فیل داوای گەڕانەوەی كۆتینیۆ دەكات

فیل داوای گەڕانەوەی كۆتینیۆ دەكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: فیل تۆمپسۆن، ئەفسانەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی داوا لە كارگێڕی یانەی رێدز دەكات، فیلیپی كۆتینیۆی یاریزانی بەڕازیلی بگەڕێننەوە یانەكەیان.
لە مێركاتۆی زستانەی 2018 دوای بگرەو بەردەیەكی زۆر، كۆتینیۆ بە گرێبەستێكی گرانبەها لە لیڤەرپوولەوە چووە ریزەكانی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بەڵام نەیتوانی لەگەڵ ئەو یانەیە سەركەوتوو بێت، بۆیە بەرشە بە خواستن دایە بایرن میونشنی ئەڵمانی و بە كۆتایی هاتنی ئەم وەرزە پێویستە بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە، بەڵام وادیارە یانەی كەتەلۆنی سوورە لەسەر فرۆشتنی كۆتینیۆ، هەر بۆیەش چەند یانەیەكی پرێمەرلیگ هەوڵ دەدەن یاریزانە بەڕازیلییەكە ببەنە ریزەكانیان.
لە كاتێكدایە كە بەرپرسان و راهێنەری لیڤەرپوول پێیانوایە پێویستییان بە گەڕانەوەی كۆتینیۆ بۆ ریزەكانی تیپەكەیان نیە، فیل تۆمپسۆن بەپێچەوانەی ئەوان بیردەكاتەوەو لەو بڕوایە دایە لیڤەرپوول بۆ وەرزی داهاتوو زۆر پێویستی بە یاریزانێكی وەك كۆتینیۆ دەبێت.
تۆمپسۆن، گوتی" ئەگەر لیڤەرپوول پێویستی بە درووستكەرێكی یارییە، بۆچی كۆتینیۆ ناگەڕێنێتەوە كە بەڕاستی یاریزانێكی زۆر باشە، لیڤەرپوول بۆ وەرزی داهاتوو زۆر پێویستی پێدەبێت".
ئەو یاریزانەی پێشووی لیڤەرپوول، لە درێژەی قسەكانیدا لەسەر كۆتینیۆ، گوتی" بیرتانە كۆتینیۆ لە لیڤەرپوول ئاستێكی چەند نایابی پێشكەش دەكرد، ئەو هێشتا تەمەنی بچووكە، پێویستە لیڤەرپوول لە بەرشەلۆنە وەریبگرێتەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات هاوسەنگییەكی زۆر دەخاتە هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەمان".

زۆرترین بینراو