قایمقامی ئاكرێ : ئاكرێ دووجار بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە و هێشتا هەر قەزایە

قایمقامی ئاكرێ : ئاكرێ دووجار بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە و هێشتا هەر قەزایە

رەمەزان هەرنی – ئاكرێ : قەزای ئاكرێ, یەكێكە لەو حەوت قەزایەی سنووری پارێزگای دهۆك و لە ساڵی 1877 بۆتە قەزا و ناحییەكانی گردەسێن، بجیل و دینارتە لە خۆ دەگرێت و بە بەرهەمی ناوخۆ بەناوبانگە و سێ ساڵە بە پایتەختی نەورۆزی كوردستان ناسراوە. قایمقامی قەزاكەش دەڵێ:" ئاكرێ دووجار بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە و هێشتا هەر قەزایە، جگە لەوەی زیاتر لە حەوت ساڵە هیچ پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی لە قەزاكە جێبەجێ نەكراوە.
مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ بە زاری كرمانجی راگەیاند:" لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا هیچ پرۆژەیەكی گرنگ و گەورە لە قەزاكە جێبەجێ نەكراوە, جگە لە ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەكی بچووك وەك دروستكردنی رێگا، فراوانكردنی باڵەخانەی قوتابخانە، یان چەند پرۆژەیەكی كارەبا، بەڵام وەك پرۆژەی ستراتیژی كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیان بگەیەنێت ئەنجامنەدراوە, ئەنجامنەدانی پرۆژەی گەورە بۆ دروستبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دەگەڕێتەوە.
قایمقامی ئاكرێ، گووتیشی:" پرۆژەی زۆر گرنگ كە پێَویستە ئەنجام بدرێن ئەوانەن كە بە نیوەیی ماونەتەوە و تەواو نەكراون، پێمان باشە ئەوانە تەواو بكرێن، كە لە سنووری ئاكرێ ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی بەهۆی قەیرانی دارایی بە نیوەیی ماونەتەوە, حكوومەت بڕیاری داوە ئەو پرۆژانەی بە رێژەی 80% كارەكانیان تەواو بووە دیراسە لەسەر دەكرێت و بڕە پارەیەك بۆیان تەرخان دەكرێت و ئەو پرۆژانە تەواو دەكرێن, ئەگەر ئەو پرۆژانە تەواو بكرێت رێژەیەكی زۆر لە كێشەكانی ئاكرێ چارەسەر دەبن, بەڵام پلانێكی چوار ساڵیمان داناوە لە كابینەی نویێ حكوومەت دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرێوەبەرە پەپوەندیدارەكان, پلانەكە گشت سێكتەرەكان لەخۆ دەگرێت، كەرتی تەندروستی، پەروەردە، رێگاوبان، شارەوانی، ئاو، كارەبا، ئەوقاف، رۆشنبیری، گەشتیاری و گشت بوارەكانی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانەوە بەستراونەتەوە.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاكرێ ئەوەشی خستەڕوو:"ئەو پرۆژانەی ئێستا كە زۆر پێویست و گرنگن، دروستكردنی ئۆڤەر پاسێكە لە سەنتەری شار یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانە كە دروست بكرێت، لەگەڵ دروستكردنی رێگا بۆ نزیكەی پازدە گوند, لە هەمانكاتدا ژمارەیەك پرۆژەی گەشتیاری لەبەر دەستمانن كە كاری لەسەر بكەین لە بواری وەبەرهێنان بەهۆی ئەوەی ئاكرێ یەكێكە لەو شارانەی كە پێویستە گرنگیەكی باشتر بە بواری گەشتیاری بدرێت، بەهۆی ئەوەی ساڵانە رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ئاكرێ زیاتر دەبێت, بۆ نموونە پارساڵ تەنیا بۆ ئاهەنگی نەورۆز زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار روویان لە ئاكرێ كرد بوو, ئەگەر پرۆژەی تەلەفریك و گەشتیاری و شاری یاریی هەبێت گەشتیاری زیاتر روو لە ئاكرێ دەكەن, بەڵام پرۆژەی زۆر پێویست و گرنگ بۆ ئاكرێ كە ماوەی چەندین ساڵە بە نیوەیی ماوەتەوە، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێیە لە قەندیل ئاو رادەكێشرێت بۆ سەنتەری شار كە نزیكەی 60% پرۆژەكە تەواو بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی پرۆژەكە بە سستی بەرێوەدەچێت ئێستا وەرزی زستانە زۆربەی ناوچەكان كێشەی كەم ئاویان نییە، بەڵام لە ئاكرێ لە هەر چوار وەرز كێشەی كەم ئاوی و نەبوونی ئاو هەیە, پرۆژەی ئێستای ئاوی ئاكرێ زۆر كۆنە, پرۆژەی ئاو بۆ سێ گەرەك دانرابوو ئێستا ئاكرێ نزیكەی 50 گەرەكە، بۆیە بەردەوام كێشەی نەبوون و كەم ئاوی هەیە، بەڵام هەندێك بیری ئیرتیوازی لێدراون، بەڵام چارەسەری كێشەی ئاوی نەكراوە، ئەگەر پرۆژەكە كۆتایی بێت رێژەی 100% كێشەی كەمی و نەبوونی ئاو لە ئاكرێ چارەسەر دەبێت، لەگەڵ ئەو گوندانەی دەكەونە سەر رێگای ئاكرێ – قەندیل، لە هەمانكاتدا ژمارەیەكی زۆر پرۆژەمان پێشنیار كردووە، وەكو دروستكرنی باڵەخانەی قوتابخانەكان لە گوندە گەورەكان و دانانی بگۆڕەكانی كارەبا، لەگەل َچەندین پرۆژەی شوێنەواری و گەشتوگوزار كە زۆر پێویستن بۆ ئاكرێ.
