قوتابیانی زانكۆ گلەیی لە نەبوونی سەرچاوەی كوردی دەكەن بۆ دروستكردنی لێكۆڵینەوەكانیان

قوتابیانی زانكۆ گلەیی لە نەبوونی سەرچاوەی كوردی دەكەن بۆ دروستكردنی لێكۆڵینەوەكانیان

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی: قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان دوای چوار ساڵ خوێندن قۆرسترین قوناغ تێدەپەرێنن و لەكۆتاییدا، لە كاتی دروستكردنی لێكۆڵینەوەی دەرچوون، توشی بەربەست دەبن بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی كوردی بۆ بابەتەكانیان، هەندێك قوتابی گلەیی لە پەرتووكە وەرگێراوەكان دەكەن كە وەك پێویست سوود لە كتێبە وەرگێردراوەكان نابینن، بەهۆی ئەوەی پەرتووكی زانستی زۆر بە كەمی وەرگێرانیان بۆ دەكرێت.
شنە مەعروف، قوتابییەكی قۆناغی چوارەمی زانكۆیە بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای چوار ساڵ خوێندن لە كۆتاییدا قوتابی قۆناغێكی قورس تێدەپەرێنێت، چونكە لە كاتی دروستكردنی لێكۆڵینەوەی دەرچوون پێویستمان بە سەرچاوەی كوردی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەدەستمان ناكەون سەرچاوەی بیانی زۆرە وەك زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی بەڵام هەموو قوتابیەك زمانی بیانی نازانێت، بۆیە توشی كێشەی زۆر دەبین دوای چوار ساڵ خوێندن بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی كوردی، دروستكردنی لێكۆڵینەوەی دەرچوون قۆرسترین قۆناغی زانكۆیە، و بەئارەزووی خومان دروستی ناكەین، دوای كاتێكی زۆر ناچارین بە شێوەیەكی سادە دروست بكەین و پێشكەش بكەین كە لە ئاستی پێویست نەبێت ئەگەر سەرچاوەی كوردی باش هەبێت بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بە ئاسانی بەدەست بێنین و بە شێوەیەكی باش كۆتایی بە لێكۆڵینەوە كەی زانكۆ بێنین".
دانا جەزا، ئەمساڵ لێكۆڵینەوەی زانكۆی دروستكردووە، لەم بارەیەوە گووتی" لە زۆربەی كتێبخانەكانی كوردستان گەرام، بۆ پەیاكردن و بەدەستهێنانی سەرچاوەی كوردی بەڵام زۆر بەزەحمەت هەندێكم بەدەست كەوتن، كە بە پەنجەی دەست ئەژمار دەكرێن، دوای ماندووبون و خەرجیەكی زۆر بەرهەمێكی كەم سەرچاوەم دەست كەوت، زۆربەی سەرچاوەكان بە زمانی بیانی بوون و ئەگەر بەرهەمی زۆر و سەرچاوەی كوردی زۆر هەبێت قوتابی لە كەمترین ماوەدا دەتوانێت كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكەی بێنێت، بەڵام سەرچاوە كوردییەكان لە ئاستی پێویست نین بۆیە كەمترین لێكۆڵینەوەی زانكۆ ئاستیان بەرزە".
كۆێستان لەتیف، كە مامۆستای زانكۆیە بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی سەرچاوەی زانستی باوەرپێكراو بۆ قوتابیان زۆر كەمن و بە ئاسانی دەست ناكەون، دوای چوار ساڵ قوتابی بەئارەزووی خوی ناتوانێت لێكۆڵینەوەیەكی نایاب پێشكەش بكات بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی كوردی باش، بۆیە بە كەم و كورتی، كۆتایی بە خوێندن و دروستكردنی لێكۆڵینەوە دەهێنن".
ئەم مامۆستای زانكۆیە گووتیشی:" لە كوردستان ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی زانستی و مێژوویی و جوگرافی، فەلسەفی لە زمانەكانی بیانییەوە، وەرگێڕداون بۆ سەر زمانی كوردی بەڵام هەندێكیان كورتكراون و پەیامی دروست تێدا نەماوە، ئەوەی قوتابی بەدوای دا دەگەڕێت لە بەرهەمە وەرگێردراوەكاندا كەمتر دەست دەكەوێت، بۆیە قوتابی ناچارە لێكۆڵینەوەی پڕ لە كەمو كوڕی پێشكەش بكات، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی قوتابیان لە ئاستی پێویست نەبن و لاوازیان پێوە دیاربێت".

زۆرترین بینراو