قەیرانی تەندروستی و كاریگەری له‌سەر پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان

مریەم سابر خدر
خوێندكار لە زانكۆی سۆران
لەماوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی covid19 ناسراو بە كۆڕۆنا،جیهان تێكڕا تووشی چەندان قەیران بۆتەوە .بێگومان تەندروستی و كەرتی خوێندن و پەروەردە زەرەرمەندی یەكەمن. بەهۆی ئەوەی كە ئەم دوو كەرتە سیلسیلەی ڕاگرتنی كۆمەڵگاو بەرەوپێشچوونی هەر میللەتێكن.هەموومان دەزانین بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، كوردستانمان لەبەردەم مەترسیەكی گەورەدایەو، باشترین چارەسەر لەم باروودۆخە هەستیارو مەترسیدارە،خۆپارێزی و دووربوونی خەڵكە لەیەكترەوە ڕوونتر بڵێم كەمكردنەوەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكانە لەسەر ئاستی تاك. لێرەدا ئەمەوێ ئاماژە بەو بڕیارانەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكان بكەم كە دەردەچن كاریگەرییەكی تەواوی دەروونییان خستۆتە دڵی خوێندكاران،بەتایبەت خوێندنی ئۆنڵاین،كە بەڕاستی كارەساتی بەدواوەیە،هەروەك دەزانین سیستەمی ئۆنڵاین شتێكی نامۆ نییە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵام بۆ هەرێمێكی وەكو كـــوردستان ئەوە كارێكی سەخت و بێ سوودە ،كە هەنگاوی ئەوتۆی بۆ نەهاوێژراوە ئەویش بەهۆی ئەو ژینگە پێنەگەیشتووەی ئێمەیە، كە خوێندكارو مامۆستاكانمان ئاشنای سیستەمێكی وەها ببن.
بۆیە دەبێ هەستیارانە سەیری ئەو بارودۆخەی خوێندن بكرێت، بەشێوەیەك كە كەمترین زیانی هەبێ. ئەگەر چاوەڕێی ئەوە بكەین بێ خۆپارێزی لەم نەخۆشیە گوزراوەیە دەرچین، ئەوا شتێكی مەحاڵە بەڵكو بە خۆپارێزیەوە دەست بكرێتەوە بە پڕۆسەی خوێندن، بەشێوەیەك پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكان سزای بۆ دابنرێت، ئەمەش وادەكات كاریگەریەكی ئەرێنی و باشی هەبێ لە داهاتوودا. ئێمە لەوە تێدەگەین و دەزانین كەئەم هەنگاوە هەنگاوێكی ناچاریە و بێ ئامادەكاریشە و ئامانجی تەنها نەفەوتاندنی ساڵێكی تەواو پڕ ماندووبوونی خوێندكارانە. بەڵام ئەبێ ئەوەشمان لەیادبێ كە سیستەمی ئۆنڵاین دەرفەتی نەفەوتاندنی ساڵێك دەڕەخسێنێت بـــــەڵام هەرگیز دەرفەتی فێربوون بۆ خوێندكار ناڕەخســــێنێت.
لەكۆتاییدا ئەمەوێ باس لە زیانەكانی خوێندن بەئۆنڵاین بكەم كە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
- نەبوونی و خراپی هێڵی ئینتەرنێت، هەروەها خراپی باری دارایی بەشێك لە خوێندكاران و نەبوونی شوێن و جێگەی پێویست بۆ خوێندن لە ماڵەكانیان.
- نەبوونی كارەبا لەكاتە پێویستەكان بەتایبەت ئەو كاتانەی بۆ خوێندكار دیاری دەكرێت،بەپێی خشتەكان،لەگەڵ ئەوەشدا كە بەشێك لە هێڵەكانی ئینتەرنێت بەكارەبا كاردەكات، یاخود ئەو خوێندكارانەی لە گوند نیشتەجێن هێڵی ئینتەرنێتیان خراپە، ئەمەش دەرفەتی بەشداریكردنیان لە لایڤەكان ئەفەوتێنێ.
- دەكرێت سیستەمی فێركردنی ئۆنڵاین بۆ بابەتە زارەكیەكان كەمێك گونجاوبێت، بەڵام بۆ بابەتە پڕاكتیكیەكان ئەوە هەر ناگونجێت، پەیامەكەیان ناگات بە خوێندكار.
- نەبوونی دەرفەتی گونجاو بۆ پرسیارو وەڵامی ڕاستەوخۆ و دروست بوونی كێشە لە ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كات و دێدلاین و ئەنجام دانی سمینارو نووسینی ڕاپۆرت.
- نەبوونی كوالێتی و باشی فێربوون ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی زیندەگی ڕاستەوخۆی خوێندكار بە بابەتەكانەوە،كە وادەكات خوێندكار سەرنج و هۆشی بەتەواوی لەگەڵدا نەبێت و كاریگەری خراپی لەسەر دەبێت و هاندان و ڕكابەری فێربوونی بۆ دروست نابێت.

زۆرترین بینراو