قەیرانی نەبوونی متمانە

ئیسماعیل ئیبراهیم

متمانەی نێوان شەقام و دامەزراوەكان و حكومەت و دەوڵەتداران پایەیەكی بەهێزی هەر وڵاتێكە، هەر كاتێك متمانە نەما ئیتر ئەم وڵاتە لەسەر یەك هەڵدەوەشێتەوە، لە كوردستان بەر لەوەی قەیرانی هەر پێداویستییەك بێت قەیرانی نەبوونی متمانەیە لە نێوان خەڵك و حكومەت بە هەموو دامەزراوەكانییەوە، ئەمەش وەك ڤایرۆسێكی رووخێنەرانە روو دەچێتە نێو هەموو كایەكان و جومگەكانەوە چ لە حكومەت و چ لە دەرەوەی حكومەت.
قەیرانی نەبوونی متمانە ئەوەندەی لایەنە سیاسییەكان لە نێوان خۆیان درووستیان كردووە، كمتر لە نێو شەقام هەبووە، یەك لایەنی سیاسی لە كوردستان متمانەی بە ئەوی دیكە نییە و هەموو دەم بە رۆئیای ترس لە پیلان مامەڵەیان لەگەڵ یەكتر كردووە، لەبەر ئەوە تاكی كوردستانی هەموو دەم لە دڵەڕاوكێ دایە كە ئایا كام حزب و لایەنی سیاسی یا گرووپێك لە دەرەوەی رێككەوتنە فەرمییەكان خیانەت لەوی دیكە و دواتریش لە نەتەوەیەك دەكات.
تا ئێستاش دەوڵەتدارانی كوردستان بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە كار جددی لەسەر دووبارە بنیادنانەوەی متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و خۆیان بكەن، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە هۆكاری بەشێكی زۆری قەیرانەكانن.
بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم لە رێگەی دامەزراوە زانستییەكانییەوە توێژینەوە لەسەر هۆكارەكانی نەمانی متمانە بكات، هەروەها چارەسەرەكەشی دیاری بكات تا كار بۆ بنیادنانی بكەن.
لە هەر وڵاتێك چەندە كار بۆ باشتر كردنی ژیانی هاووڵاتییان و بەرزكردنەوەی باڵاخانەكان و جوانتر كردنی شەقامەكان دەكرێت، ئەوەندەش سەرمایە گوزاری لەسەر بەهێز كردنی ئینتمای هاووڵاتییان كە لە متمانەوە سەرچاوە دەگرێت دەكەن.
بە وردبوونەوەیەكی زۆر رووكێشانە بۆت دەردەكەوێت كە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر جۆرە قەیرانێك هەندێك لە كۆمپانیاكان كە بەرپرسانی ئەم وڵاتە خاوەندارێتی دەكەن سوودی گەورە دەكەن واتە ئەوان لە پشت قەیرانەكانن و كار بۆ سەرهەڵدان و درووستبوونی دەكەن، ئەگەر ئەوانی لە پشت نەبێت ئەوە بەڕێوەبەرانی هەندێك لە دامەزراوە حكومییەكانی لەپشتە.
هاووڵاتییانی كوردستان بە درێژایی چەند ساڵی حوكومڕانی كوردستان ئەوەندەی رووبەڕووی برسییەتی و نەبوونی و نەمانی پێداویستییەكان و بەرز بوونەوەی نرخی كاڵا بوونەتەوە، خۆشییان بەچاوی خۆیان نەبینیوە.
بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێك پەنا بۆ بازاڕ دەبەن، ئیتر ئەوەی بكەوێتە بەردەستیان و بۆ خواردن یا خواردنەوە بشێت بەشی چەند مانگ دەیكڕن.
بەرپرسانی ئەم نیشتمانەش لە كەناڵەكانی راگەیاندن هاوار دەكەن هیچ مەترسییەك لە ئارادا نییە و كەل و پەل و پێداویستییەكانی ژیان زۆر زۆرە و نابڕێ، بەڵام نەك هەر سوودی نییە بەڵكو خەڵك زیاتر روو لە بازاڕەكاندا دەكەن، چونكە متمانەیان پێیان نییە و ئەو پەیامە وەك ئەوەیە خێراتر بڕۆنە بازاڕ و بەپەلە پێداویستییەكان بكڕن و زۆریش بكڕن.
بۆیەش دەبینین خەڵك بە چەندین كاتژمێر لە نۆبەتی بەنزین دەوەستێت و لە هەندێك شوێنیش هاووڵاتی بەشەڕ هاتن و كوشتن روویدا، لە ماوەیەكی كمدا ماسك لە بازاڕەكانەوە نەما، نرخی غاز پێنج ئەوەندەی هاتە سەر.
كاتێ كەرتی تەندروستی بەدەست كۆمەڵێك كەسەوە بێت و كوالێتی هێنانی دەرمان ئەوەندەی مەبەست لێ بازرگانی كردن بێت و بە دەرزییەك چاوی چەندین هاووڵاتی كوێر بكرێت و چەندی دیكەش لە كاتی نەشتەگەری یا بەهەڵەی پزیشكانەوە رووبەڕووی مردن ببنەوە ئیتر هاووڵاتی متمانەی بە تەندروستی نامێنێت.
ئاخر كەسێك بتوانێ غازی هاووڵاتییانی یەك وڵات بوەستێنێت، خەڵك شەڕ لەسەر بەدەست خستنی دەكەن.
هاووڵاتییەكی سادە و هەژار بە هۆی نەبوونی دەست بۆ حەفازە و شیری ووشك دەبات چەندین ساڵ دەخرێتە ژوورەوە، بەڵام ئەو دزە زەبەلاحانە چاوپۆشییان لێ دەكرێن و لەسەرووی یاسا و دادوەرانەوەن، ئیتر هاووڵاتی متمانەی بە كام یاسا هەبێت.
كاتێ ئەو هەموو خوێندنگە ناحكومییانە بنیاد دەندرێن جیاوازی چینایەتی زۆر دەكرێت و هاووڵاتی دەبینێت حكومەت و دەوڵەتداران لەپشت ئەم جیاوازییەن ئیتر ئینتیما و متمانە قسەی بێ مانایە.
بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەر لە هەموو كارێك هەوڵ بدات متمانەی راستەقینە بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە تا لە باقی قەیرانەكانی دیكە رزگاری بێت.

 

زۆرترین بینراو