قوتابخانە ئەهلییەكان لە نێوان خوێندن و بازرگانی و درووستكردنی چیانەیەتی

قوتابخانە ئەهلییەكان لە نێوان خوێندن و بازرگانی و درووستكردنی چیانەیەتی

لە ئێستادا لە كوردستان باخچەو قوتابخانەو زانكۆ ئەهلییەكان بەردەوام لە زیاد بووندان ، ئەمەش وایكردووە كە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن ببێتە لایەنێكی بازرگانی، هەرچەندە لە گەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر زوو وەزارەتی پەروەردە كەوتە خۆو مۆڵەتی پێدانی كردنەوەی باخچەو قوتابخانە ئەهلییەكانی راگرت، لە رێگەی ئەم راپۆرتەوە هەفتەنامەی زاری كرمانجی بەدووا داچوونێكی لەسەر ئەوە كردوە ، ئایە هەبوونی قوتابخانەی ئەهلی جیاوازی چیانەیەتی درووست ناكات لەناو كۆمەڵگە؟ بەو پێییەی زۆربەی ئەوانەی لەو قوتابخانانە دەخوێنن منداڵی بەرپرسان و كەسانی دەوڵەمەندو دەست ڕۆیشتوون، خوێنەری بۆچوونی ئەم بەرێزانە بن لەم بارەییەوە.
راپۆرت : محەممەد مەحموود
هەبوونی قوتابخانە ئەهلییەكان چەند جیاوازێك درووست دەكات لە ناو كۆمەڵگە ئەمە سەرەتای قسەكانی مامۆستا جەبار عەبدوڵڵایە كە بەم شێوەیە سەرنجەكانی خۆی بۆ زاری كرمانجی خستەروو گووتی" بێگومان قوتابخانە ئەهلییەكان نەك هەر جیاوازی چینایەتی، ئەكرێ بڵێین جیاوازی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریش دروستدەكەن، چونكە تەنها پارە ڕۆڵناگێڕێت لەو بابەتەدا، بەڵكو شێوازی ژیان و لایەنی ڕۆشنبیریش دەورێكی كاریگەر ئەبینێ، بۆ وێنە فێرخوازی فێرگە ئەهلییەكان چونكە منداڵی خواپێداوەكان و بەرپرسەكانن لە ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی ئاسایی و هەژار دادەبڕێن، ئەوەش جگە لە جیاوازی چینایەتی ڕقێكی گەورەی كۆمەڵایەتیش دروستدەكات، كە بە تێپەڕینی كات ئەگۆڕێت بۆ خەرەندێكی گەورە لە نێوانیان.
مامۆستا جەبار گووتیشی" بۆئەمەش دیارە لایەنە خراپییەكەی زیاتر لە داهاتوودا دەردەكەوێت، هەڵبەت نابێ ڕۆڵی خراپی لە لایەنی چینایەتی كورتبكرێتەوە، بە بڕوای من بۆ كۆمەڵگەی كوردی كە هێشتا ئاستی هۆشیاری وەك پێویست نییە، ناكرێ بەو ڕێژە زۆرە قوتابخانەی ئەهلیمان هەبێت، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە بە پێكەوەبوون لاوازە بەرامبەر بە گەل و وڵاتانی درواسێ، ئەی بەلێك هەڵوەشانەوەی كۆمەڵایەتی چی بەسەردێ؟ بێگومان خراپتر لەوەی كەهەیە، بۆیە بڕوام وایە ئەگەر لە ئاییندەیەكی نزیك سنوورێك بۆ ئەم بازرگانیكردن بە پەروەردە ڕانەگیرێت، كۆمەڵگە زیانێكی گەورەی كۆمەڵایەتی بەردەكەوێت.
مامۆستا ئەرسەلان حەمەد وەك بەرێوەبەری یەكێك لە قوتابخانە حكومیەكان گووتی" بەڵێ سەبارەت بە درووستكردنی چینایەتی بەهەبوونی قوتابخانەو باخچە ئەهلییەكان، زۆربەی مامۆستایان لە سەر ئەمە ڕایان وایە كە قوتابخانە ئەهلییەكان چینایەتی درووست دەكەن، چونكە تاكێك بەرهەم دێت تێكەڵی كۆمەڵگە نییە، گۆشەگیرە، لەئەنجامدا وای لێدێت لەگەڵ گرفتەكانی كۆمەڵگە هەڵنەكات و توانای ڕووبەڕووبونەی گرفتەكانی نەبێت.
