قازانجی دانەگاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەرێژەی 150% زیادیكردووە

قازانجی دانەگاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەرێژەی 150% زیادیكردووە

ئا: ڕائیب شێروانی
كۆمپانیای دانەگاز، بەرهەمهێنەری سەرەكی گازی سرووشتی و گازی شل لە هەرێمی كوردستان نوێترین راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە، قازانجی پوختەی دانەگاز لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، بەرێژەی 150% زیادیكردووە بۆ 35 ملیۆن دۆلار.
دانەگاز رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی قازانجی پوختەی كۆمپانیاكە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكەوە دێت لە هەرێمی كوردستان، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و گازی شلكراو لە هەرێمی كوردستان قازانجی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمپانیاكە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا دەستەبەركردووە.
سەبارەت بە داهاتەكانی، كۆمپانیای دانەگاز رایگەیاندووە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی قازانجەكانی، داهاتەكانی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو وەك خۆی ماوەتەوە كە نزیكەی 120 ملیۆن دۆلار بووە.
دانەگاز دەڵێت، بەرزبوونەوەی داهاتەكانی لە هەرێمی كوردستان قەرەبووی كەمبوونەوەی داهاتەكانی لە میسر كردووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی كۆی داهاتی كۆمپانیاكە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو وەك خۆی بمێنێتەوە.
پاتریك ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، قازانجەكانی كۆمپانیاكە زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوونەتەوە، ئامانجیانە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 ملیۆن پێی سێجای ئێستا بەرزبكەنەوە بۆ رۆژانە 650 ملیۆن پێی سێجا لە ماوەی 3 ساڵی داهاتوودا".

زۆرترین بینراو