كابینەی نوێ دەتوانێت لە ئاست داخوازییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت

كابینەی نوێ دەتوانێت لە ئاست داخوازییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت

دیدار –ڕائیب شێروانی: لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئومێدبەخشن و ئومێد دەدەن بە خەڵكی كوردستان كە حكوومەت بەفیعلی ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە. دەشڵێ:" كاری پەرلەمانتاران بەدواداچوون و دەرخستنی یاسایە، بە دواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی خەڵك دەكەین، یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانی فراكسیۆنی پارتی پرسی چاكسازییە كە بە جددی لەسەر ئەو پرسە دەوەستین.
لەیلا عەبدولجەبار، رایگەیاند:" ئەم هەنگاوانەی حكوومەت ئومێد دەدەن بە ‌خەڵكی كوردستان كە بەفیعلی ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە، پشتگیری و پشتیوانیی كارنامە و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە یەكەم كۆبوونەوەیدا ئەنجوومەنی وەزیران شەش بڕیار‌ی دەركرد و سەرەتاش لە پلە باڵاكانەوە دەست پێ دەكات ئەمەش گرنگە، ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستانەوە بەدواداچوونی جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكەین و چاودێر دەبین.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی، گوتیشی:" ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت لە بەردەمی پەرلەمان و دیاریكردنی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە كارنامەی حكوومەت ئاماژەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی خەڵك هەست بە دڵنیایبوون بكەن و بۆیان دیار بێت كە ئەم حكوومەتە نیەتێكی جددی هەیە و كار دەكات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دەستپاكی ئاشكراشی كرد:" كاری پەرلەمانتاران بەدواداچوون و دەرخستنی یاسایە، بە دواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی خەڵك دەكەین، ئەو دامودەزگانەی كە وەكو پێویست كاری خۆیان ناكەن، بە شێوەیەكی گشتی بەدواداچوون دەكەین بۆ هەموو ئەو بابەتانەی كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندانە، ئەو یاسانەی كە لە پەرلەمان دەردەچن، بۆ ئەوەیە كە زۆرترین خەڵك سوودمەند بێت، كارنامەی حكوومەت لەبەر دەستی پەرلەمانتارانە، خاڵی گرنگ دەست نیشان كراون، بۆیە لەو بڕوایەداین كە ئەو كابینەیە دەتوانێت باشترین خزمەت بە هاووڵاتیان بكات، ئەركی ئێمە خزمەتكردنی هاووڵاتیانە و پەرلەمان و حكوومەت تەواوكەری یەكدی دەبن، هەر دوو یەك ئامانجیان هەیە و پێكەوە خزمەتی هاووڵاتیان دەكەن، حكوومەت لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا چەند ڕێنماییەكی دەركرد، ئەركی ئێمەیە بەدواداچوون بكەین كە تا چەند ئەو رێنمایانە جێبەجێ دەكرێن، بۆیە ئێمە بە شێوەیەكی زۆر ورد چاودێری كارەكانی حكوومەت دەكەین خەڵك چاوەڕێی ئەوە لە حكوومەت دەكات كە پرسی گەندەڵی چارە بكات، كە ئەمڕۆ زۆرترین خەڵك باس دەكات و بە پرسێكی گەورە دەزانێت، ئەگەر گەندەڵی كەم بوویەوە، چاكسازی كرا، دادپەروەری و یەكسانی دروست دەبێت، بۆیە یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانی فراكسیۆنی پارتی پرسی چاكسازییە كە بە جددی لەسەر ئەو پرسە دەوەستین.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی روونیشیكردەوە:" گەورەترین كێشە نەبوونی دادوەرییە، كابینەی پێشوو چەندین دەستكەوتی هەبووە و ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بووە كراوە، بەڵام رەوشی سیاسی و ئابووری هۆكار بووە كە وەكو پێویست خزمەتی هاووڵاتیان نەكات، بەڵام ئەو قۆناغە جیاوازە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەبن، رەوشی ئابووری رۆژ بۆ رۆژ باشتر دەبێت، ئێمە دەبینە تەواوكەری كابینەی رابردوو، بەڵام ئەم قۆناغە جیاوازە و بێگومان شتی باشتر دەكرێت، ئەوەی خەڵكیش داوا دەكات زیاتر پرۆژەی خزمەتگوزاری و بڵاوكردنەوەی یەكسانی و دادپەروەرییە لەناو دامودەزگاكانی حكوومەت.
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دەستپاكی جەختی لەوەشكردەوە:" كابینەی نۆیەم لە ئاست داخوازییەكانی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، چونكە هەم كارنامەی حكوومەت، هەمیش یەكەم كۆبوونەوەی حكوومەت جێگەی دڵخۆشكەر بوون بۆ خەڵكی كوردستان، كە شتی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان دەكرێن و زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان دەكەن، بەدواداچوون بۆ هەموو كێشەكان دەكەین، ئەو بڕیارانەی كە تا ئێستا دەركراون پەرلەمان بەدواداچوون دەكات بۆ ئەوەی تا چەند جێبەجێ دەكرێن.
عەبدولجەبار، ئەوەشی دركاند:" یەكەم پرۆژە كە كاری لەسەر بكەین و پەسەند بكەین پرۆژەی چاكسازی دەبێت، بابەتی گەندەڵی بابەتێكی بچووك نیە كە بتوانین بڵێین لەو چوارساڵەدا دەتوانین بڕبڕ بكەین، بەڵام هەموو هەوڵەكانی ئێمە بۆ ئەوە دەبێت كە گەندەڵی بەرەو كەمبوونەوە ببەین، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە، گەندەڵی هەر ئەوە نیە كە تۆ ماڵی حكوومەت ببەی، بەڵكو رێنماییەكانی حكوومەت كە لە یەكەم كۆبوونەوە بڕیاری لەسەر درا باسی دەوام دەكات، دەبێت تۆ لە شتی بچووكەوە دەست پێ بكەی تا دەگەیە شتی گەورە.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی زیاتر گوتی:" هەولێر و بەغدا هەوڵ دەدەن كە كێشەكانیان چارە بكەن، بۆیە لەو بڕوایەدام هەر دوو لا دەگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا دەبێت.
لە كۆتاییدا لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دەستپاكی گوتی:" ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هەموو مەبەستی ئەوە بێت كێشەكان دەست نیشان بكات دەتوانێت باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیانی كوردستان بكات، بەڵام ئەگەر هەموو ئامانجی ئەوە بێت رێگر بێت لەبەردەم دەستكەوتەكانی حكوومەت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ئەوە شتێكی دیكەیە".

زۆرترین بینراو