مامۆستا دانا مستەفا وەك بەرێوەبەری پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی رواندز كە خۆی منداڵی لە قوتابخانەێكی نێو دەوڵەتی دەخوێنن بۆچوونەكانی خۆی وەها بۆ زاری كرمانجی دەربڕی"سەرەتا ئەو قسانەی من رێكلام نییە، بەڵكو راستی ئەو شوێنەیە كە منداڵەكانی من تێیدا دەخوێنن، من ئاگاداری قوتابخانە نێودەوڵەتیەكانم، قوتابخانە نێودەوڵەتیەكان نەك جیاوازی چینایەتی دروست ناكەن، بەڵكو سیستەم و پرۆگرامەكەیان وا داڕێژراوە قوتابییان فێری یەكسانی و لێبوردەیی و پەرەپێدانی گیانی هاوكاری دەكەن. لەو قوتابخانانە بەكردار پەرەپێدانی لێبوردن و كاڵ كردنەوەی جیاوازیە ئاینی و رەگەزیەكان، ئەوان شوێنێكی بەرچاویان گرتووە، كاردەكرێت لە ئامادەكردنی تاكێكی نێودەوڵەتی كە گۆی زەوی بەماڵی خۆی بزانێت و مرۆڤابوون ترۆپكی پێكەوەبەستنی پەیوەندییەكان بێت.
مامۆستا دانا گووتیشی " لە قوتابخانە نێودەوڵەتیەكان ئەگەر وەك نموونەیەك باسبكەم جەژنی لەدایك بوونی قوتابی گرنگە بەبێ ئەوەی گرنگی بە پێگەی كۆمەڵایەتی و جۆری ئاین و رەگەز و نەتەوەو ئاستی ئابووری بدرێت یان قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت هان دەدرێن تاكو خۆیان بگونجێنن یان بەسەر گرفتەكانیان زاڵبن، لە هەمان كاتدا هاوڕێكانی قوتابی خاوەن پێدویستی تایبەت فێر دەكرێن رێز لە جیاوازی تواناكان بگرن، فێردەكرێن چۆن هاوكاری كۆبكەنەوە و بیدەنە كەسانی پێویست.
ئەم مامۆستایە گووتیشی" راستە كە منداڵانی ئەو كەسانە لەو شوێنانە دەخوێنن كە توانای دارایان باشبێت، بەڵام كوالێتی خوێندن لە ئاستێكی بەرزدایە، سەرباری نێودەوڵەتی بوونیان حكومەت مەرجی لە سەر داناون كەدەبێت زمانی دایك ‌(كوردی) و ئاین و كۆمەڵایەتی بخوێندرێت بەهەمان پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردە كە لە قوتابخانە حكومیەكان دەخوێندرێت.
بۆ یە من وەكو خۆم بەباشی دەزانم حكومەت ئەزموونی ئەو قوتابخانانە بگوازێتەوە نێو قوتابخانە حكومیەكان تاكو گشت كۆمەڵگە لەشتە باشەكان بەهرەمەند بێت.
ئارام ئیسماعیل كە چەند ساڵێكە وەك بەرێوەبەری قوتابخانە لە قوتابخانە حكومیەكان بەردەوامی بەكاری مامۆستایەتی داوە لەسەر ئەم بابەتە بۆ زاری كرمانجی گووتی " گەر چاودێریەكی باش هەبێت لەسەر بنەما و پڕەنسیپە پەروەردەییەكان پێموایە هەبوونی قوتابخانەی ناحكومی پێویستێكی بواری پەروەردەییە، چونكە لە هەموو وڵاتانی دونیا ئەمە هەیە. ڕەنگە هەندێ خێزان هەبن منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانەی ناحكومی بۆ ئەوەی گرنگی زیاتریان پێ بدرێت، لە لایەكی تریش جەنجاڵی و فشاری سەر قوتابخانە حكومیەكان كەم دەكەنەوە و دەبنە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی قوتابی لە قوتابخانە حكومیەكان كە بەم پێیەش منداڵانی تر سوودمەند دەبن.
