فەرمانبەر و نەبوونی مووچە، بۆچوونێكی یاسایی

عەبدوالقادر صالح

زۆرجار ئەو پرسیارەمان ئاراستە دەكرێت كە ئایا فەرمانبەر كاتێك مووچەكەی دوادەكەوێت ، پابەندە بە دەوامكردن، یان دەتوانێت بە ویستی خۆی دەوام بكات؟
لەسەرەتای ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی ئابووری سەخت بوویەوە كە بەهۆیەوە نەیتوانی مووچەی فەرمانبەران بدات ، تائێستاش قەیرانەكە بەردەوامە و حكومەت چەندین مانگ مووچەی فەرمانبەرانی لایە كە دەوامیان كردووە بەلام موچەیان وەرنەگرتووە و لە هەمانكاتیشدا بڕێكی زۆریش مووچەی دیكەی فەرمانبەرانی لایە بە ناوی پاشەكەوتەوە ، ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی كە كاریگەری لەسەر شكۆی دائیرە و زەبتی ئیداری دروست ببێت و جۆرێك لە شلگیری و دەوامنەكردن روو لە فەرمانگەكانی حكومەت بكات . لە خوارەوە چەند سەرنجێك تۆمار دەكەین:
یەكەم: چارەسەری قانونی ئەم بابەتە و رێكخستنەوەی دەوام بە گوێرەی ئەم واقیعە و بەشێوەیەكی یاسایی كارێكی ئەستەم و مەحاڵە، چونكە ئەم جۆرە بابەتانە لەسەر بنەمای یاسا رێكدەخرێتەوە كە هیچ یاسایەك گریمانەی ئەوەی نەكردووە حكومەت بەم جۆرە بكەوێتە ژێر قەرز و مووچەی دەیان مانگی فەرمانبەرانی بەسەردا كەڵەكە ببێت، بۆیە كاتێكیش گریمانەی واقیع نەكراوە لەرووی یاساییەوە ، بە هەمان شێوەش حوكمی یاسایی لە بارەوە نیە، چونكە قاعیدەی قانونی لە گریمانە و حوكم پێكدێت كە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ئێمە هیچ قاعیدەیەكی قانیمان نیە.
دووەم: لەسەر بنەمای خاڵی یەكەم، حكومەت چۆنی ویستووە بەو جۆرە مامەڵەی كردووە، نەگەراوەتەوە بۆ یاسای پەیوەندیدار بە تایبەت لەرووی مووچەو مافە یاساییەكانی فەرمانبەرانەوە، لەبەرامبەریشدا و بە هۆی دەستەوسانبوونی حكومەت لە ئەنجامدانی ئەركەكانی سەرشانی ، بە هەمان شێوەش جۆرێك لە شلگیری و دەوام نەكردن دروست بووە لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەتدا كە ئەمەشیان هیچ سەنەدێكی قانونی نیە.
سێهەم: حكومەت بە سود وەرگرتن لەو یاسا و ماددە یاساییانەی كە دەسەلات و سەروەری پێداوە، بڕیار دەدات و كاروبارەكان رێكدەخات، بێ ئاوڕدانەوە لە تای بەرامبەری ترازووەكەش كە مافی فەرمانبەران و پابەندییەكانی سەرشانیەتی بەرامبەر فەرمانبەران، كە لەم كاتەدا حوكمی یاسای سەردەمی ئاسایی جێبەجێ دەكات بەسەر واقیعێكی نائاساییداو دواجار ترازووەكە بە زیانی فەرمانبەر و دەربازبوونی حكومەت لە پابەندییە یاساییەكان كۆتایی دێت.
چوارەم: بەردەوام بوونی واقیعەكە بەو جۆرەی باسمان كرد، پەرلەمانی كوردستان دەخاتەوە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و یاسایی، كە ئەویش تەواو دەستەوسانە لە بینینی ئەو رۆڵەی یاسا پێیداوە چ بۆ لێپرسینەوەی حكومەت و چ بۆ زەمانەتكردنی مافی یاسایی فەرمانبەران.
لەسەر بنەمای ئەوەی پێشەوە باسمان كرد، حكومەتداری لە هەرێمی كوردستان خۆی لە بۆشاییەكی یاساییدا دەبینێتەوە كە چارەسەری یاسایی نیە و هیچ زەمانەتێكیش بۆ پاراستنی مافەكان لە ئارادانیە، بە شێوەیەكی گشتی ، دۆخێكە كە یاسا تیایدا غائیبە و ئەوەی هەیە و دەگوزەرێت حوكمی واقیع بەرێوەی دەبات نەك لۆژیكی یاسا. كە بێگومان ئەمەش ئاسەواری خراپ دەخاتەوە چ بۆ فەرمانبەران و چ بۆ حكومەت كە چارەسەركردنیان لەرووی یاساییەوە مەحاڵ دەبێت لە داهاتوودا، لەبەر ئەوەی لە ئەسڵدا یاسایەك دۆخەكەی رێكنەخستووە ، تا دواجار بۆ چارەسەركردنی بۆی بگەڕێینەوە .

 

زۆرترین بینراو