قائیمقامی چۆمان:  سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ باڵەكایەتی، كاریگەری باشی هەبوو لە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی

قائیمقامی چۆمان: سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ باڵەكایەتی، كاریگەری باشی هەبوو لە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی

ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان لە دیدارێكی تایبەت بە زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر ئەو پڕۆژانەی لە سنوورەكە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو ئەنجامدراون و ئێستاش بەشێكیان لە قۆناغی جێبەجێكردندان، دەشڵێت" حكوومەتی هەرێم جگە لە پۆستی قائیمقام هەر كارێكی دیكەم پێ بسپێرێت، ئامادەم جێبەجێی بكەم".
هێماش بۆ ئەوە دەكات " چەكدارانی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی باڵەكایەتی رێگربوونە لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و تێكدانی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە ".
دیمانە: زاری كرمانجی-چۆمان
* لەماوەی سێ ساڵدا كە بەرێزتان لە پۆستی قائیمقامییەتی چۆمان دەستبەكاربوون، ئەو خزمەتگوزارییانەی ئەنجامتان داون، لە تموحی ئێوەدا بووە بۆ ئەم دەڤەرە؟
- ئێمە لەكاتی گەرمەی قەیرانەكاندا لەم پۆستەدا دەستبەكار بووین، بەڵام لەو ماوەیە كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگمان لە سنوورەكە ئەنجام داون و توانیومانە ئەگەر بەشێوەی كەمیش بێت پڕۆژەكان بەردەوامیان هەبێت، بەپێی ئەو توانا داراییەی حكوومەت هەیەتی وامان كردووە پڕۆژەكان نەوەستن و درێژەیان هەبێت، ئەمساڵیش دوای كەمبوونەوەی قەیرانە داراییەكان پڕۆژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەوتنەوە سەر سكەی خۆیان، بەڵام ئەگەر خواست و تموحی من بێت بۆ ئەو دەڤەرە من پێمخۆشە هەرچی كەموكوڕی هەیە لەڕووی خزمەتگوزاری چارەسەریان بكەم، بێگومان ئەو پڕۆژانە لە تموحی مندا نین بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵام وەكو گوتم ئێمە لە قەیرانی داراییدا دەستبەكار بووین، بەڵام سینگمان فراوان بوو و درێژەمان پێدا و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانین.
*دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، كۆمەڵێك پڕۆژە لە سنووری ئیداریتان كەوتنە واری جێبەجێكردن، پێمان بڵێ پڕۆژەكان چین و ئێستا لە چ قۆناغێكدان؟
- رێك دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ناوچەكەمان، لێژنەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری پارێزگاری هەولێر و كۆمەڵێك ئەندازیار و بەڕێوەبەری گشتی سەردانی ئێمەیان كرد، لە سنووری قەزای چۆمان و ناحیەكانی (گەڵاڵە، سمیلان، قەسرێ، حاجی ئۆمەران) كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی كەوتنە بواری جێبەجێكردن لە هەموو سێكتەرەكانی (ئاوی خواردنەوە، كارەبا، رێگاوبان، كۆنكرێت و خزمەتگوزاری ناو شار، خاوێنكردنەوەی پاشماوەكانی لافاو، تەندروستی) ئێستا پڕۆژەكان لە قۆناغی جێبەجێكردندان، هەموو ئەو پڕۆژانە رەنگە بودجەكەی لە ملیاردێك تێپەڕ بێت، ئەمەش بوژانەوەیەكی زۆری لەڕووی خزمەتگوزاری بە ناوچەكەمان بەخشیوە و زۆر لەو كێشەو گیروگرفتانەمان چارەسەر كراون و ئێستاش هەندێك لەو پڕۆژانە لە قۆناغی كۆتاییدان و هەندێكیش بڕیاریان لەسەر دراوە.