قایمقامی ئاكرێ، روونیكردەوە:" پرۆژەی كردنەوەی زانكۆی ئاكرێ لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە, لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردنەوەی زانكۆی ئاكرێمان بەرز كردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كە زانكۆ لە ئاكرێ بكرێتەوە بە پرۆپۆزەڵ دانراوە لەلایەن كەسانی پسپۆر بە بەشداری زانكۆی دهۆك راگری كۆلیژی پەروەردە لە ئاكرێ لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەڤەرەكە پرۆژەكەمان پێشكەشی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، كە ئەو كات سەرۆكی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، پرۆژەكە بە گرنگ لە قەڵەم دراو پێشكەشی لایەنەكانی پەیوەندیدار كراوە كە زیاتر دیراسەی هونەری لەسەر بكرێت، پرۆژەكە ئێستا لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییە و چاوەڕێی پەسەندكردنی دەكەین تەواوی مەرجەكانی كردنەوەی زانكۆ لە ئاكرێ هەیە, بەڵام ئەوەی تێبینمان كردووە، بەهۆی كێشەی دارایی نەكراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی پارەیەكی زۆری پێویستە بكرێتە پرۆژە و باڵەخانەكان دروستبكرێن.
مازن، ئاماژەی بەوەشكرد:" بە بریارێكی وەزارتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە رازی بوونی وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت بۆ هەرسێ قەزای ئاكرێ، سۆران و زاخۆ دەرچوو، لە سۆران و زاخۆ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانگەی پاسپۆرت لەو دوو قەزایە كرایەوە، بەڵام تائێستا فەرمانگەی پاسپۆرتی ئاكرێ نەكراوەتەوە ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێكە, لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە كۆتایی بە كارەكە و بریارەكە هاتووە, بەڵام فەرمانگەی پاسپۆرت پێویستی بە باڵاخانەیەكی گونجاوە بۆ رایكردنی مامەڵەكان و دەرهێنانی پاسپۆرت, لەسەنتەری قەزای ئاكرێ دوو باڵەخانەمان دەست نیشانكردن بۆ ئەو مەبەستە, یەكێك لەو باڵەخانانە هیچی لەناو دا نەبوو، بەڵام دوای سەردانیكردنی لیژنەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و پاسپۆرتی گشتی هەرێمی كوردستان گوتیان كە باڵەخانە لەلای هونەریەوە گونجاو نیە و دواتر باڵەخانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی بەشێكمان ئامادەكرد، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندین كە دەبێت باڵەخانەی پاسپۆرت سەربەخۆ بێت و نابێت لەناو هیچ دام و دەزگایەكی تر بێت بۆیە نەبوونی باڵەخانە بۆ فەرمانگەی پاسپۆرت یەكێكە لە هۆكارەكانی نەكردنەوەی تائێستا, پارێزگاری دهۆك پارچە زەوییەكی دابینكردووە بەفەرمانێكی كارگێری بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكان لە پارێزگای دهۆك كە بۆ فەرمانگەی پاسپۆرت لە ئاكرێ تەرخانبكرێت, لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك راسپێردرا كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی دهۆك لەگەڵ كارگێری ئیدارەی ئاكرێ لێكۆڵینەوە لەسەر زەویەكە كرا، بۆ ئەوەی بەپەلە بنیات بنرێت، كە باڵەخانەكە لە سێ هۆڵ و چەند ژوورێك پێكدێت بۆ ئیدارەی فەرمانگەی پاسپۆرتی ئاكرێ, لەسەردانێكدا بۆ پارێزگای دهۆك وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ یەكە كارگێرییەكان كە منیش ئامادەی كۆبوونەوە بووم, رایگەیاند ئێمە سوورین لەسەر كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیانی شارەكە، چاوەڕێی خەرجكردنی 200 ملیون دینار دەكەین بۆ كۆمپانیای جێبەجێكراوی پرۆژەی باڵەخانەی ئاكرێ بۆ ئەوەی بەفەرمی بكرێتەوە.
