فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد بۆ زاری كرمانجی: بۆ دوور خستنەوەی شەڕ سەرقاڵی درووستكردنی سەنگەرین

فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد بۆ زاری كرمانجی: بۆ دوور خستنەوەی شەڕ سەرقاڵی درووستكردنی سەنگەرین

فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوورد بە زاری كرمانجی گووت" خەریكی رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەین و لە ماوەیەكی نزیكدا هێزەكانمان دەچنە كەمپی مەشق و راهێنان" هەروەها گووتیشی " ناوی ئەو پێشمەرگانەمان بە لیستێك ئامادە كردووە كە پێویستە خانەنشین بكرێن و ئەو پێشمەرگانەشی كە پێویستە پلەكانیان بەرز بكرێتەوە تۆمار كراوە و كاری لەسەر دەكەین".
لە بارەی بوونی هێزەكانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكان گووتی " پەكەكە لەگەڵ توركیا نزیكەی 30 ساڵە كێشەیان هەیە و گۆڕەپانی سیاسی ئەوان دیارە، بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی خۆیان هەرێمی كوردستانیان كردۆتە مەیدانی شەڕ، ئەمەش بووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ گوندنشینانی سەر سنوور و قوربانی سەرەكی هاووڵاتییانی سڤیلن، خەریكی داڕشتنی پلانێكین بۆ دوور خستنەوەی ئەو شەڕە سەرقاڵی درووستكردنی سەنگەری نوێین لە ناوچە سنوورییەكان و شوێنە ستراتیژییەكان".
لیوا بەهرام عەریف یاسین گووتیشی " ئێمە شەڕ لەگەڵ هیچ كەسێكدا ناكەین، تەنیا ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵكی خۆمان دەپارێزین، ئەوەی ئێستاش دەیكەین لە چوارچێوەی پاراستنی ئەمنییەتی كوردستانە، بەڵام ئەگەر چەكدارانی پەكەكە كێشە بۆ خەڵكی ئێمە دروست بكەن و داخلی گوندەكان ببن و ئارامی تێكبدەن، بەهیچ شێوەیەك قبوول ناكەین و رێگریان لێدەكەین".
لە بارەی ئەو هێزە دەمامكدارەی ماوەیەك بەر لە ئێستا لە دەڤەری برادۆست خۆیان راگەیاند، لیوابەهرام گووتی" ئەو گڕووپە دەمامكدارە لە رێگەی سوشیال میدیاوە ڤیدیۆیەكیان بڵاو كردەوە و تێدا بە چەكەوە و دەم و چاوی داپۆشرای هەڕەشەیان لەخەڵك دەكرد بە كوشتن و راوەدوونان و چاودێری كردن، بێگومان سیاسەت و كاری ئەوان دەچێتە چوارچێوی كاری تیرۆرستی لەهەر شوێنێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگادار كرایەوە لەم بارەیەوە رێكاری سەربازی توندیان بەرامبەر دەگرینەبەر".
لە بارەی ئەگەری سەرهەڵدانی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی حەشد فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوورد گووتی" حەشدی شەعبی مەترسییەكی تەواون بۆ داهاتووی هەموو عێراق نەك تەنها كوردستان و هێزی پێشمەرگە، كورد و پێشمەرگە شەڕ فرۆش نین، بەڵام هەر هێزێك بییەوێ لە رێگای توند‌وتیژی ئیڕادەی خۆی بەسەر ئێمەوە بچەسپێنێت وەڵامێكی توندمان دەبێت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزەری یەكەمی كوردستان و سنوورەكانە، رێگا نادەین بە هیچ شێوەیەك تیرۆرستانی داعش و حەشدی شەعبی یا هەر گڕووپ و هێزێكی تر ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵكی ئێمە بشێوێنێت، لە ئامادە باشیداین بۆ هەر رووبەڕووبونەوەیەك".

 

زۆرترین بینراو