* خەڵك گلەیی زۆری لە ئاوی خواردنەوەی چۆمان هەیە، ئەمساڵ دەستتان بە نۆژەنكردنەوەی كردووە، پڕۆژەكە چی بەسەرهاتووە و چیتان بۆ ئەنجامدا؟
- پڕۆژەكە لەسەردەمی ئێمەدا نەبوو، كە بەداخەوە كۆمەڵێك گرفتی لە سەرچاوەكەدا هەبوو، ئەمساڵ بە هاوكاری فەرمانگەی ئاوی چۆمان خەزانەی وەرگرتنی ئاومان لەسەرچاوەكەی ئاوەكە لە پڕژە بەشێوەی كۆنكرێتی بۆ دروستكرد، كە شوێنەكە ناوچەیەكی سەخت بوو بۆ كاركردن، بەڵام بەهەوڵ و ماندوو بوونی هەموو لایەك پڕۆژەكە لە سەرچاوەدا تەواو كرا و سەرچاوەكەی داپۆشراوە و ئاوەكە لە راگیران و گرفتی پێشووتر دەپارێزێت، بۆ ساڵی ئاییندە پڕۆژەیەكی دیكەمان هەیە كە بودجەكەی نزیكەی 2 ملیارد دیناری بۆ تەخانكراوە، ئێستا بەقۆناغی رێكارە یاساییەكان دەرباز دەبێت كە بەشێوەیەكی ستراتیژی كار لەسەر هەموو ئەو گرفتانە دەكرێ كە هەیە، هەر لە گەیاندنی ئاوەكە، دروستكردنی حەوزی ئاو، پرۆژەی فلتەركردنی ئاو، نۆژەنكردنەوەی ئەو شوینانەی پێویستی پێیەتی لە تۆڕی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵەكان و دابەشكردنی بەسەر گەڕەكەكان، هیوادارین بتوانین بەم كارە گرفتەكانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی چۆمان بەشێوەیەكی بنچینەیی بنبڕ بكەین و ئاوەكە بەشێوەیەكی باش بگاتە بەردەستی هاووڵاتییان.
* بۆ بواری گەشتوگوزار چیتان كردووە، چۆن هاوكاری كەرتی تایبەتتان كردووە بۆ وەبەرهێنان لەم سێكتەرە؟
- ئیمە كە دەستبەكار بووین، بەهۆی دەوڵەمەندی ناوچەكە بە بواری گەشتیاری، لە هەنگاوی یەكەم بنكەی گەشتوگوزارمان كردە بەڕێوەبەرایەتی، وە حكوومەت هەمیشە لەبەرنامەیدایە گەشە بەبازاڕكردن و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت بكات لەم بوارەدا، ناوچەكەمان هەموو شوێنێكی گەشتیارییە، دوای قەیرانی دارایی بوژانەوەیەكی خێرا لە بواری گەشتیاری لەم ناوچەیە دروست بووە، هەموو كەنار رووبارەكان كەپر و گوند و كۆمەڵگەی گەشتیاری دروستكراون، ئەمەش لەرووی ئابووریەوە بووەتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیە، بێگومان بۆ كەرتی تایبەتیش حكوومەت ئاسانكاری و هاوكارییەكی باشە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان، بەڵام بەرنامەی دیكەشمان هەیە، ئەمساڵ وەبەرهێنەرێك داوای كردووە پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری جێبەجێ بكات لە ناوچەی پڕژەی گەشتیاری كە تاكە ناوچەیە لە هەرچوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە، ئێمەش هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكمان بۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی لەرێی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاری بتوانین بایەخ بە گەشتوگوزار لەم ناوچەیە بدەین، تا رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ باڵەكایەتی زیاتر بكەین.
* لەرووی بایەخدان بە بواری كشتوكاڵ لە ساڵانی رابردوو چەند بەنداوێك لە باڵەكایەتی خرانە بەرنامەی كاری وەزارەتی كشتوكال، چیان بەسەرهات؟
- بەڵێ سێ بەنداو لە پێش هاتنی قەیرانەكان لەم ناوچەیە خرانە بەرنامەی كاری حكوومەتی هەرێم، بەڵام قەیرانی دارایی كارەكانی راگرت، ئێستا دیزایینی بەنداوەكان كراوە، هەتا بارودۆخی دارایی حكوومەت باشتر بێت، بێگومان زیاتر دەپرژێنە سەر ئەو كارانەش، من وایدەبینم كە دروستكردنی بەنداو لە ناوچەكەمان گرنگییەكی زۆری دەبێت بۆ بواری كشتوكاڵ و سەرچاوەی ئاوی زۆرمان هەیە، هەمیش بۆ سامانی ماسی و بواری كارەباش سوودی زۆری لێوەردەگیرێت، جە لەوەش دروستكردنی بەنداو كاریگەری زۆرباشی هەیە بۆ راكێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەكە، هیوادارین وەزارەتی پەیوەندیدار كار لەسەر بەنداوەكانی سنووری ئێمەش بكات.