مامۆستا ئارام گووتیشی " پێم وا نییە هەبوونی قوتابخانەی ناحكومی هۆكارێكی سەرەكی بێت بۆ درووست بوونی جیاوازی چینایەتی، ڕەنگە كاریگەری هەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە لایەنەكانی تری نێو كۆمەڵگە هۆكارن بۆ درووست بوونی جیاوازی چینایەتی.
هەڵات محەممەد وەك پارێزەرێك گووتی " بە بۆچوونی هەبوونی قوتابخانە ئەهلییەكان ئەو كاریگەرە گەورەیە درووست ناكات كە ببێتە هۆی درووست بوونی جیاوازی چینایەتی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، چونكە ئەمەشتێكی جیهانییەو دەبێت هەبن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئاخۆ مامۆستا ئەو ئەداو خۆماندوكردنەی لە قوتابخانەێكی ئەهلی دەیكات لە قوتابخانەێكی حكومی هەمان كاردەكات؟ ئەمە پرسیارەو دەبێت بەرپرسانی پەروەردە بەدواداچوونی لەسەر بكەن.
محەممەد ساڵح پێندەڕۆیی شارەزا و نووسەر لە بواری پەروەردە و فێركردن بۆچوونەكانی خۆی بەم جۆرە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەروو" بۆدرووستكردنی چینایەتی لەلایەن قوتابخانە ئەهلییەكان بێگومان بەڵێ ئەو چینایەتییە درووست دەبێت و درووستیش بووە لە ئێستادا ، بۆ نموونە، ئێستا هەموو كەسێك هەست بەم چینایەتییە دەكات، چونكە منداڵە هەژار و كەمدرامەتەكان ناتوانن لە قوتابخانە ئەهلییەكان بخوێنن، تەنیا منداڵە دەوڵەمەند و بەرپرسەكان لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەخوێنن.
ئەمەش وای كردووە كە دەرفەتێكی باشتریان بۆ بڕەخسێت تاكو خوێندنی خۆیان بە كواڵیتییەكی باشتر بخوێنن و باشتر سوودمەند بن لە مامۆستایانی پسپۆڕ، چونكە هەرچی مامۆستای باش هەیە، لە قوتابخانە ئەهلییەكان وانە دەڵێنەوە، هەروەها مامۆستا لە قوتابخانە ئەهلییەكان زیاتر خۆی بە قوتابییەكانەوە ماندوو دەكات، چونكە پارەیەكی زیاتر وەردەگرێت، بۆیە هەوڵ دەدات زیاتر خۆی ماندوو بكات و قوتابی بە باشی فێر بكات، تا گلەیی لێ نەكرێت یان دەرنەكرێت.
ئەم جیاوازییەش وا دەكات كە قوتابییانی قوتابخانە ئەهلییەكان لە دواڕۆژدا دەرفەتێكی باشتریان بۆ بڕەخسێت بۆ دامەزاندن یا دۆزینەوەی هەلی كار ، یان دانانی كارگە و كارخانە و...هتد.
ئەم شارەزاییەی بواری پەروەردە گووتیشی " هەروەها لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە، ئەم چینایەتییە دەبێتە هۆی ئەوە كە منداڵە دەوڵەمەند و بەرپرسەكان بە چاوێكی كەمتر، سەیری منداڵە هەژارەكان بكەن و لێكترازانێكی كۆمەڵایەتی دروست بێت و بچەوسێنەوە.
رەهێڵ تەڵعەت دزەیی وەك مامۆستاێك كە خاوەن ئەزموونەو لە دەرەوەی وڵاتیش كاری مامۆستایەتی كردووە دەربارەی هەبوونی قوتابخانەی ئەهلی گووتی " قوتابخانەی ئەهلی ئاساییە هەبێت و لە زۆربەی وڵاتان هەیە تەنانەت لەو وڵاتانەی كە ئاستی كەرتی پەروەردە و فێركردن زۆر پێشكەوتووە، بە مەرجێك كە لەژێر چاودێری وەزارەتی پەروەدە و فێركردن دابن و هەمان پلانی فێركردن پەیڕەو بكەن كە قوتابخانە حكومییەكان پەیڕەوی دەكەن.
