كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق بەم شێوە سەركەوتوو نابێت

كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق بەم شێوە سەركەوتوو نابێت


زاری كرمانجی- هەولێر: لە كاتێكدا هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان لە گفتووگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقین، بەڵام بەشێك لە كەسایەتییە سیاسییەكان پێیان وایە بەهۆی زاڵ بوونی هەژموونی میلشیاكان حكومەت سەركەوتوو نابێت.
دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە" كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، كابینەیەكی لەرزۆك دەبێت و هیچ حكوومەتێك بەو شێوەیە لە عێراق سەر ناگرێت، لەبەر ئەوەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە توانای سەرۆك وەزیراندا نییە، لەبەر ئەوەش كورد و سووننە بەشداری بكەن، یان نەیكەن، حكوومەت هەر پێك دێت، بەڵام دواتر هەرزوو تێكیش دەچێت."
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەڵێت: "هێشتا حكوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ نەدراوە، كەچی سەدر هەڕەشە دەكات، كەواتە حكوومەتی داهاتووش هەر لە ئێستاوە بەرەو لەناوچوون دەچێت."
دكتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی كردەوە: "پڕۆسەی سیاسی لە عێراق شكستی هێناوە و بە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ چارەسەری كێشەكان ناكرێن، لەبەر ئەوەی عێراق كەوتووەتە دەست میلیشیات و خەڵكێك هەركاتێك چۆنیان ویست بەرنامەی خۆیان جێبەجێ دەكەن، كەواتە حكوومەت و سەرۆكوەزیران هیچیان بەدەست نییە."

زۆرترین بینراو