* كاركردن لە پڕۆژەی دووساییدی رێگای سەرەكی هامڵتۆن لە نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) ئەمساڵ دەستیپێكردۆتەوە، ئەمساڵ چەندی لێ تەواو دەكرێت؟ چونكە لەكاتی بارانبارین خۆڵ و پاشماوەكانی دووسایید كێشەیەكی زۆری بۆ بواری هاتووچۆ دروستكردووە؟
- ئەمساڵ لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی دەرەوەی شارەكان كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری چاككردنیدا، رێگای هامڵتۆنیش لە سنووری ئێمە نۆژەنكرایەوە، سەبارەت بە پڕۆژەی دووساید، دوای وەستانی كار تێیدا بەهۆی قەیرانی دارایی، ئەمساڵ كار لەم پڕۆژەیە دەستی پێكردۆتەوە، لە سنووری مەرزی حاجی ئۆمەران دەستیان پێكردۆتەوە و كارەكان لەلایەن بەڵێندەرەوە زۆر بەباشی دەڕۆنە پێشەوە، چاودێرییەكی وردی كارەكانی ئەو پڕۆژەیەمان كردووە، بەوهیوایەین گرفتی دارایی نەیەتەپێش بۆ ئەوەی لەپاڵ بەدووسایدكردنی ئەم رێگایە، بتوانین ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەم سنوورە بەرزتر بكەینەوە، هیوادارین لە قۆناغەكانی داهاتوو بتواندرێت ئەگەر باری دارایی حكوومەتی هەرێم باش بێت پڕۆژەكە درێژتر بكرێتەوە بۆ دووسایدكردنی رێگای سەرەكی چۆمان-سۆران و تا بە تەواوی بە تونێلی بەنی هەریر دەبەسترێتەوە لە ساڵانی داهاتوو.
* زۆرجار باس لە گۆڕانكاری لە پۆستی قائیمقامیەتی چۆمان دەكرێت، زانیومانە كە د. فەسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر گووتوویەتی دەبێت جەنابتان لێیەوە نزیك بن و پۆستێك لە نزیكی پارێزگار وەربگرن، ئایا ئێوە پێشنیاركراون بۆ پۆستێكی دیكە؟
- نا نەخێر، هیچ باس لە گۆڕانكاری نەكراوە و پێشم نەگوتراوە، بەڵام كە حكوومەتی هەرێم بیەوێت گۆڕانكاری بكات، ئەمە شتێكی ئاساییە، ئێمە فەرمانبەری حكوومەتین، لە هەر شوێنێك كارمان پێبدرێت و هەر بڕیارێك لەسەر گۆڕانكاری من بدرێت ئامادەین جێبەجێی بكەین.
* واتا تۆ خۆت حەز دەكەی لەم پۆستە بمێنیتەوە، یاخود كاتییەتی لەشوێنێكی تر خزمەتی زیاتر بە كوردستان بكەیت؟
- وەكو گوتم، لە هەر شوێنێك بین، ئێمە دەبێت خزمەت بكەین، ئامادەشم بڕیارەكانی حكوومەت جێبەجێ بكەم بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و نیشتیمانەكەم.
*ئەدی گۆڕانكاری لە سەر ئاستی بەرپرسی فەرمانگەكان، لەم رۆژانەدا دەنگۆی گۆڕینی هەندێك لە بەرپرسی فەرمانگەكانی سنوورتان هەیە؟
- ئەمە بەپێی پێویستییە، لە هەر شوێنێك پێویستیمان بە گۆڕانكاری هەبێت لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی بێت یان فەرمانگەیەكی میری، گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێ. لە هەر گۆڕانكارییەكی دامەزراوە حكوومییەكان پێویستە رەچاوی كادیری ئیداری پسپۆڕ و شارەزا بكرێت، تا بەشێوەیەكی تەندروست و شارەزا كارەكانی خۆی رایی بكات و بتوانێت سەركەوتووانە خزمەت بە فەرمانگە و هاووڵاتییان بكات، واتا ئێمە لە سنوورەكەمان بەپێی پێویستی هەوڵ دەدەین گۆڕانكاری لە پۆستەكاندا بكەین، ئەگینا تا ئێستا بەرنامەیەكی فراوان نییە بۆ گۆڕانكاری گشتی لە دام و دەزگاكانی حكوومەتدا.