قوتابخانەی ئەهلی بۆ ئەوەیە كە كەمێك لەم ئەركە زۆرەی كەوتۆتە سەر كەرتی پەروەردە و فێركردن كەم بكاتەوە بەرامبەر بە بڕێكی كەمی پارە كە بەڕازامەندی وزارەتی پەروەردە و فێركردن دیاری دەكرێت.
مامۆستا رەهێڵ گووتیشی" ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە هیچ لەم مەرجانەی لێ بەدی ناكرێت.پڕۆگرام و پلانی فێركردن زۆر جیاوازە لەوەی هەیە لە قوتابخانە حكومییەكان، ئارەزوومەندانە شێوازی فێربوون و ئەو زمانەی بەكاری دەهێنن بۆ فێربوون لە لایەن دەستە بەڕێوەبەرایەتی و خاوەن قوتابخانەكە دەست نیشان دەكرێت.
جۆری خوێندن و شوێن و پۆلەكان جیاوازیەكی زۆر و بەرچاویان هەیە لەگەڵ قوتابخانە حكومییەكان، خوێندن لە قوتابخانە ئەهلییەكان پارەیەكی زۆری دەوێت كە تەنها ئەوانەی ئاستی بژێویان بەرزە دەتوانن منداڵەكانیان بنێرن بۆ قوتابخانە ئەهلییەكان.
ئەم جیاوازیە زۆرەی لە نێوان قوتابخانە ئەهلییەكان و حكومیەكان هەیە وای كردوە دوو جۆر لە قوتابیمان بۆ بەرهەم بێنن و لە كۆتاییدا دوو چینی ئاست جیاواز لە كۆمەڵگە دروست ببێت. جۆرێك كە لە قوتابخانە حكومییەكان دەخوێنن، لە ئاستی زانست و رۆشنبیری لاواز و خاوەن كەساییەتیەك كە هەست بە لاوازی و ئاست نزمی بەرامبەر بە قوتابییانەی كە لە قوتابخانە ئەهلییەكان دەخوێنن.
قوتابییەكانی قوتابخانە ئەهلییەكان هەست بە ئەوە دەكەن كە ئەمان باشتر و ئاستی زانستیان بەرزترە لە قوتابییانی تر ئەمەش هەستی گەورە و خۆبەزل زانینیان لا درووست بێت.
ئەمەش لە رووی پەروەردەییەوە هەڵەیەكی گەورەیە، ئەم سیستەم و شێوازەی پەیڕەو دەكرێت لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر مرۆڤ پێشكەش بە كۆمەڵگە دەكات، یەكێكیان خۆ بە گەورە زان و پێوایە ئەم باشترە و زانست و رۆشنبیری زیاترە، لە بەرامبەردا جۆرێكی تر كە سادە و خاوەن زانستێكی سادە و كەم ئەزموون لە گەڵ چەندین گرێی دەروونی بەرامبەر بە چینەكەتر. بەمەش كۆمەڵگە كەمان دەشێوێندرێت و خۆشەویستی و هاوسۆزی كەم دەبێتەوە تێدا.
مامۆستا محەممەد رەشید سەرپەرشتیاری یەكەم لە پەروەردەی دەشتی هەولێر لەسەر ئەم بابەتە بۆ زاری كرمانجی گووتی" قوتابخانە ناحكومییەكان دوو لایەنن.
یەكەم: قوتابخانە ئەهلییەكان هاوكاری وەزارەتی پەروەردەن بۆ وەرگرتنی ژمارەیەك قوتابی ئەمەش لۆدی قوتابخانەكان لە رووی ژمارەوە كەم كردوە.
دووەم: بێگومان قوتابخانە ئەهلییەكان جیاوازی چینایەتی دروست دەكەن، چونكە ئەوانەی لەو قوتابخانانە دەخۆێنن منداڵی دەوڵەمەند و دەست رۆیشتوون ئەمەش وادەكات منداڵی كەم دەرامەت لەلایەك فشار لە سەر دایك و باوكیان دەكەن و لەلایەكی تر كاریگەری خراپ دەكاتە سەر دەروونی ئەو قوتابییانەی كە كەم دەرامەتن.

بیروڕا

زۆرترین بینراو