كاروان گەزنەیی: لە ئێستادا بەرزترین مەرجەعی سیاسی دەستووری هەمیشەی عێراقە

كاروان گەزنەیی: لە ئێستادا بەرزترین مەرجەعی سیاسی دەستووری هەمیشەی عێراقە

زاری كرمانجی- سۆران: لە دیمانەیەكی تایبەت بە زاری كرمانجی، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایگەیاند" پرسی چاكسازی پرسێكی زۆر گرنگە، وا دەردەكەوێت كە كاری لە پێشینەی هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمان بێت، لێ چاكسازیكردن پێویستی بە شڕۆڤەكردنە".
*سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان گەرێكی سەردانی كردنی بۆلای حزبە سیاسییەكان ئەنجام دا، مەبەست لەم سەردانی كردنە چی بوو؟.
- ئامانج لەم سەردانیكردنانە بریتین لە یەكخستنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان و كۆگیریكردن لە مەڕ پرسی ئامادەكردنی پڕۆژەی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی، ئەم زنجیرە سەردانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كارێكی زۆر باش و ئەرێنییە و بەبێ یەكڕەنگكردنی دەنگە جیاوازە سیاسییەكان، مومكین نییە پرسگەلێك تێبپەڕێندرێن كە ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە.
*هەوڵتان چی دەبێت حكومەتی فیدراڵی بێننە ژێربار بۆ قەرەبوو كردنەوەی قوربانیانی ئەنفالی گەرمیانییەكان، بارزانییەكان و هەڵەبجە، جینۆساید؟
- چوارچێوەی كاری پەرلەمان دیاریكراوە، بەشێك لە هەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پێڕەوین و بەشەكەی دیكەیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكانن. پەرلەمان لە ژێر سێبەر و چەتری دەستوور، یاسا، ڕێنمایی و عورف و ئاداب كار دەكات، لە ئێستا بەرزترین مەرجەعی سیاسیش، دەستووری هەمیشەی عێراقە. ماددەی 132 لە دەستووری هەمیشەی عێڕاق حكومەتی ناوەندی ناچار و پابەند دەكات بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیان لێكەوتووانی جینۆسایدە یەك لە دوا یەكەكانی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە، وەك كاری جێبەجێكاریش، ئەمە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە جەخت لە جێبەجێكردنی ئەم دەستوورە بكاتەوە و پەرلەمانی كوردستانیش بەپێی یاسای ژمارە1 لە ماددەی 56ی ساڵی 1992‌و پێڕەوی ناوخۆ پابەندە بە چاودێریكردنی دانوستانەكانی حكومەتی هەرێم.
*بەو هەماهەنگییەی ئێستا لە نێوان پەرلەمان و حكومەت هەیە دەتوانن چاكسازی بكەن؟.
- پرسی چاكسازی پرسێكی زۆر گرنگە، وا دەردەكەوێت ئەولەویەتی كاری هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمان بێت. لێ چاكسازیكردن پێویستی بە شڕۆڤەكردنە و پێویستە فرەیمێك دیاری بكرێت تا هاووڵاتییان ئاسانتر لەم چەمكە تێبگەن. چاكسازی بۆچی و لە پێناوی چیدا؟.
*گرنگتریت ئەو پرۆژانە چین بەلای خودی فراكسیۆنی یەكێتییەوە كە مەبەستانە بۆ ئێستا كاری لەسەر بكەن؟.
- پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی، كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی دوای پێكهاتنی هێزە سیاسییەكان لەسەر ناوەڕۆكەكەی، پێشنیازە یاسای پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بەدانەوەی قەرزی پاشەكەوتكراوی مووچە خۆرانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسایەكی تایبەت بەم پرسە، پەسەندكردنی پاكێجی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خەرجی و داهات و خانەنشینی وەزیفەی گشتی، پێشنیازە یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی و ناوخۆ، دامەزراندی دەرچووە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، چەسپاندنی بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و پاراستنی مافی نەخۆش، بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، دابینكردنی دەرماڵە بۆ خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بڕیاری بە گەڕخستنەوەی كارگە لە كار كەوتووەكان لەپێناو رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.
