگەر شکۆی هێزەکانی پێشمەرگە نەبووایە و بەرگرییان لێ نەکردبا، ئەوانەی تێیدان، لە کورد و عەرەب و ئەرمەن و ئاشوور لەنێو دەچوون، ئەمە پرسێکی مێژووییە، شاهیدیش هەن. خەڵکی کەرکووکیش شاهیدی لەسەرم ئەمە دەدەن، ئەوەی لە ٢٠١٧ ڕووی دا بابەتێکی ترە. ئێستا ئێمە وەک کورد ڕازین بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ڕاپرسییەکی عادیلانە بکرێت بە سەرپەرشتیی دەستە هاوبەشەکانی ڕێکخراوە جڤاکی و سڤیلەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان. خەڵکیش ئازادە ئەگەر زۆرینەی خەڵکی کەرکووک ویستیان سەر بە حکوومەتی عێراق بمێننەوە، ئەوە مافی خۆیانە، ئەگە بابەت ئەوەیە کە کەرکووک شاریکی نەوتیە، لە ڕاستیدا کورد چاویان لەسەر یەکگرتنی جوگرافیاکەیانە، نەک لەسەر ژێر ئەردی جوگرافیا و کانزا و داهاتەکان.''

دەربارەی ئەوەی کە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر کوردستان بەبێ داهاتەکان، میرانی دەڵێ: "مافم نییە ئەم بڕیارە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان و پیکهاتەکانی کورد و عەرەب و ئاشووری و ئەوانی تر و سەرکردایەتیی کوردستان بدەم. لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەریمی کوردستان دەکات بۆ گەڕان بەدوای چارەی هەموو پرسەکاندا، لەوانەیە ڕێزدار سەرۆکوەزیران لە یەک سەردانیدا بکەوێتە نێو ئەم ڕێککەوتنە، چونکە هەموو ڕێککەوتنەکان دەبێ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ڕەزامەند بن لە سەریان، عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئایین و ئایینزا و تایفەیە و سیستەمی حوکمڕانیی عێراق سیستمێکی پەرلەمانییە، ئەمەش ئاڵۆزی دروست دەکات، ئەگەر پێش ٢٠٠٣ ڕێک کەوتباین لەوانەیە ئەم ڕێککەوتنە سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی بەغدا کردبایەتی. بەڵام ئیستا بارودۆخ و کاودان جیاوازن لەو عێراقەی ئەوکاتە."

زۆرترین بینراو