كاتێك كورد ئیسلام بووە تورك هەر ئیسلامیشی نەناسیوە

نەوزادی موهەندیس

سەرەتا دان بەو ڕاستییەدا دەنێم كە هەڵبژاردنی دین و مەزهەبەكان كارێكە هیچ تاكێك خۆی لە هەڵبژاردنیدا ئازاد نەبووە، بەڵكو لە دایك و باوكەوە بۆی ماوەتەوە. هەروەها بەشێوەیەك لەشێوەكان دەچنە ‌چوارچێوەی ئازادی تاكەكەسییەوە كە مافی هیچ كەس نیە ڕەخنەی پێ‌ لەكەسانی تر بگرێت. بەڵام كاتێك كار گەیشتەوە ئەوەی بەرامبەرەكەت خۆی بە ئیسلام دادەنێت و تۆش بە كافر و سوپایەكیش بەناوی ((سوپای موحەمەدیەوە و بەدەسپێكی سورەتی فەتح ))ەوە دەنێرێتە سەر خاك و گەلەكەت و قەتڵ و عامت دەكات وەك ئەوەی جیهادی كردبێت دژی كافران و لەدەرەوەی خاكی ئیسلام. ئیتر هیچ بوارێك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی كە قسەنەكەیت و وەڵام نەدەیتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەردۆگان و حیزبەكەی ئاكەپە بەناو ئیسلامەوە دەیكەن بەرامبەر هەموو كورد و بەتایبەتیش لە ڕۆژئاوی كوردستان، تەنانەت لەلایەن مەسیحی و جولەكەكان و بێ ‌دینەكانیشەوە مایەی قبوڵكردن نیە. بۆیە حەزمكرد بە داتاو زانیاری و ئامار جیاوازی لەنێوان ئێمەی كورد و توركدا بكەم و پیشانی بدەم كە چۆن كورد دڵسۆزترین جەنگاوەری ئیسلام بوون و چۆنیش بوونەتە ئیسلام.
1- كورد لە سەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتابدا بوونەتە ئیسلام و كوردستان كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامەكانەوە لەساڵی 16 بۆ 20 كۆچی و تەنانەت بێ‌ بەرەنگاری و شەڕێكی قورسیش.
2- لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا بەنزیكەیی 5500 مزگەوت هەیە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 1000 مزگەوت نوێژی هەینی تیادا دەكرێت كە دەگاتە 1 ملیۆن نوێژكەر. لەكۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كە نزیكەی 5 ملیۆن كەسە. هەر یەك كەس ((0,001)) مزگەوتی بەردەكەوێت.
3- سەدان و هەزاران كەڵە پیاوی ئاینی و نووسەر و شاعیر و ئەولیا و پیاو چاك و زانا لە كوردا هەڵكەوتوون كە بوونەتە نموونەی زیندووی گەشاوەی هەموو دونیای ئیسلام.
* توركیا لە سەردەمی خەلیفەی ڕاشدی عوسمانی كوڕی عەفاندا ئیسلامی پێگەیشتووە، واتە لەدوای كوردەوە تورك بوونەتە ئیسلام و تورك بە شەڕ و جیهاد بوونەتە ئیسلام. لە ئێستادا كە ژمارەی توركیا 80 ملیۆن كەسە، تەنها 84684 مزگەوت هەیە. واتە هەر یەك كەس ((0,001)) مزگەوتی بەردەكەوێت. كە لێرەدا دەردەكەوێت كورد بەهێندەی تورك و بگرە زیاتریش مسوڵمانترە.
* لەبەرامبەریشدا و لەساڵی 2002وە كە ئاكەپە و ئەردۆگان بوونەتە دەسەڵاتدار لە توركیادا كە بەناوی حزبێكی ئیسلامی و ئیخوانییەوە هاتوونەتە سەر حوكم، بەم شێوەیە دینی بەكار هێناوە بۆ خزمەتی مانەوەی خۆی و حزبەكەی و لە هیچ كارێكی ناشەرعی و ناڕەوا و بەدڕەوشتیش سڵی نەكرۆدۆتەوە ئەوەتا:
