كاركردن لە پڕۆژەی دووساییدی (چۆمان-حاجی ئۆمەران) دەستیپێكردەوە

كاركردن لە پڕۆژەی دووساییدی (چۆمان-حاجی ئۆمەران) دەستیپێكردەوە

هەفتەی رابردوو تیمەكانی كۆمپانیای جێبەجێكار دەستیان كردەوە بە كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیژی بەدووساییدكردنی رێگای سەرەكی هامڵتۆن لە نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران).
فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای ئەوەی شاندێكی كۆمپانیای (ماركۆ ئەلێكس) كە جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە سەردانیان كردین و پێیان راگەیاندین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە دەستبكرێتەوە بە كاركردن لەم پڕۆژەیە، هەفتەی رابردوو تیمەكانی كۆمپانیا بە فەرمی دەستیان بە كاركردن كردووە لە سنووری حاجی ئۆمەران".
گووتیشی " لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تیمەكان خەریكی فراوانكردن و تێكەڵەرێژكردنن لە دووساییدەكە و بڕیارە بە درێژایی نزیكەی حەوت كیلۆمەتر لە سەرەتا كاربكەن و دواتریش كارەكانیان فراوانتر بكەن".
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی پلاندانان بە ژمارە 1924 لە بەرواری 10-7-2019 كە ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كراوە ئاماژە بە دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی دووساییدی رێگای گشتی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) كراوە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران خۆشحاڵی خۆی بە دەستپێكردنەوەی ئەم پڕۆژەیە دەربڕی و رایگەیاند" رێگاكە كێشەی زۆری بۆ هاموشۆكارانی رێگاكە دروست كردبوو، چونكە رۆژانە بە هەزاران كامیۆنی بارهەڵگر بەم رێگایەدا رەت دەبن و رێگاكەش مەرزێكی نێودەوڵەتی لەسەرە كە هەرێمی كوردستان بە كۆماری ئیسلامی ئێران دەبەستێتەوە و شادەمارێكی ئابووری گرنگە بۆ هەردولا".
هەرچەندە چەند ساڵێكە ئەم پڕۆژەیە كاری تێدا دەكرێت و لەساڵی 2016 بەهۆی قەیرانی دارایی وەستا، بەڵام تا ئێستا تەواو نەكراوە و كێشە و ئارێشەی زۆری بۆ شۆفێر و گەشتیارانی رێگاكە دروستكردووە و بووەتە هۆكاری روودانی رووداوگەلێكی زۆر لە سنوورەكە.
لە ساڵی 2012 حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، بڕیاریدا رێگای گشتی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) بە درێژاییی 17 كیلۆمەتر، وەك قۆناغی یەكەمی بەدووساییدكردنی رێگای نێوان (سۆران-حاجی ئۆمەران) بكاتە جوتسایید و بڕی 51 ملیارد دیناری بۆ تەرخانكرد، بەڵام لە 2016 بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش، كە 45%ی كارەكانی بەكۆتا هات، بەڵام پڕۆژەكە وەستا، ئێستا كۆمپانیای ناوهێندراو بەهەمان گرێبەستی پێشوو دەیەوێ دەستبەكارەكانی بكاتەوە، بەڵام دیار نییە ئەمساڵ چەند كارەكانیان جێبەجی دەكەن.

زۆرترین بینراو