فرۆشیارەكان هۆكاری بەرز بوونی نرخی شتوومەكن لە مانگی رەمەزان

فرۆشیارەكان هۆكاری بەرز بوونی نرخی شتوومەكن لە مانگی رەمەزان

موڕشید برادۆستی – سۆران : مانگی رەمەزان بە یەكێك لە پیرۆزترین مانگەكان لای موسڵمانان ئەژمار دەكرێت ، ساڵانە لە گەڵ هاتنی ئەم مانگەی، جموجۆڵی بازاڕ گەرم و گوڕی بەخۆیەوە دەبینێت و بەهۆی زۆری خواست لەسەر شت و مەك نرخیان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
هاووڵاتییەك دەڵێت " بەشێكی زۆری فرۆشیارە موسڵمانەكان خۆیان هۆكاری گران بوونی پێداویستییەكانی بازاڕن بە تایبەت لەو مانگەدا. مامۆستایەكی ئاینیش هێما بۆ ئەوە دەكات " خودا و پێغەمبەری ئیسلام نەهیان لەو كەسانە كردووە كە هەوڵی گران كردنی شتوومەك و پێدوایستی لە بازاڕ دەدەن" .
سولێمان عەباس هاووڵاتییەكی بەتەمەنی دانیشتووی سۆرانە بە زاری كرمانجی گووت " بەداخەوە بەشێكی زۆری دوكاندار و بازرگانەكان كە موسڵمانیشن ئەو شتوومەك و پێداویستییانەیان گران كردووە كە خواستی زۆری لەسەرە، وەك خورما، مریشك، شیرینەمەنی و زۆر پێداویستی تری خواردن و خواردنەوە، لە هەموو وڵاتان كە موسڵمانیش نین بۆ رێز گرتن لەم مانگە نرخی پێداویستییەكانی خواردن و خواردنەوە دادەبەزێنن، پێویستە حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكان سزای توندی ئەو كەسانە بدەن كە كەل و پەل و پێداویستی لەسەر خەڵك گران دەكەن".
بەشیر محەمەد، پێشنوێژ و ووتار خوێنی مزگەوتی مجێسەر لە سنووری ئەوقافی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند "
گران كردنی نرخی شتوومەك و پێداویستی لە سەر خەڵك پێچەوانەی شەریعەتە، چونكە پێغەمبەرمان دەفەرموێت : هەر كەسێك شت گران بكات ئەوە بەهەڵە چووە و گوناهی ئەنجام داوە.
ئەو كەسانەی لە مانگی پیرۆزی رەمەزان شت گران دەكەن ئیمانداری ڕاستە قینە نین و سنووری خودایان بەزاندووە و باچاوەڕێی سزای خودا بكەن، لە فەرموودەیەكیتر هاتووە : هەركەسێك قۆرخكاری بكات یان شت گران بكا بەسەر موسڵمانان خوای گەورە تۆڵەی لێدەكاتەوە بەوەی تووشی نەخۆشی و ئیفلاس بوونی دەكات.
بۆیە پێویستە لەسەر بازرگانەكان و دوكاندارەكان لەم مانگە بۆ چەند دینارێك خودا لەخۆیان توڕەنەكەن و شت بەسەر خەڵكی گران نەكەن ".
لە لای خۆشیەوە، مولازم رێبوار محەمەد بەرپرسی لیژنەی ئابووری قائمقامییەتی قەزای سۆران لە لێدوانێكیدا بە زاری كرمانجی راگەیاند" دڵنیای دەدەینە هاووڵاتییانی دەڤەرەكەمان ناهێَڵین بازرگان و دوكاندارەكان بازاڕ قۆرغ بكەن و نرخی كەل و پەل و پێداویستی گران بكەن، بەتایبەت خواردن و ئەو شتانەی هاووڵاتییان لەمانگی رەمەزان رۆژانە بەكاری دێنن".
زیاتر گووتی " رۆژانە بە ئەندامێتی تەواوی دام و دەزگا حكومییەكان چاودێری ووردی بازاڕ دەكەین و هەر كەسێك سەرپێچی بكات و پێداویستی لە نرخی خۆی زیاتر بفرۆشێت ئەوا بێگومان سزای توندی یاسایی دەدەین و سەرەڕای سزای ماددی ئەوان ، دوكان یا شوێنەكەشی پێ دادەخەین" .
بەرپرسی لیژنەی ئابووری سۆران ئاشكراشی كرد " لە ئێستادا رێنمایمان بە دوكان و ساردەمەنییەكان داوە، ئەو شەربەت و شیرینیەمەنیانەی كە دەستكردن و لەسەر شەقام یا لە دووكانەكانیان دەفرۆشن دەبێ لۆگۆ و زانیاری ئەو شوێنەی لەسەر بێت كە دروستی كردووە و بەپێچەوانەوە ناهێڵین بیانفرۆشن، چونكە ئەگەر زانیاری شوێنەكەی لەسەر نەبێت لە كاتی رووداوی نەخوازراو یا نەخۆش كەوتنی هاووڵاتییان بەهۆی ئەو شیرینی و شەربەتە ناتوانین ئەو كەسانە سزا بدەین كە دروستیان كردووە" .

 

زۆرترین بینراو