قوتابخانەی ئەلیكترۆنی هەنگاوێكی زۆر گرنگە

قوتابخانەی ئەلیكترۆنی هەنگاوێكی زۆر گرنگە

محەممەد مەحموود- هەولێر: لەسەرەتای ئەم مانگەوە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك پاڵپشتییەك بۆ پرۆسەی خوێندن و دانەبڕانی قوتابیان لەوانەكانیان، پڕۆژەی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی راگەیاند كە بەو هۆیەوە قوتابیان و مامۆستایان دەتوانن بەشداربن، هەر قوتابخانەیەك و قوتابی و مامۆستایەك بەجیا دەتوانێت لەم پرۆژەیە سوود وەربگرێت لەگەڵ بەرێوەبەری قوتابخانەكان ئەمەش لەرێگەی ئەو زانیاریانەی كە وەزارەتی پەروەردە ناردوویەتی بۆ كارگێری قوتابخانەكان لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكانەوە.
بەشدار عەبدولخالق خدر، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێری دەربارەی گرنگی ئەم پرۆژەیە بۆ قوتابییان و خوێندكاران بۆ زاری كرمانجی گووتی" ئەم پڕۆسەیە دەستپێشخەریەك و وەچەرخانێكە كە هەنگاوێكی زۆر گرنگە لە مێژووی وەزارەتی پەروەردە، بێگومان ئەم پرۆژەیە بەرهەڵستی دەكرێت لەسەرەتادا، بەڵام دۆخی قوتابیان لەبەرچاو گیراوە تەنانەت گەر قوتابی ئینتەرنێتیشی نەبێت".
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر گووتیشی " دەتوانم بڵێم %99 ی قوتابیان و مامۆستایان رۆژانە بەلایەنی كەم 5 كاتژمێر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بەباشی بەكار دەهێنن و لەوانەیە پێش چەند ساڵێك لایان زۆر ئەستەم بووبێت بەكارهێنانی، ئەم پۆرتاڵەی دروست كراوە زۆر ئاسانە بەكارهێنانی لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك بەكار هێنانی قوتابیان ومامۆستایان شارەزایی تەواوی لێ پەیدا دەكەن، من دەستخۆشی لەستافی كاری ئەم پرۆژەیە دەكەم لە ستافی تەكنیكی بگرە تا مامۆستایان كە وانەكان دەڵێنەوە، دەستخۆشی تایبەت بۆ جەنابی وەزیری پەروەردە كە بە پێداگیری و هەوڵی جەنابیان بەمەبەستی پاڵپشتی قوتابیان و خەمخۆریان بۆ چارەنووسی قوتابییەكان كە هەوڵەكانیان وایانكرد ئەم پرۆژەیە بێتە كایەوە و داواكارم لە مامۆستا و بەرێوەبەرە خۆشەویستەكان بەشێك بن لە سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە كە لە كۆتاییدا پرۆژەی هەموومانە".

زۆرترین بینراو