كاركردن لە تونێلی بەنی هەریر بەردەوامە و هاووڵاتییان داوای تەواو كردنی دەكەن

كاركردن لە تونێلی بەنی هەریر بەردەوامە و هاووڵاتییان داوای تەواو كردنی دەكەن

موڕشید برادۆستی– خەلیفان: ماوەی شەش كۆمپانیایەكی توركی خەریكی درووست كردنی تونێلێكە لە نێوان هەریر و خەلیفان، تا ئێستە نیوەی كارەكان تەواو بووە، بە تەواو كردنی پڕۆژەكە مەودایەكی زۆر لە رێگەی هەولێر بۆ هاووڵاتییانی هەر چوار قەزای دەڤەری سۆران كورت دەكاتەوە .
حكومەتی هەرێم، بەمەبەستی كار ئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان ئەزموونی لێدان و دروست كردنی تونێلی هێناوە بۆ كوردستان، بەپێی قسەی شارەزایانی بواری رێگا و بانیش بێت، دروست كردنی تونێل سوودی زۆری هەیە و رێگاكان بۆ ماوەیەكی زۆر كورتتردەكاتەوە و سەلامەترن و سیمایەكی جوانیش دەبەخشێت .
لە چوارچێوەی درووست كردنی تونێلەكانی كوردستان، تونێلی بەنی هەریریش یەكێە لە تونێلەكانی تر لە ئێستەدا لە قۆناغی درووست كردندایە كە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2009، بە بڕی 138 ملیار دینار لە لایەن وەزارەتی ئاوەدان كردنەوەی حكومەتی هەرێم چووە واری جێبەجێ كردن و دووای یەك ساڵ لە كاركردن 50%ی كارەكانی تەواو كرا و بۆ ماوەی سێ ساڵ كارەكانی راگیرا تا ئێستە نەتوانراوە تەواو بكرێت، هەرچەندە كاركردنی تێدا بەردەوامە.
هاوولاتییان تەواو بوونی پڕۆژەكە بە پێویست دەزانن، وەك هەرێم محەمەد ، كە هاووڵاتییەكی دانیشتووی سۆرانە بۆ زاری كرمانجی باسی لەوە كرد" حكومەتی هەرێم پێویستە گرنگی زیاتر بە رێگەی سەرەكی هەولێر – حاجی ئۆمەران بدات، چونكە جیا لەوەی رێگەیەكی بازرگانییە و رۆژانە سەتان باڵ هەڵگر و ئۆتۆمبێلی تر هاتووچۆ دەكەن، ئەمەش وای كردووە رێگاكە چاڵ و تاسەی تێدابێت و یەك سایدیشە، بۆیە تونێلەكە رێگاكە بە شێوەیەكی بەرچاو كورت دەكاتەوە و دەبێتە دووسایدیش ئەمەش سەلامەتی ئێمەی شوفێران و هاووڵاتییان دەپارێزێت".
بە گووتەی ئەو هاووڵاتییە، بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی كە پێچەكانی سپیلك نەمێنن و لە خەلیفان راستەوخۆ بە هەریر و شەقلاوە دەگەین، واتە پێویست ناكات بە پێچەكانی سپیلك و نێو هەریر و باتاس بڕۆین، ئەمەش ئاسنكاری زۆر باش بۆ هاووڵاتییان درووست دەكات، بەمەش ئەكرێ بڵێین كە رووداوی نەخوازراو كەمتر دەبێتەوە ، ئەمە جیا لەوەی كە دووری رێگاكە كەم دەكاتەوە، دەشڵێ" جێی خۆیەتی حكومەتی هەرێم ئاوڕێكی جددی لەو پڕۆژەیە بداتەوە و بیخاتە پێشەنگی ئەو پڕۆژانەی كە ناكرێت كاركردن تێیدا بوەستێنرێ ، چونكە خەڵكی ئەو دەڤەرە ، بەهۆی ئەوەی كە تاكو ئێستاش شاری سۆران نەكراوە بە پارێزگا یاخود ئیدارەیەكی سەربەخۆ، رۆژانە سەردانی شاری هەولێر دەكەن بۆ تەواوكردنی كاروباریان، لە هەمان كات رێگایەكە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییانە بۆ ئێرانیش، بە كردنەوەی ئەو تونێلە رێگاكە هەم ئاسانتر و هەمیش نزیكتر دەبێت".
