فراكسیۆنی پارتی: له‌ ئاست هه‌ڵمه‌تی نوێی ته‌عریب ده‌سته‌وه‌ستان راناوه‌ستین

فراكسیۆنی پارتی: له‌ ئاست هه‌ڵمه‌تی نوێی ته‌عریب ده‌سته‌وه‌ستان راناوه‌ستین

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌هۆی هه‌ڵمه‌تی دووباره‌ ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و به‌تایبه‌تیش گوندی په‌ڵكانه‌ی سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئاست هه‌ڵمه‌تی گۆڕینی دیمۆگرافی ده‌سته‌وه‌ستان راناوه‌ستن.

ئه‌مڕۆ سێشممه‌، 15ی ئایار/ مایۆی 2019، ژماره‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌بی هاورده‌، به‌ پشتیوانی به‌شێك له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و سوپا، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌ كورده‌كانی گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان، له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك و هه‌وڵی داگیركردنی ماڵه‌كانییان داوه‌.

فراكسیۆنی پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، وڵات به‌ قۆناغێكی سیاسی سه‌ختدا تێپه‌ڕده‌بێت و ناوچه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، بۆیه‌ پێویستی به‌ به‌هێزكردنی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور هه‌یه‌.

دووپاتیش له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، نابێت هه‌ڵه‌كانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی رووخاو دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌نجامی كاره‌ساتباریان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافیا به‌رده‌وامه‌ له‌ گونده‌كانی كه‌ركووك له‌لایه‌ن پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی, به‌تایبه‌تیش له‌ په‌ڵكانه‌ و سه‌رگه‌ڕان و 16 گوندی دیكه‌ ناوچه‌كه‌”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ شۆڤینیانه‌ ده‌كه‌ین و به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی له‌سه‌ر بناغه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی عێراق وه‌سفی ده‌كه‌ین”.

فراكسیۆنی پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات به‌رپرسیارێتی خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن له‌ ئاست ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوور و عێراقی نوێ یه‌كناگرنه‌وه‌.

هاوكات فراكسیۆنی پارتی، پشتیوانی خۆیشی بۆ خه‌ڵكی گونده‌كان دووپات ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری ده‌گرنه‌به‌ر و له‌ئاست ئه‌و سته‌مه‌ی له‌ خه‌ڵك ده‌كرێت ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستن.

زۆرترین بینراو