قوتابخانەی ئەلیكترۆنی سوودی زۆری بۆ قوتابی هەیە

قوتابخانەی ئەلیكترۆنی سوودی زۆری بۆ قوتابی هەیە

دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپَناودانەبڕانی یەكجارەكی قوتابییان لە پرۆسەی خوێندن، پڕۆژەی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی راگەیاند بەڵام هەرزوو ئەم پڕۆژەیەش كەوتە بەرقسە و باس، بەو پێیەی هێلەكانی ئەنتەرنێت و كارەبایی بەردەوام و ئەو خزمەتگووزاریانەی بۆئەم پڕۆژەیە پێویستن لەكوردستان لەو ئاستە نین، بۆیە بەشێك لە پسپۆڕان و شارەزایان و مامۆستایان و قوتابییان هەبوونی ئەم پڕۆژەیە بەگرنگ نازان و پێیان وایە لەكوردستان شتێكی لەم جۆرە ئاسان نییەو دەبێت هەنگاوی گرنگتری بۆ هاوێشترێ‌، لەم راپۆرتەدا زاری كرمانجی بۆچوونی مامۆستایانی وەرگرتووە لەسەر قوتابخانەی ئەلیكترۆنی كە ئاخۆ قوتابییان تا چەند سوودی لێوەردەگرن و وەزارەتی پەروەردە چیبكات بۆ فراوانكردنی ئەم پڕۆژەیە؟
راپۆرت: محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی
سەرەتا مامۆستا كۆسرەت عەبدوڵڵا گووتی " من پێم باش نییە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی هەبێت و بەهیچ شێوەیەك لە گەڵ ئەوە نیم كەوا بیر لە پڕۆژەی وا بكرێتەوە، ئەگەر قسەكەش لەسەر بارودۆخی وەكو ئێستایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە شتێكی ترە باهەبێت بەڵام بە میكانیزمی تایبەت و ڕەچاو كردنی هەلومەرج و بارودۆخ و ژیانی قوتابی و فەراهەم كردنی پێداویستی بۆیان، لەگەڵ ڕەچاوكردن و پاراستنی ڕۆڵی مامۆستا.
بارزان سەباح مامۆستاێكی تربوو بۆمان دوواو گووتی" بەڵێ، لەگەڵ ئەوەین قوتابخانەی ئەلیكترۆنی هەبێت، كە لە ولاتان كاری لەسەر دەكرێت، بەتایبەت لە كەندا سەرەتا پەرەی پێدراوە، دەربارەی سوود وەرگرتنی قوتابییان لە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی مامۆستا بارزان گووتی" بۆ سوود وەرگرتنی قوتابییان ئەمەیان رێژەییە، لە قوتابیەكەوە بۆ قوتابیەكی تر دەگۆرێت، هەروەكو لە قوتابخانەش وایە،بۆ پێویستە وەزارەتی پەروەردە گرنگی بەم پڕۆژەیە بدات و لەسەری بەردەوام بێت.
شۆرش ئیسماعیل بەرێوەبەری یەكێك لە قوتابخانە ناوەندیەكانەو دەڵێت" دەربارەی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی و سوودەكانی من بە بیروڕای خۆم دەڵێم نەخێرئەو بابەتە پێویست نییە، جگە لە ئەرك و ماندوبوون و كێشەی ئابووری و خێزان و دەروونی هیچی تر نییە.
مامۆستا شۆڕش سەبارەت بەگرنگی پێدانی وەزارەتی پەروەردە بەم پڕۆژەیە گووتی " من لەگەڵ ئەوە نیم وەزارەت گرنگی پێبدات، دەبێ حكومەت و وەزارەتی پەروەردە كار بكەن بۆ دۆزینەوەی میكانزمی باشتر، هەوڵی كردنەوەی قوتابخانەكان بدرێت لەژێر ڕێنمایی تەندروستی و خۆپارێزی.
مامۆستا فارۆق بەشداربووێكی تر بوو بۆزاری كرمانجی گووتی" هەبوونی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی بەباش نازانم، چونكە لە ماڵەوە دوو منداڵم قوتابی ئامادەیین، هیچ ئامادەییەكیان تێدا نابینم بۆ ئەم جۆرە قوتابخانەیە، مەبەستم ئەوەیە كە قوتابی بە ئارەزووی خۆیەتی سەیری بكات یان نا، وە لەلایەكی تریشەوە پۆلی خوێندن بە بێ چالاكییەكانی ناو پۆل لە ژینگەیەكی بێ گیان دەچێت و گەرم و گوڕی تێدا نییە.
پێت باشە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی هەبێت؟ ئەو پرسیارەمان ئاراستەی مامۆستا حەسەن هاشمیشكردو ناوبراوو لەوەڵامدا گووتی "بەڵێ بێگومان، چونكە سیستەمێكی زۆر پێشكەوتوو سوودبەخشە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا بۆ قوتابیان.
قوتابخانەی ئەلیكترۆنی سوودی زۆری بۆ قوتابی هەیە، چونكە ئەگەر ئەم قوتابخانەیە بەردەوام بێت و كراوەبێت، قوتابی دەتوانێ لە ماڵەوە بۆ ڕۆژی دواتر گوێ لە وانەكان بگرێت و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا بكات، كاتێك دەچێتە قوتابخانە مامۆستا بۆی شیدەكاتەوە جارێكیتر، كەواتە قوتابی دووجار گوێی لە بابەتەكە دەبێت و بەتەواوی ئاشنایەتی لەگەڵ دەبێت، بەمەش هەم ئاستی قوتابی و هەم ئاستی خوێندن بەرەوپێش دەچێت.
بۆئەو پرسیارەش ئایە پێت باشە وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە قوتابخانەی ئەلیكترۆنی بدات و لەسەری بەردەوام بێت؟
مامۆستا حەسەن گووتی" پێویستە وەزارەتی پەروەردە گرنگیەكی زۆر بدات بەم قوتابخانەیە، لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابی و خوێندن، چونكە لە هەر دۆخێكی نەخوازراو قوتابی دەتوانێت سوودی لێوەرگرێت، تەنانەت ئەگەر ڕۆژێك قوتابی پشووی وەرگرت دەتوانێ لە ڕێگەی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی بەردەوامی بدات بە وانەكانی و ئەمە دەبێتە مامۆستایەكی هەمیشەیی لەگەڵ قوتابی، هەركات ویستی دەتوانێ گوێ لە مامۆستا بگرێ و فێرببێت.
لە ڕێگەی دابەشكردنی فۆرمێكەوە، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ گرنگیدانی زیاتر بە سیستەمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی، زانیاری لە خانەوادەی قوتابییان وەردەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی قوتابی كاتێك دەچێتە قوتابخانە بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانی خوێندنی ئەمساڵی ئەو فۆڕمەی پڕكردۆتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی تەكنۆلۆژیای زانیاریی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕێگەی فۆرمێكەوە كە تێیدا لەبارەی بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكانی ئەلیكترۆنی و ئەو جۆرە هێڵە ئینتەرنێتەی كە لە ماڵەوە بەكار دەهێنن چەند پرسیارێك ئاراستەی خانەوادەی قوتابییانی كردووە.
بەپێی ڕێنوێنییەكان كە لەگەڵ فۆڕمەكە بۆ قوتابخانەكان نێردراوە، پێویستە لە ڕۆژی پێدانی كارتی نمرەكان بە قوتابییان فۆرمەكە پڕ بكرێتەوە، دواتر لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكانەوە سەرەجەم زانیارییەكان داخڵی سیستەمی ئەلیكترۆنی بكرێت.

زۆرترین بینراو