فەهمی سەلمان: عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك هەنگاو دەنێت

فەهمی سەلمان: عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك هەنگاو دەنێت

رەمەزان هەرنی – دهۆك : دوای نزیكەی دوو مانگ خۆپیشاندان لە عێراق، لە كۆتایی مانگی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق نامەی دەست لە كاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا، پێویستە سەرۆككۆمار لەماوەی پازدە رۆژدا ناوێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت. بە بڕوای چاودێرێكی سیاسی، عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك هەنگاو دەنێت و مەترسی لەسەر دەولەت و رووخانی دەسەڵات هەیە، بەپێی یاسا و دەستوور حكوومەتی كار بەڕێكەر ناتوانێت هەموو بڕیارێك دەربكات, بۆیە پێویستە ئەم كێشەیە هەر چی زووە یەكلایی بكرێتەوە, لە ئێستادا ئەگەر سەرۆكوەزیرانێكی نوێ بۆ عێراق دابنرێت، ئەو كێشانەی ئێستا هەن بە ئاسانی چارە ناكرێن. دەشڵێ:" ئەگەر رەوشی عێراق خراپتر بێت كوردستانیش بێ بەش نابێت لە زیانەكانی، باشترین چارەسەر ئەوەیە لایەنە كوردیەكان یەك هەڵوێست بن و كار لەسەر باشتر كردنی رەوشی ئابووری كوردستان بكەنەوە و بیر لە باشتركردنی داهات بكرێتەوە، كۆنتڕۆڵی داهاتی كوردستان بكرێت، بەهۆی ئەوەی سەرچاوە داراییەكانی كوردستان وەكو پێویست كۆنتڕۆڵ نەكراون ئەمە بە لەناوبردنی گەندەڵی دەكرێت لەگەڵ گەرانەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێم.
فەهمی سەلمان, چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:" بێگومان دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكوەزیران زیانی گەورە دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی، بەپێی دەستوور پێویستە سەرۆككۆمار لەماوەی پازدە رۆژدا ناوێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت, ئەگەرنا عێراق دەكەوێتە بۆشایەكی گەورەی سیاسی و یاسایی و ئیداری, بەپێی یاسا و دەستوور حكوومەتی كار بەڕێكەر ناتوانێت هەموو بڕیارێك دەربكات, بۆیە پێویستە ئەم كێشەیە هەر چی زووە یەكلایی بكرێتەوە, لە ئێستادا ئەگەر سەرۆكوەزیرانێكی نوێ بۆ عێراق دابنرێت، ئەو كێشانەی ئێستا هەن بە ئاسانی چارە ناكرێن، ئەگەر بە پێی دروشمی خۆپیشاندەران بێت.
فەهمی گوتیشی :" كێشەكانی عێراق لە ئێستادا بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن و چاوەڕێ دەكرێت دەستوور بكەوێتە بەر راستكردنەوە یان دەستوورێكی نوێ بنووسرێتەوە ئەم هەموو جۆرە سیناریۆیانە هەن لەبەردەم عێراقدا, رەوشی عێراق زۆر ئاڵوزە ئێستا لەرووی یاسایی و دەستووری و ئیداری و دیبلۆماسی، ئەم بارودۆخە لەبەرژوەندی هیچ كەسولایەنێك دا نیە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك هەنگاو دەنێت، لەوانەیە بگاتە ئاستێك مەترسی لەسەر دەولەت دروست بێت لەگەڵ رووخانی دەسەڵات، بەدەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق رەوشی عێراق زۆر ئاڵوز بووە لەناو ماڵی شیعە رەنگە ئەو یەك هەڵوێستیەی جاران نەمابێت و لەناو خۆیاندا جیاوازی زۆر هەیە، ئەمەش زۆر كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەكات.
فەهمی ئەوەشی خستەروو:" خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق زیاتر لە ناوچە شیعەكاندا دەبینرێت هەزار كەس بە ماددەی تیرۆر زیندانی كراون و سزادراون, بۆیە خۆپیشاندنەكان زیاتر لە ناوچە شیعەكان دەكرێن، بۆیە مەترسی شەڕی تایفەگەری نیە لە عێراق دا, بەڵام پێشبینی ئەوە هەیە میلیشیا شیعەكان خۆیان رووبەرووی یەكتر ببنەوە, لاواز بوونی دەسەڵات و حكوومەت مەترسی لەرووی ئەمنیەوە دروست دەكات لە عێراق و بۆشایەك دروست دەبێت و شانە نووستووەكانی داعش سەر لەنوێ سەر هەڵدەدەنەوە.
فەهمی سەلمان ئەوەشی گوت:" ئەگەر لە عێراق كار بە دەستوور بكرێت هیچ مەترسیەك لەسەر كوردستان دروست نابێت لەو رەوشەی ئێستا لە عێراقدا هەیە, تەنها لایەنی ئابووری نەبێت, بەڵام ئەگەر سەر لەنوێ دەسەڵات دابڕێژرێتەوە مەترسی هەیە بۆ سەر كوردستان, بۆ نموونە حكوومەتی كار بەرێكەر ئەو دەسەڵاتەی نیە بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكات، ئەگەر ئەمە رووبدات كاریگەری لەسەر هەرێمی كورستانیش دروست دەبێت بەتایبەت ئەو بڕە پارەی لە بەغداوە دێت, ئەگەر رەوشی عێراق خراپتر بێت كوردستانیش بێ بەش نابێت لە زیانەكانی، باشترین چارەسەر ئەوەیە لایەنە كوردیەكان یەك هەڵوێست بن و كار لەسەر باشتر كردنی رەوشی ئابووری كوردستان بكەنەوە و بیر لە باشتركرنی داهات و رەوشی نەوت و غاز بكرێتەوە، كۆنتڕۆڵی داهاتی كوردستان بكرێت، بەهۆی ئەوەی وەكو پێویست سەرچاوە داراییەكانی كوردستان كۆنتڕۆڵ نەكراون ئەمە بە لەناوبردنی گەندەڵی دەكرێت لەگەڵ گەرانەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

زۆرترین بینراو