1- لەدەستووری نوێی توركیادا دینی ئیسلام دینی ڕەسمی نییە كە كمال ئەتاتورك دایناوە، تا ئیستا و لەو هەمواری دەستوورەی كە ئەردۆگان كردی نەیتوانی یا نەیكرد كە ئەو مادەیە هەموار بكاتەوە و ئیسلام بكاتە دینی ڕەسمی.
2- بەپێی مادەی 227 لە یاسای ژمارە 5237ی توركیا كە لە 26/9/2004 پەڕلەمان پەسەندی كردووە و لەساڵی 2005دا كەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە دەڵێت ( حوكمی بەندكردن بۆ ئەو كەسانەی كە بەدڕەوشتی دەكەن لەنێوان 2-4 ساڵدایە، بەڵام ئەو كەسانەی كە بەویستی خۆیان ئەو كارە دەكەن هیچ سزایەكیان بۆ نیە). ئەمەش دوو ڕوویی ئەردۆگان و ئاكاپە دەردەخەن كە چۆن ڕێگەیان بە بەدڕەوشتی داوە لەكاتێكدا خۆیان بە ئیسلام و موسڵمان دادەنێن.
3- بەپێی چەند ئامارێك: لەماوەی 13 ساڵی دەسەڵاتی ئاكاپە و ئەردۆگاندا ڕێژەی بەدڕەوشتی لە توركیادا بە ڕێژەی 1680% زیادیكردوە. بەشێوەیەك :
15هەزار ماڵی بەدڕەوشتی مۆڵەتپێدراو هەیە جگە لە بێ مۆڵەتەكان. تەنها لەشاری ئەستەمبوڵدا 3 هەزار كچ و ژن ئەو كارە دەكەن. كمال اورداك سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ و تەندروستی جنسی دەڵێت ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەبواری بەدڕەوشتیدا كاردەكان دەگاتە 300هەزار كەس لەژن و لە پیاو.
4- تەمەنی خانەنشینی بەدڕەوشتكار بە 60 ساڵ دیاریكراوە بە پێی یاسای توركیا و تائێستاش كاری پێدەكرێت.
5- توركیا لەسەر ئاستی دونیادا 14 هەمین وڵاتە كە كاری بەدڕەوشتی تیادا دەكرێت بەناوی گەشتوگوزارییەوە.
6- داهاتی ساڵانەی توركیا لەكاری جنسی و بەدڕەوشتیەوە دەگاتە 4 ملیار دۆلار.
7- لەساڵی 2002دا 2669 كەس تۆتمەتباركراون بە كاری بەدڕەوشتی و لەساڵی 2007دا بۆتە 4494 كەس و لەساڵی 2011دا بۆتە 8409 كەس.
8- لەوڵاتی توركیای ئیسلامی ئەردۆگان و ئاكەپەدا، بەدڕەوشتكاران لە پیاو و لە ژن بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە داوایان كرد (سەندیكایەك)یان بۆ دابمەزرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەمافەكانیان بكات. ئەوە بوو لەساڵی 2013دا ئەو ئاواتەیان هاتە دی و سەندیكایەكیان بۆ دامەزرا لەسایەی دەسەڵاتی خەلیفە ئەردۆگانەوە بەناوی(سەندیكای چەتری سوور)وە.
* كەچی لە ئێستادا ئەردۆگان و بەناو پیاوە ئاینی و مەلاكانییەوە جیهاد ڕادەگەیەنن دژی كوردی مسوڵمان و سورەتی فەتح لەهەموو نوێژێكی بەیانیاندا دەخوێنن بەدرێژایی هێرشەكەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا. بۆیە دەڵێم كورد چەندە دڵسۆز و ساویلكە بووە لەوەرگرتن و جێبەجێكردنی دینی ئیسلامدا، بەڵام سەد ئەوەندەش بەناوی دینەوە ئەنفال و جینۆساید و پاكتاوی ڕەگەزی و كیمیاویباران كراوە و قەتڵ و عامكراوە لەسەر دەستی بەناو برا مسوڵمانەكانییەوە.
*بۆیە ئەردۆگان هیچ كات ناتوانێت ئیسلامەتی ڕاستەقینە بەكورد بفرۆشێتەوە و خۆیمان لێبكات بە خەلیفە و كوردیش بەكافر.تاوانی كورد تەنها ئەوەندەیە كە خاوەنی دەوڵەت و هێز ودینێكی تایبەت بەخۆی نیە.گەر ئەوانەی هەبوایە سەدانی وەك ئەردۆگانی لەگۆڕدەنا.

زۆرترین بینراو