* لەماوەی كاركردنت لەم پۆستەدا حزب و هاووڵاتییان تاچەند هاوكار بوونە بۆ كارەكانت؟ كەس بووە رێگر بێت لە بەرنامە و ئیشەكانت؟
- هاووڵاتییانی ئەم سنوورە هاوكارێكی باشی من بوونە بەتایبەتی كاتێ هاتم، قەیرانی دارایی هەبوو، هەم بەرپرسانی حزبی و هەمیش بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و بەرپرسی فەرمانگە ئیدارییەكانی سنورەمان بە بەڕێوەبەری ناحیەكانیشەوە هاوكارییەكی باشی من بوونە، ئێستا كە چاو لەو پڕۆژانە دەكەیت كە لە سەنتەری قەزا و ناحیەكان جێبەجێ كراون و بڕیاریان لەسەر دراوە، تێدەگەیت كە ئەوە تەنها بە من نەكراوە وەك قائیمقام، بەڵكو ئەوە ئەو كارە بە كۆمەڵەیەیە كە هەمیشە كردوومانەتە پیشە بۆ ئەوەی سەركەوتن بە هەموومان بەدەست بێنین، بۆ رێگریش تا ئیستا كەس رێگر نەبووە لە كارەكانم.
* لە هەندێك ناوچەی باڵەكایەتی چەكدارانی پەكەكە بوونیان هەیە، پەكەكە تاچەند رێگر بوونە لە كاروباری خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە، چونكە ئاگادارم لە گوندە دوورە دەستەكانیش پڕۆژەی خزمەتگوزاریتان بۆ بردوون؟
- بەراستی ئەو گوند و ناوچانەی چەكدارانی پەكەكەی لێیە، كێشەیەكی گەورەیە بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە، ئێمە لە سنووری ئیدارەی چۆمان دەتوانین بڵێین نزیكەی 20 گوند كێشەی هەبوونی ئەو هێزانەی هەیە، ئەمەش زۆرجار بوونەتە بەربەست بۆ گرفتی ئەمنی بۆ هاووڵاتییانمان، هەمیش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و كێشەی هاتووچۆی هاووڵاتییان لەو گوندانە، زۆرجاریش داوامان كردووە چەكدارەكانیان لە نزیك گوند و ئاواییەكان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی نەبنە هۆكاری ئاڵۆزی ئاساییش و ئەمنی هاووڵاتییان، هەمیش بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین لە بواری تەندروستی و پەروەردە و رێگاو بان و تەواوی خزمەتگوزارییەكانی تر ئەو گوندانە بێبەش نەكەین.
* پۆستی قائیمقامیەتی چۆمان گرنگی لەوەدایە كە قەزاكە هاوسنوورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندیتان لەگەڵ كاربەدەستانی ئێران بۆ كێشەكانی بواری بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری چۆنە؟
- پەیوەندییەكانمان زۆرباشن، هەم لەسەر ئاستی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین، هەمیش لەرووی هاتووچۆی گەشتیارییەوە، ئەمەش دەرئەنجامی باشی هەبووە كە بزاوتی بازرگانی لەنێوانمان زیادی كردووە و كارئاسانی زۆریش بۆ بواری هاتووچۆی گەشتیاری لەم سنوورە دروست بووە، وە كۆبوونەوەكانیش لەسەر ئاستی قائیمقامییەتەكانی چۆمان و پیرانشار و هەم لەسەر ئاستی پاریزگاری هەولێر و ورمێ بەرەو پێش چووە، بەهەمانشێوەش لەسەر ئاستی كۆمەڵگای دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش پەیوەندییەكانمان بەهێزن، هەر كێشەیەك لەم سنوورە رووبدات، بەزوترین كات چارەسەر دەكرێت. ئەمەش خواستی هەردوو لامانە كە ئەو پەیوەندییانە درێژەیان هەبێت بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە بتوانین زیاتر گرنگی بە بواری بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بدەین.
* لەسەر باسی بواری بازرگانی و كاركردن لەم سنوورە، خەڵك گلەیی ئەوەی هەیە، لە هێڵی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لە ئەنجوومەنی شۆفێرە بارهەڵەگرەكان دەفتەری كاركردن بە كەس نادرێت و ساڵانێكە وەستاوە، ئەمەش پەیوەندی بە ئێوە و بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەرانەوە هەیە؟
- ئەوە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی شۆفیرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانەوە هەیە، راستە پێشتر رێكخستنی گەراج و ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیە سەرپەرشتی دەكرا، بەڵام ئێستا كۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و گومرگ سەرپەرشتی ئەو ئەنجوومەنە و گەراجی لۆری و كامیۆنەكان دەكەن، پێدانی دەفتەری زیاتر ئەمە بەپێی پێویستی و بەرنامە و میكانیزمە، كەنگین پێویستی كرد ئەوان بڕیار لەسەر پێدانی دەفتەری زیاتر دەدەن تا خەڵكانی دیكەش سوودمەندبن لەم سنوورە و كاری خۆیان دەستكەوێت.

 

زۆرترین بینراو