دڵگەش عەبدوڵڕەحمان كاری شوفێری لە نێوان هەولێر – سۆران دەكات بە زاری كرمانجی گووت" تەواو كردنی بەنی هەریر بۆ ئێمەی شوفێرانیش سوودی یەكجار زۆری هەیە، سەرباری ئەوەی بە هۆی دووساید بوون رێگاكە سەلامەترە لەهەمان كاتیش رێگاكە چەندین كیلۆمەتر كورت دەبێتەوە و بەمەش ئاسانكاری بۆ هاتووچۆ دروست دەبێت".
زیاتر گووتی " تەواو كردنی تونێلی بەنی هەریر – ئاڵانە بۆ هاووڵاتییانی كوردستان و دەڤەری سۆران بە تایبەت سوودی هەیە، چونكە دەڤەرەكە گەشتیاریە و خەلكی شارەكانی كوردستان و تەنانەت عێراقیش بۆ گەشت كردن روو لە سۆران و رواندز و سنوورەكە دەكەن، لە هەموو وڵاتانیش كەرتی گەشت و گوزار گرنگی و تایبەت مەندی خۆی هەیە و لە رووی ئابووریەوە سوودی بۆ حكومەتیش هەیە، بۆیە پێویستە رێگا و بانەكانیش بە شێوەی ئەندازیەی و رێك و پێك چا بكرێن".
لای خۆشیەوە، كاروان كەریم خان گوندەژۆری بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان رای گەیاند" تونێلی بەنی هەریر – ئاڵانە یەكێكە لە بڕگەكانی شا ڕێی هەولێر – سۆران لەسەر رێڕەوێكی نوێ دروست دەكرێت چەند ساڵێكە پڕۆژەكە دەستی پێكردووە و بەشێكی زۆری كارەكانیان بە ئەنجام گەیاندووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە لە كات و ساتی خۆیدا تەواو بكرێت".
زیاتر گووتی" بەشێك لە پڕۆژەكە بریتی بووە لە كون كردنی چیای بەنی هەریر ئێستەش هێدی هێدی دەست كراوە بە جێبەجێ كردنی قۆناغی تری پڕۆژەكە، ئەگەر كەشێكی لە باری دارایی هەبێت پڕۆژەكە بەردەوام بێت .50%ی كارەكان جێبەجێ كراون، بە تەواو كردنی پڕۆژەكە سوودی زۆری دەبێت بۆ كەمكردنەوەی مەودای رێگاكە و سەلامەتی هاووڵاتییان ".
سەرپەرشتیارێكی پڕۆژەی تونێلی بەنی هەریر بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد" ماوەی شەش ساڵە كۆمپانیایەكی توركی خەریكی درووست كردنی تونێلی بەنی هەریر – ئاڵانەیە كەماوەی یاسایی پڕۆژەكە تەنها سێ ساڵ بوو، هۆكاری دواكەوتنەكەش بۆ دابین نەكردنی پارە دەگەڕێنێتەوە لە لایەن حكومەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەت پارەمان بۆ دابین نەكات، بێگومان كاركردن لە تونێلەكە دووبارە رادەگیرێتەوە، پێویستە حكومەت گرنگی بە پڕۆژەی وابدات بۆ بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان".
شایەنی باسە، لە سەر و بەندی درووست وبونی قەیرانی دارایی، ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی ستراتیژی لە شار و شارۆكەكانی كوردستان كاركردنییان تێدا وەستاوە و تا ئێستەش دەست بەجێ بەجێ كردنی نەكراوە.
تونێلی بەنی هەریر – ئاڵانە كەوتۆتە سەر رێگەی سەرەكی هەولێر – حاجی ئۆمەران ، بە پڕۆژە گرنگەكانی كوردستان دادەندرێت، درێژی تونێلەكە 3565 مەتر و بە شێوازێكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت .
رێگەی سەرەكی هەولێر – حاجی ئۆمەران كە رێگەیەكی بازرگانییە و دەروازەیەكی نێودەوڵەتی لەسەرە، بەهۆی بەرتەسكی و خراپی رێگاكە ساڵانە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی دەبنە قوربانی و بەردەوام رووداوی لێ روودەدەن.

زۆرترین بینراو