قوتابییان باسی خوێندن و داهاتووی خۆیان دەكەن

قوتابییان باسی خوێندن و داهاتووی خۆیان دەكەن

خوێندن یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانی هەرتاكێك لە سەر رووی زەوی ، تەواوی گەلان و نەتەوەكانی دونیا دەیانەوێت تاكەكانیان بخوێنن و كەسی خوێندەواربن بۆئەوەی لەدونیای تاریكی نەزانینەوە بێنە دەرەوە ، لەم راپۆرتەدا لاپەڕەی پەروەردەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی هەرجارەو بۆچوونی چەند قوتابیەك لەناوەندەكانی خوێندن وەردەگرێت بۆئەوەی قوتابییان قسە لەسەر خوێندن و داهاتووی خۆیان بكەن.
راپۆرت : محەممەد مەحموود
من دەمەوێت بەردەوام بخوێنم بۆئەوەی بتوانم بە ئاواتەكانم بگەم ، ئەمەسەرەتای قسەكانی قوتابی شاكار عەبدوڵَڵایە و دەڵێت" من ئارەزوومە لە ژیان بەردەوام بخوێنم ، چونكە دەزانم گەیشتن بە خەون و ئاواتەكانم لە ژیان بەشی زۆری لە رێگای خوێندنەوە دێتەدی، مەبەستیشمە لەرێگای خوێندنەوە حزمەتی گەلی خۆم بكەم.
شاكار گووتیشی" دەمەوێت لە داهاتوو ببم بە پزیشك بۆئەوەی لە بواری تەندروستی خزمەتی هاونیشتمانیانم بكەم و سوودێكیان پێ‌ بگێنم، بۆگەیشتن بەو ئامانجەشم خۆڕاگری و هەوڵدانی دەوێت ، ئێمەی قوتابیانیش گەر بەردەوام بووین ئەوا دەتووانین بەسەر كۆسپ و لەمپەرەكان زاڵبین لە ژیانی خوێندنمان ، بۆیە من وەك قوتابیەك بە قوتابییانی خۆشەویست دەڵێم نهێنی سەركەوتن لە خۆڕاگریدایە، بۆیە بۆدرێژەدان بە خوێندن با خۆ راگربین.
سۆنیا جەلیل قوتابێكی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بووكاتێك لێمان پرسی بۆچی دەخوێنیت و دەتەوێت لەداهاتوو ببیت بەچی؟ لەوەڵامدا سۆنیا گووتی" من بۆ دەخوێنم بۆئەوەی داهاتووێكی پڕشنگدارم هەبێت و سەربكەوم بەسەر سەختی و تاڵیەكانی ژیان، هەر گەل نەتەوەیەك لەسەر رووی زەوی كاتێك دەبینین بایەخ بەخوێندن و پەروەردە دەدەن چەندە پێشكەوتوون لەگشت بوارەكانی ژیان.
سۆنیا گووتیشی " بۆ ئەوە دەخوێنم بۆئەوەی ئەو ئاواتەی هەمە لەژیان لەرێگای خوێندنەوە بیهێنمەدی ، من دەمەوێت ببم بە پارێزەر بۆئەوەی بتوانم لەو رێگەیەوە خزمەتی هاونیشتمانیانم بكەم، گرنگیشە لەرێگای خوێندنەوە هەلی كارمان دەست دەكەوێت و بەوهۆیەشەوە چاو لەدەستی ئەم و ئەو نابێت و دەبین بەخاوەن مووچەی خۆمان.
ئاڤان عومەر قوتابێكی تربوو بۆمان دوواو گووتی" بۆیە دەخوێنم دەزانم هەر خوێندنە لە ژیان دەرگا داخراوەكان بەرووی مرۆڤەكان دەكاتەوە ، دەمەوێت بخوێنم بۆئەوەی كۆمەڵگەكەم پێش بكەوێت وەك وڵاتانی دونیا كە لەرێگەی خوێندنەوە داهێنان دەكەن، كوردستان چاوی لە ئێمەیە بۆئەوەی لەرێگەی خوێندنەوە خزمەتی بكەین و بتوانین گەل و نیشتیمانی خۆمان پێش بخەین.
ئاڤان گووتیشی" من دەمەوێت لە داهاتوو ببم بە دكتۆرە و خزمەتی وڵاتی خۆم بكەم لە رووی تەندروستییەوە هەموو هەوڵی خۆشم دەدەم بۆئەوەی بەو ئاواتەم بگەم.
كارڤین سالار قوتابییەكی تر بوو بۆزاری كرمانجی بەم جۆرە باسی ئاواتی خۆی دەكات تاكو لە رێگای خوێندنەوە پێی بگات، كارڤین دەڵێت" من دووخەونم هەیە، بۆ ئەوە دەخوێنم تاوەكو لە داهاتوو بە رێگەی خوێندنەوە بە خەونەكانم بگەم ئەوانیش مامۆستایەتی و پارێزەرییە، هەوڵدەدەم یەكێك لەو خەونانەم بێنمە دی ، ئەمەش هەوڵ و ماندوبوون دەوێت و بەئاسانی نایەنە دی شەو نخوونی و خوێندنی زۆرباشی دەوێت، بۆیە گرنگە ئێمەی قوتابییان لە كاتی خوێندنمان ئامانجێكی دیاریكراومان هەبێت بۆئەوەی بتووانین بیهێنینەدی و بەو ئامانجە بگەین.
كارڤین گووتیشی " ئێمەش وەك كورد ئەگەر بێت و گرنگی زیاتر بە خوێندن بدەین ئەوا دەتووانین كەسی داهێنەرو كارزان و بەرهەمدار درووست بكەین.
ڤانە رەسووڵ قوتابێكی تر بوو بۆمان دوواو گووتی " دەخوێنم بۆئەوەی بە خەون و ئاواتەكانم بگەم و بیان هێنمە دی ، ئەمەش پشوو درێژی و كاتی دەوێت، چونكە پرۆسەی خوێندن بە ساڵێك و دووان تەواو نابێت.
ئەوەشم لا روونە تەواوی گەلانی سەر رووی زەوی لە رێگەی خوێندنەوە پێشكەوتوون و بوونەتە كەسی دیارو بەناو بانگ ، كە هەریەكەو لە بوارێك توانیوویەتی خزمەت بكات و وڵاتی خۆی زیاتر بناسێنێت.
ڤانە دەشڵێت" وەك ئارەزووی خۆم دەمەوێت لە داهاتوو ببم بە ئەندازیار، بۆئەوەی خزمەتی كوردستان بكەم لە رێگای كاری ئەندازیارییەوە، هەموو هەوڵێكی خۆشم دەدەم بۆ ئەوەی بەو ئاواتم بگەم.

بیروڕا

زۆرترین بینراو