قایمقامی ئاكرێ، ئەوەشی گوت:" دوو جار بڕیاری بە پارێزگابوونی ئاكرێ دەرچووە لە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999, بەڵام زیادكردنی پارێزگایەك لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بریاری حكوومەتی ناوەندی هەیە بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق, ئەم پرسە لە نێوان هەردوو حكوومەت باسنەكراوە، بێ هیوا نین بەڵام تا حكوومەتی ناوەندی بریاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دەركرد زۆری پێ چوو بە هەوڵی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی كە ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو حكوومەتی ناوەندی بریاری بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەی پەسەند كرد، چاوەرێی پەسەندكردنی بریاری بە پارێزگابوونی ئاكرێ دەكەین، زۆر جار داوامان كردووە و هیوادارین بریارەكە پەسەند بكرێت، چونكە تەواوی بنەماكانی بە پارێزگابوون لە ئاكرێ دا هەیە، هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان بریاری لەسەر دراوە.
قایمقامی ئاكرێ، ئاشكراشی كرد:" ژمارەیەك بەرێوەبەر دەگۆڕدێن بەتایبەتی ئەو بەرێوەبەرانەی تێبینیان لەسەرە, ئەو بەرێوەبەرانەی كە كارەكانیان بەباشی بەرێوە دەبەن لەخزمەت هاووڵاتیاندان ناگۆڕدرێن, ئێستا هیچ پلانێكمان لەبەر دەست نیە كە بەرێوەبەرەكان لەسەر چ بنەمایەك دەگۆردێن، لەوانەیە خۆم وەك قایمقام بگۆڕدرێم كە ماوەی چوار ساڵە قایمقامی ئاكرێ مە، ئەگەر ئەو پلانە جێبەجێ بكرێت كە چوار ساڵ جارێك بەرێوەبەركان دەگۆڕدرێن، بەرێوەبەری كۆنمان هەیە لێی رازین، بەڵام ئەگەر بڕیاردرا دەگۆڕدرێن، بۆیە مەرج نیە هەموو گۆڕانكارییەكان لە بەر خراپی بێت.
لە كۆتاییدا مازن محمەمەد، قایمقامی ئاكرێ دیاركرد:" پێش دروستبوونی قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوودجەیەكی تەرخان كردبوو بۆ گەڕەكە كۆنەكانی ئاكرێ بەتایبەتی هەر سێ گەڕەكی (چۆستەیی، گۆڕەڤا، قاپەكی) كە سێ گەرەكی كۆنێ ئاكرێ نە, بۆ ئەوەی دووبارە خانووە كۆنەكان نۆژەن بكرێنەوە كە خانوو مۆڵكی هاووڵاتیانن نەك حكوومەت، ساڵانە بڕی 250 ملیۆن دینار تەرخاندەكرا بۆ ئەوەی خانووەكان بە شێوەی كۆن نۆژەن بكرێنەوە, بەڵام ئێستا ئەو بودجەیە نەماوە، بۆیە نۆژەنكرنەوەیان وەستاوە, پرۆژەی گرنگ ئەوەیە كار لەسەر گەراندنەوەی ئەو بودجەیە دەكەین بۆ گەرەكە كۆنەكانی ئاكرێ بۆ ئەوەی ئاكرێ سیمای كەلەپوری خۆی لەدەست نەدات، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ زیاتر ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاكە".

زۆرترین بینراو