قەدەغە كردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

قەدەغە كردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

محەمەد باڵەك - ســۆران: دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغردن و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی بڕاوەو لێدرایدا، بازاری ئۆتۆمبێل كەمێك جولەی تێكەوتووە و كاریگەری كردۆتە سەر نرخی ئۆتۆمبێلەكان، ئەمەش لە نێو كڕیار و فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەندێكییان بەم بڕیارە نیگەرانن و هەندێكیشیان بە كارێكی چاكی دەزانن، زاری كرمانجی لە بەدوواداچوونێكیدا چەند كڕیارو فرۆشیارێك دەهێنێتە دووان و سوود و زیانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەخاتەڕوو.
لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بازرگانەكان ئۆتۆمبێلی دەستی دوو هاوردەی كوردستان كردووە و لە نێویدا بە گشتی ئۆتۆمبێلەكان تووشی رووداو هاتوون و مەرجی سەلامەتی و توند و تۆلیان تێدا نییە.
بەپێی نووسراوی كە لە 2-5-2019 بڵاوكراوەتەوە و واژووی كەریم سنجاری لە وەزیری ناوخۆی لەسەرە هاتووە . لە بەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان .قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ( لێدراو ، چاككراو و ژێرئاوكەوتوو ) كە هاوردەدەكرێن بۆ ناوەی هەرێم لە رێگای دەروازە نێودەوڵەتییەكان و بازگەكانی نێوان پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان .
نەبی محەمەد هاووڵاتیكی دانیشتووی شاردێی خەلیفانەو بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلێك هاتبوە یەكێك لە پێشنگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەسۆران بە زاری كرمانجی گووت " حكومەت ئەو بڕیارەی درا گوایە لەبەرژەوەندی خەڵك بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو بڕیارە بووەتە هۆی گران بوونی نرخی ئۆتۆمبێل و ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلەی بە 10500 دەهەزار و پێنج سەد دۆلار بوو، نرخی بۆتە 20000 بیست هەزار دۆلار، هیچ جۆرە چاودێریەكیش لە نێو پێشانگاكان و شوێنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بوونی نییە و خەلك بە ئازادی و بەو نرخەی دەیەوێت دەی فرۆشێت . هیوادارین ئەم بڕیارە پێداچونەوەی بۆ بكرێت و هێنانەكانی مەرجی بۆ دابنرێ‌ وەك ساڵی دەرچوون و پارچەی لێدراو نەك هەموو ئۆتۆمبێلەكان بەگششتی قەدەغەبكرێن.
هیوا عوسمان بەهەمان شێوە لە پێشانگیەك سەرقاڵی مامەڵەی كرینی ئۆتۆمبێل بوو، بۆزاری كرمانجی گووتی" بەر لەوەی ئەو بڕیارە بدرێت ئۆتۆمبێلەكم فرۆشت، ئێستا هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشووم 20 وەرەقە گرانترە، ئەمەش بەهۆی نەهاتنی ئۆتۆمبێلی لێدراوانەیە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەكرێن ‌و لێدراون ئەوەی ئەیكڕێت توندو تۆڵی دەكاتەوە، بەڵام ئێستا ئەم ئۆتۆمبێلانە داخڵ نابن و ئەو ئۆتۆمبێلانەشی هەیە نرخەكەیان گران بووە، ئەمەش قازانجی بۆ هەندێك كەسی كەم ‌و زیانی بۆ زۆرینەی خەڵكی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە لێدراوانە نرخەكانیان هەرزانتر بوو خەڵكی ئەیكڕی و خواستی زۆری لەسەر بوو، هیوادارین رێگا بدرێن ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوردەبكرێنەوە".
