قسەیەك لەدوای یادی شانزدەی ئابدا

قسەیەك لەدوای یادی شانزدەی ئابدا

موسلح ئەحمەد
ئەمە ڕاستیەكی تاڵە كە كۆمەڵگە وێران و ماندوو و غەرق لە نائومێدییە تا ئاستی لە دەستدانی متمانەی گوفتار. كەمترین كۆمەڵگە هەیە وەك كۆمەڵگەی ئێمە بە ماوەی 29 ساڵ زۆرترین قسە و كۆبوونەوەی بێ كرداری و نائومێدی تیا ئەنجام درابێت. لە كۆمەڵگەی ئێمە قسە و كۆبونەوە و یەكترشكاندن، بەڕێژەیەكی وابەرز بوونەتە فاكتەری تێكشان و نابووتی تاك و كۆمەڵگە خۆشمان نازانین لە كوێن و چیمان دەوێت و بۆ كوێ هەنگاو دەنێین. 29 ساڵە حزبەكان ئەوەنە تۆی ڕق و قینە و نائومێدیان چاندووە گشت جومگە و شادەمارەكانی ژیانی تەنیوە. گوفتار و كۆبونەوە حزبیەكان جگە لە لێكەوتە و دەركەوتەی نادادپەروەری و بەرزبوونی گەندەڵكاری دروستكردنی ڤێلاو بیناكان و نزم بوونی ویژدان و ئاستی وشیاری لۆژیكی هیج بەرهەمێكی تریان نەبووە. تەنانەت كوردبوون و نیشتمانیشیان خستە فۆرمی كاڵبوونەوە.
لۆژیك نییە دوای 29 ساڵە لە بڕی پێكەوەژیان و پێشكەوتن و مرۆڤ بوون و بوونیادنانی ئابوورییەكی بەهێز و تۆلیرانس و پلۆرالیزمی سیاسی و ئاینی و چەسپاندنی دادپەروەری و گەیشتن بە كاروانی ژیارییەت چیتر سەرقاڵی یەكترشكاندن و تۆمەتباركردنی یەكتربین گازاندەش لەدوژمنانی كورد بكەین. 29 ساڵە لەهەر حزبێك چەند بەرپرسێكی دەمشڕی ئەقڵ نەزۆك پێشەوایەتی ناكۆكی و جویندان و یەكترشكاندن و چاندنی ڕق و قینە دەكەن و كۆیلەكانیش هاوكاریان دەكەن... دەستەكانت خۆش كە پارتی نیت و دژی پارتیت.
هەر لە خۆیدا سووری ژیان دوالیزمەیە واتە دوانە... وەك مەرگ و ژیان گەرم و ساردی و ئاشتی جەنگ و هتد.... سیاسەت و حزبایەتیش وەك هەر شتێكی تر دەچێتە فۆرمی دوانە. ئێمە مرۆڤین ناكرێت یەكتر ناچار بكەین لەسەریەك ئایدیاو ڕوانین بین. هیچ هەقیقەتێكی ڕەهاش بوونی نییە. هاوەر گوتەنی هەقیقەت ئەو هەڵەیە كە هەمیشە پێویستی بەڕاستكردنەوە هەیە. جا ئەركێكی ئەخڵاقییە لامان ئاسایی بێت تۆ پارتی بی و من یەكێتی... من ئیسلامی و تۆ شیوعی بێت... من سەلەفی و تو ئیسلامی. تۆ ئەهلی مۆسیقا و گۆرانی من ئەهلی قورئان و مزگەوت.... ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە منی یەكێتی تۆی پارتی بە دز و دكتاتۆرو نەوت دزو گەندەڵ و جاشی توركیا بزانم و لە 31 ئابدا سوكایەتیت پێ بكەم، خۆشم لا كوردپەروەر و پاك بێت... تۆی پارتیش هەرچی سەروەرییە بۆ خۆتی بگێڕیەوە و بە منی یەكێتیش بڵێی جاشی 66 و خیانەتكاری16 ئۆكتۆبەرو خاكفرۆش. ناكرێت منی ئیسلامی بە پارتی و یەكێتی بڵێم جاشی ئیسڕائیل و ئەمریكا و كافر و عەلمانی، خۆشم نوێنەری خوداو خەڵك بێت و هەرچی موقەدەساتە بەملكی خۆمی بزانم. لۆژیك نیە منی پارتی و یەكێتی خۆم بە كوردپەروەرو خاوەن گشت سەروەرییەكان برانم بە ئیسلامییەكان بڵێین جاشی میسر و سعودیە و قەتەر.....
هەموومان دەزانین لەو شەڕە نەزۆكەی 29 ساڵە بەردەوامە جگە لە نابوتی تاك و ناشیرنكردنی یەكتر و دواكەوتویی و گەندەڵكاری و بەكۆیلەكردن و چاندنی تۆی ڕق و قینە و گەڕانەوە بۆلای دوژمنانی گەلەكەمان هیچ سوودێكی تری نەبووە. ئەبرەهام سەرۆكی ئەمریكاش 170 ساڵ بەر لە ئێستا دەڵێت، ئەو خانووەی دانیشتوانەكەی دژی یەك بن خۆناگرێ و هەردەڕوخێ... موفتی زادە دەڵێت، كێ دەڵێت ئەوەی بۆ مزگەوت چووە بۆ پێلاو دزین نەڕۆیشتوە...؟. ئەوەی چۆتە مەیخانەش بۆ ئامۆژگاری موعتادێك نەچووە..؟.

زۆرترین بینراو