*بۆچی تۆمەتی بەربەست دروستكردن بۆ پرسی چاكسازی خانەنشینان و پلەباڵاكان دەدرێتە پاڵا یەكێتی؟
- یەكێتی هەمیشە پێشەنگی گۆڕانكارییەكان بووە و دیرۆكی ئەم حزبەش شایەتی ئەم ڕاستییەیە. هەم پڕۆگرام و هەم پرەنسپە بۆ دامەزراوەكانی حزبەكەش گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن. لە ئێستاشدا ئەم پرسیارە بە جۆرێك بادرانی بۆ كراوە، كە جێگەی گومانە، پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی دەبێت یەكێتی دژی چاكسازی بێت؟ لە كاتێكدا بیرۆكەی یاسای چاكسازی بیرۆكەی تیمی یەكێتی بووە لە كابینەی (8)م. ئێمە وەك یەكێتی سەدا سەد پشتیوانی پڕۆژە یاسای چاكسازین و پێمان وایە دەبێت بەزوویی حكومەتی هەرێم ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرێتە پەرلەمان بۆ بەیاساكردنی، وەلێ دەبێت حكومەت بیر لەوە بكاتەوە كە چاكسازی تەنها لە سێكتەرێك تینوێتی دڵی هاووڵاتییان ناشكێنێت، بەڵكو دەبێت چاكسازی لە سەرجەم سێكتەر و دامەزراوە حكومییەكان بكات، چونكە چاكسازی كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە شێوەی هەڕەمی وەربگرێت و سەرجەم سێكتەرەكان بگرێتەوە.
*بۆ هێنانە جێی ئەو پرۆژانەی مەبەستانە كاری لەسەر بكەن بەشی ئەوە هەماهەنگیتان لەگەڵا فراكسیۆنەكانی تر هەیە؟
- لەگەڵ سەرجەم حزبە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوام داین و پەیوەندییەكانیشمان لە ئاستێكی زۆرباشدان. كاری پەرلەمانی كاری لۆبیكردن و هەبوونی گفتووگۆی بەردەوامە لە نێوان كوتلە پەرلەمانییەكان، بەتایبەت لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بەرەو دیموكراتیزە بوون دەڕوات و ویستی زۆرینە و كەمینە ناتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت، بۆیە پێویستمان بە كاری پێكەوەییە، بە تایبەت لە مەڕ یاساگەلێك كە ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە. ئێمە وەك یەكێتی ئامادەی موبادرە بووین و سوودیشمان لەوە بینیووە و ئەزموونمان هەیە لەسەر ڕاوێژكردن لە پێناو چاكەی گشتی بۆ باشەی گشتی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
* وەك بەشێك لە هاووڵاتییان باسی دەكەن، سەرانی دەست رۆیشتووی ئێستای یەكێتی ترسیان لە كۆنگرە هەیە و كۆنگرەی نوێ كۆنگرەی پەراوێز خستنی دەستڕۆیشتووانی ئێستای حزبەكە دەبێت، ئەمە تاچەند ڕێی تێدەچێ ؟
- لە هەمبەر پرسی كۆنگرەی یەكێتی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیاری كۆنگرەی داوە و ڕۆژی كۆنگرەش دیاریكراوە. ئەم جۆرە دەنگۆیانە بێ بنەمان، و ئەگەر یەكێتی لە كۆنگرە ترسی هەبووایە، بڕیاری ڕۆژی كۆنگرەی نەدەدا. كۆنگرە پێویستییەكی سەردەمی و پێڕەوییە بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی و تەقویە كردنی پێڕەو كادر و ئۆرگانەكانی حزبەكەمانە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنییەوە، بەڵام بیرمان نەچێت كە یەكێتی تەنها حزب نییە كە كۆنگرەی نەكردبێت و ماوەكەی بەسەر چوبێت. یەكێتی خاوەن هێزێكی سیاسی كاریگەر و كارانگازە بۆ پاراستنی كوردستان و بگرە عێراقیش، بۆیە بەهێزبوونی یەكێتی بەهێزبوونی تەواوی كوردستان و عێراقە. لە ژێر ڕۆشنای ئەم پرسە گرنگە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاری كۆنگرەی داوەو وردەكارییەكانیشی لای كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەیە، كە پێكهاتووە لە چەند هەڤاڵێكی تێكۆشەر لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەمان. هاوكات كۆنگرە هیوایەكی گەورەی یەكێتییەكانەو بە پەرۆشییەوە هەموومان كاردەكەین بۆ سەركەوتنی كۆنگرەی حزبەكەمان. دڵنیاشین ئەم كۆنگرەیە كۆنگرەی نوێبوونەوە و سەوزكردنەوەی پەیامەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، دوای كۆنگرەش بەهێزی یەكێتی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی، ئابووری و ئەمنی هەرێمی كوردستان و عێڕاق دەبێت.

زۆرترین بینراو