فاكاڵتی یاساو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان ناوەكەی دەگۆڕدرێت

فاكاڵتی یاساو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان ناوەكەی دەگۆڕدرێت

محەممەد مەحموود  
بە فەرمانی زانكۆیی، كە رۆژی ١٢-٢-٢٠١٩ دەرچووە ،لە گەڵ فەرمانی وەزاری كە لە رۆژی ٧-٤-٢٠١٩ دەركراوە و واژووی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە، پەیكەری فاكەڵتیی یاسا و پێیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران داڕێژراوەتەوە و دوو بەشی نوێ دەكرێنەوە.
لەم بارەیەوە د. هێمن میرانی راگری فاكەڵتی یاسا و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆزاری كرمانجی گووتی" بە گوێرەی هەردوو فەرمان، ناوی فاكەڵتیی ناوبراو دەگۆڕدرێ بۆ فاكەڵتیی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن و، بەسەر دوو سكوڵدا دابەش دەبێ. یەكەم سكوڵی یاسا و زانستە سیاسییەكان، كە لە دوو بەش پێكهاتووە بە ناوەكانی بەشی یاسا، بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. دووەم: سكوڵی بەڕێوەبردن، كە لە دوو بەشی نوێ پێكهاتووە و بریتین لە بەشی كارگێڕی كار و بەشی ژمێریاری.
میرانی لە درێژەی لێدوانەكەیدا،گووتیشی: پێشتر بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە لەمەولا ناوەكەی دەبێتە بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە زمانی ئینگلیزی دەستپێكرابوو، ئێستا تا قۆناغی چوار قوتابی هەیە. جگە لەوەی ئەم بەشە بەردەوام دەبێ لە سیستەمی ئینگلیزی، بەشە نوێیەكانی دیكەش لە سكوڵی بەڕێوەبردن، هەموو بابەتەكانی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێن.
كۆكردنەوەی ئەو بەشە جۆراوجۆرانە لە چوارچێوەی دوو سكوڵ و لە یەك فاكەڵتییدا، هەوڵێكە بۆ یەكخستنی ئەو بەشانەی لە یەكتر نزیكن، هاوشێوەی زانكۆ دیارەكانی دونیا، بە تایبەت كە لە ساڵی نوێوە زانكۆی سۆران بۆڵۆنیا پرۆسێس جێبەجێ دەكات و پرۆسەی وانەگوتنەوە و بەشداری قوتابی و شێوازەكانی تاقیكردنەوە و نمرە دابەشكردن، هاوشێوەی زانكۆكانی ئەورووپا دەبێت.
سەبارەت بە ئینگلیزی كردنی ئەو بەشانەش،هێمن میرانی گووتی" ئاشكرایە كە زمانی ئینگلیزی بۆتە یەكێك لە پَداویستییە هەرە سەرەكییەكانی كاركردن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بە تایبەت بۆ ئەوانەی لە بوارەكانی سیاسەت و دیبلۆماسی، بەڕێوەبردنی كار و ژمێریاری كاردەكەن. بۆیە ئەو سێ بەشە تەواوی وانەكانیان بە زمانی ئینگلیزی دەبن و پێویست وایە ئەو قوتابییانەی دەیانەوێ لەو بەشانە بخوێنن، ئاستی زمانی ئینگلیزیان گونجاو بێ بۆ ئەوەی لە ناو زانكۆ رووبەرووی كێشەی زمان نەبنەوە.
لە كۆتایی لێدوانەكەشیدا، میرانی ئاماژەی بەوەكرد" قوتابییان لە ساڵی نوێدا دەتوانن لە رێی وەرگرتنی ناوەندییەوە، داوای هەردوو بەشە نوێیەكەی سكوڵی بەڕێوەبردن بكەن، كە تەواوی وانەكانی بە زمانی ئینگلیزی دەبێ و سیستەمی بۆڵۆنیا پرۆسێسیان بە تەواوی تێدا جێبەجێ دەكرێ ، هەموو ئامادەكارییەكی پێویست بۆ ئەم مەبەستە كراوە.

زۆرترین بینراو