فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد: هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکمان لەگەڵ پەکەکە نابێت

فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد: هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکمان لەگەڵ پەکەکە نابێت

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: ماوەی چەند رۆژێكە هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان جولەیان پێكراوە، ئەمەش دڵەڕاوكێ و ترسی هەڵگیرسانی شەڕی لای دانیشتوانی دەڤەرەكە درووست كردووە، بەرپرسێكی باڵای سەربازیش هۆكاری چوونی ئەو هێزە بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات .
لیوا بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد بە زاری كرمانجی راگەیاند" ماوەیەكە بۆشایەكی ئەمنی زۆر لە ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان دروست بووە، ئەمەش وایكردووە خەڵك و گوندنشینان لە دۆخێكی نائارامدا بژین، بەمەبەستی باشتر پاراستنی سنوورەكان و دوور خستنەوەی ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانە، پێمان باش بوو خاڵە سەربازییەكانمان ببەینە پێشتر".
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگۆرد دەڵێت" مەبەستی ئێمە لە چاككردنی سەنگەرەكان و جوولەی هێزی پێشمەرگە لە سیدەكان بۆ دابینكردنی ئەمنییەتی گوندشنینان و پارێزگاری لە سەر و ماڵی هاووڵاتییان و تۆكمە كردنی سنووركانمانە تا چەكدرانی پەكەكە و هیچ هێزێكی دیكە نەتوانن ئەم ناوچەیە بكەنە مۆڵگەی شەڕ و پێكدادانی خۆیان لەگەڵ توركیا، چونكە لە ئەنجامی شەڕی پەكەكە پێكدادانەكانیان لەگەڵ توركیا نزیكەی 120 گوندی سیدەكان چۆڵ كراون و خەلكەكەی ئاوارەی سۆران و شارەكانی دیكەی كوردستان بوونە".
بەهرام عەریف یاسین دووپاتی كردەوە" هیچ شەڕ و روبەڕوونەوەیەك لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە رووی نەداوە و بڕیاری شەڕیش نییە، بەڵام تەنیا هێزی شەرعی و رێگە پێدراو بۆ پاراستنی ئەزموونی كوردستان و دابین كردنی ئەمنییەت و ئاسایشی هاووڵاتییان هەر هێزی پێشمەرگەیە، بەدەر لەو هێزە هەر هێزێكی چەكدار لە سنووری هەرێمی كوردستاندا بێت نایاساییە، پەكەكە و هیچ هێزێك ناتوانن لە ڕێگەی كەلەگایی و توندوتیژی ئیڕادەی خۆی بە سەر خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم فەڕز بكات".
گووتیشی" ئەوەی ئێستە پێشمەرگە دەیكات و ئامانجیەتی رێگری كردنە لە شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، پێشمەرگە دەیەوێت رێگری بكات لە نێو خاكی كوردستان و ئەو دەڤەرە شەڕ و نائارامی درووست ببێت، چیتر لە نێو گوند و ئاوایەكانی دەڤەرەكەمان شەڕ و پێكدادان دروست نەبێت و ناوچە سنووریەكانیشمان نەبێتە مەیدانی شەڕی هەردوولا تا هاووڵاتییان جارێكی تر ئاوارە و دەربەدەر نەبنەوە و هیچ گوندی دیكەش بەهۆی پەكەكە و توركیا چۆڵ نەكرێت".

بیروڕا

زۆرترین بینراو