كارزان شاكر : نێچیرڤان بارزانی كارێزمایەكی سیاسی سەركەوتووە و هەمیشە لە ساتە قورسەكان هەنگاوی سیاسی گرنگی هەیە

كارزان شاكر : نێچیرڤان بارزانی كارێزمایەكی سیاسی سەركەوتووە و هەمیشە لە ساتە قورسەكان هەنگاوی سیاسی گرنگی هەیە

رەمەزان هەرنی – هەولێر: چاودێرانی سیاسی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان بە گرنگ دەزانن. چاودێرێكی سیاسییش دەڵێ:" كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حكوومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان گرنگی خۆی هەبوو بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دەبێت.
رۆژی 5/11/2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ حزب و لایەنەكانی كوردستان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لە یەكڕیزی یەكگوتاری حزب و لایەنە كوردستانییەكان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە كرایەوە.
كارزان شاكر, چاودێری سیاسی بۆ زاری كرمانجی گوتی:" كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و زۆربەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا كە عێراق پێدا تێپەڕ دەبێت هەرێمی كوردستان بەدەر نیە لە دەرئەنجامەكانی خۆپیشاندانەكانی عێراق كە لە گۆرەپانی تەحریر لە بەغدا دروست بووە، ئەو رەوشەی لە عێراق دروست بووە كاریگەری لەسەر سیستەمی شەقامی گشتی هەیە, بابەتی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت, تا ئێستا كوردستان بەشێكە لە سیستەمی سیاسی عێراق, ئەو تەوژمەی لە عێراق هەیە كاریگەری خۆی لەسەر كوردستانیش دەبێت، هەرێمی كوردستان دوای رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر توشی گۆڕانكاریەكی سیاسی بوو, لە شەڕی داعشەوە تا ئێستا گۆڕانكارییەكان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن لە ناوچەكەدا, ئەو بارودۆخەی دوایی وای كرد دووركەوتنێك دروست بێت لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان, دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان درێژترین مەودای پێكهێنانی هەبوو كابینەی نۆیەم لە دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە سیاسییە بوو كە لە رابردوو دروست ببوو, نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەسایەتی لە شەقامی سیاسی لە هەرێمی كوردستان یان لە شەقامی سیاسی عێراق و ناوچەكە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەوە دەناسرێت كارێزمایەكی سیاسی سەركەوتووە هەمیشە لە ساتە قورسەكان هەنگاوێكی سیاسی گرنگی هەیە كە كار لەسەر ئەنجام دەكات, كار لەسەر ئەوە رووداوانە دەكات كە چەق بەستوونە, هەمیشە لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەتوانن لێك نزیكبوونەوەیەك دروست بكەن, ئەوەش بۆ شارەزایی و كارێزمایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە، كە توانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ بكاتەوە, بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە بە پێی ئەو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان و شەقامی عێراقی لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی هێور دەكرێتەوە.
كارزان، ئەوەشی گوت:" نێچیرڤان بارزانی، بۆ داهاتووش دەتوانێت ئەو میكانیزمە دروست بكات بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان, هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم لە كارنامەی خۆی وەك سەرۆكی هەرێم و ئەو كاتەی سەرۆكی حكوومەتیش بوو وەك كەسایەتیەكی سیاسی گەنج لە سەرەتایی كاری سیاسییەوە زۆر ووردە لە كارەكانی بە رژدی كاری خۆی كردووە, پێویستە بیر لە بیركردەوەی لایەنە سیاسییەكان بكەینەوە لەسەر ئاستی بەرپرسیاریەتی, كا خۆ لایەنە سیاسییەكان چەند دەتوانن بەرنامەیی كاری سەرۆكی هەرێم بۆ لێك نزیك بوونەوە جێبەجێ بكەن, پێشتریش هەمیشە لایەنە سیاسییەكان هاتوون و كۆبوونەتەوە واژووی رێككەوتنی سیاسی كراوە، بەڵام لە راستیدا لە لێدوانی سیاسییدا هەڵچوونی سیاسی هەبووە، بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بەوە هەیە بەرپرسیاریەتی سیاسیی تێدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پرۆسەی سیاسی لە كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەركەوتوو بێت.
كارزان ئەوەشی خستەروو:" كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر جێگیركردنی بەرژەوەندییەكانی كورد لە هەر ئەگەرێك كە دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە، یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت، یەك هەڵوێستی و یەكدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كاریگەری راستەخۆ لەسەر پرۆسە سیاسی عێراق دەبێت، یان گۆڕینی دەستووری عێراق لەهەر ئەگەرێكدا بێت پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەستی نیشتمانپارێزی هەبێت بۆ ئەوەی رێگر بن لەهەر ئەگەرێكدا لەبەر ئەوە بارودۆخی عێراق، پێویستە هەموو ئەگەرێك لەبەرچاو بگیرێت, كە خۆپیشاندان دەستی پێكرد داواكارییەكیان هەبوو ئێستا بەخێراترین كاتدا گۆڕا, پێویستە چاوەرێی هەموو شتێك بكرێت بۆیە یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆر گرنگە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بە قورساییەكی باشتر هێز و لایەنەكان یەكگرتوو بن, كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەم كات و ساتە دا زۆر گرنگی خۆی هەبوو بۆ كوردستان پێویستە ژووری عەمەلیاتی سیاسی دابنرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكات و هێز و لایەنە سیاسییەكانی تێدا كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك گۆڕانكاری بكرێت بریاری سیاسی لەسەر بدرێت".

بیروڕا

زۆرترین بینراو