ووشیار قادر فرۆشیارێكی ئۆتۆمبێلە و ئەو بڕیاری قەدەغكردنی ئۆتۆمبیلی لێدراو بە باش دەزانێ، لەو بارەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی" قەدەغەكردنی هێنانی ئەم ئۆتۆمبێلانە بڕیارێكی باش بوو، چونكە ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ مەرجێكی سەلامەتیان تێدانیە و بۆ لێخورین شیا و گونجاو نین، هەروەها ئیستۆپ و بزوێنەرەكەشیان بەهۆی بەركەوتنی زەبری كوشتندە تێكشكاوە، بۆیە پێویستە شۆفێران ئەوە بزانن ئۆتۆمبێلێكی باش بە نرخێكی گران بكڕن باشترە لەوەی ئۆتۆمبێلێكی تێك شكاو، تا بشتوانن خۆیان لە كرینی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەدور بگرن بۆ سەلامەتی خۆیان باشترە".
هاوكات، گەیلان عەبدوڵا فرۆشیارێكی دیكەی ئۆتۆمبیلە و لەپێشنگایەكی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كاری كرین و فرۆشتن دەكات بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەكران، لەوێ‌ تەواو لەوە دڵنیا بوون لەوەی كە ئەو ئۆتۆمبێلە جارێكی تر كەڵكی لێخوڕینییان نییە، بۆیە دەیان ناردە ئێرە، بازرگانەكانی ئێمەش بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی، لەوێ‌ كامە ئۆتۆمبێل تەواو تێكشكاوە ئەیان كڕی و لەشارەكان ساغیان دەكردەوە .
زیاتر گووتی " %90 ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە ئەكران لەووڵاتەكانی ئیمارات و دووبەی هاوردەدەكران و بەشی هەرەزۆری ئۆتۆمبێلەكانیش ئەی بی ئیس و بزوێنەرو هەیكلی ئۆتۆمبێلەكە بەگشتی پەكی كەوتبوو، ئۆتۆمبێل هاتۆتە لای ئێمە دەبۆی ئیستۆپی دواوەی هەر لەسەر نەبووە، و ئەتوانم بڵێم سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە لە هیچ پشكنینك دەرنە چوون، بۆیە دەستخۆشی لەحكومەتی هەرێم دەكەم بۆ ئەو بڕیارە، چونكە هەم رێژەی ئۆتۆمبێل زۆر زیاد ناكات هەمیش قوربانی كەم ئەبێتەوە و بڕیارەكە لە بەرژەوەندی گشتی سەلامەتی هاووڵاتییان بوو .
لای خۆشیەوە تەها مەهدی سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری هاتوچۆ بە زاری كرمانجی راگەیاند" وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدروا چاككرا و ژێرئاوكەوتووی قەدەغەكرد ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئەم بریارەی دەركرد، لە هەموو جیهان دا كێشەی هاتوچۆ یەكێكە لە هەرەكارەگرنگەكانی حكومەت كە زۆرترین بوجەی بۆ دابین دەكات بۆ ئەوەی كە مترین قوربانی ڕوبدات، وە ژێرخانێكی تایبەت دروست بكات بە سێكتەری هاتووچۆ، وەلەهەمان كاتیشدا ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروست بكات كە كەمترین ئۆتۆمبێل بەكاربهێنریت لە بەرچەندخاڵێكی گرنگ كەمترین ڕوودای هاتوچۆ ڕوبدات كە بریتین لە،پاك ڕاگرتنی ژینگە، كەمكردنەوی لۆدو جەنجاڵی، لایەنی ئابوری هاووڵاتییان، گەڕانەوەی كاتی زیادە بۆ هاووڵاتییان، چەندین هۆكاری دیكە .
گووتیشی " ئەمە جێگای دەست خۆشیە لە جەنابی وەزیر ئەم بریارەی دەركرد، ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و چالاك وانانی بواری هاتووچۆ دەمێكە هاوار مان دەكرد بابەس بێت هاوردە كردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان وە بەتایبەتیش ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە كەنداوەوە هاوردە دەكرێن . كە هیج مەرجێكی سلامەتی و توندووتۆلی تێدانییە وە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان . ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ئەمریكاو ولاتە ئەوروپیەكان هاوردەی كەنداو دەكرێن و لەوێش هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن لە رێگای جەند بازرگانێكی دەست رۆیشتوو . بەشێكی زۆر ئەو ئۆتۆمبێلانە لە فەحسی هەزە دەرناجن وە براوەن و هیچ مەرجێكی توندو تۆلیان تێدانییە .

زۆرترین بینراو