كاریگەرییەكانی دەست درێژی سێكسی لەسەر منداڵ

كاریگەرییەكانی دەست درێژی سێكسی لەسەر منداڵ

ئا/ رۆژان قیاس
" من كچێكم تەمەنم 13 ساڵ و نیوە، لە تەمەنی 9 ساڵی كوڕی پورم ئەوكات 18 ساڵبوو، دەست درێژی كردە سەرم و ئێستاش دڵنیا نیم ئایا كچێنیم ماوە یان نا. شەو نییە بە گریانەوە نەنووم، تا ئێستا یەك هاوڕێشم نەبووە هەمیشە گۆشەگیرم، و هەركەسێ ئەمبینێت بەزەیی پێم دێتەوە، بەو حاڵەی هەمە، ئەو كوڕە پورەم تا ماوەیەكیش پێش هەر وازی نەدەهێنا، كە ئەكاونتی ئنستگرامم دانا، بە ئەكاونتی ساختە نامەی ئەنارد قسەی وای ئەكرد، نەم ئەتوانی بە ماڵەوەش بڵێم لە ترسان. چونكە خێزانەكەم هەموو شتێك بە ‌‌عەیبە دەزانن، و گەر باسم كردبا، بەسەرمنا دەشكاییەوە ئەو كوڕەش بۆخۆی هەر بەخەیالیا نەدەهات كە چی بەسەر هێناوم. هەندێجار بیر دەكەمەوە خوا منی وەك بەڵایەك بۆ ئەم گەردوونە دروست كردووە، ئەگینا هیچیكەنیم و بەكەڵكی هیچ نەهاتووم. بەو تەمەنەوە نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو سەختییەم گرتووە ".
" من كچێكم تەمەنم 22 ساڵە، لە تەمەنی پێش 12 ساڵیم كوڕێكی خزمی خۆمان زۆر هەوڵی دەدا دەست درێژی بكاتە سەرم ئەو زۆر گەورە بوو، و من زۆر لێی دەترسام. هەر كاتێك بەتەنها مابامەوە ئەو دەهاتە مەڵەوەو دەیەویست هەلم بخەلەتێنێت. من ئەو كات منداڵ بووم، هەمیشە لەوكەسەم ڕادەكرد، ترسێكی زۆرم هەبوو بەڵام نەمدەزانی بۆ وا دەكات، هۆشیاری ئەوەشم نەبوو بە ماڵەوە بڵیم. ئەو كەسە زۆر ئازاری ئەدام منیش هەر هەوڵم دەدا رابكەم لەدەستی، من هەمیشە دەڵێم خودا منی پاراستووە لەدەستی ئەو دڕندەیە، ئەو كەسە بەردەوامبوو، و هەركاتێك هەڵێكی بۆ رەخسابا هەوڵی دەدا نزیك بێتەوە، تا تەمەنم بوبە١٢ ساڵ كاتێك وام لێهات بتوانم دیفاع لە خۆم بكەم رۆژێكیان زۆر قسەم پێ وتوو هەڕەشەم لێی كرد بەوەی بە ماڵەوەم ئەڵێم ئەوجا وازی هێنا. من تەمەنی منداڵی خۆمم بەو ترسەوە بەڕێكرد، لە كاتێكدا من هەتا نەم ئەزانی مەبەستی ئەو كەسەش چییە، و هەوڵ بۆچی ئەدات. دواتر چەند جارێك كورە پورێكم بینی كە هەوڵی ئەدا خۆی نزیكی براكەم بكاتەوە و بۆ هەوەسەكانی خۆی بەكاری دەهێنا، براكەم تەمەنی تەنها 6,7 ساڵ بوو. من زۆر هەوڵم دەدا رێگری لێێ بكەم و براكەم بپاریزم. ئەو رووداوانە كاریگەری زۆر نەرێنیان كردۆتە سەر كەسایەتیم، بە تایبەت تەمەنی پێش 18 سالیم زۆر بە سەختی تێپەڕاند، و هەمیشە كچێكی تەنهاو بێزار بووم لە ژیان، راستە لە رووی جەستەوە ئەو كەسە هیچی لێنەكردم، بەلام لە رووی دەروونییەوە كاریگەری زۆر خراپی بەسەرمەوە هەبوو، نەم ئەتوانی هیچ بڵێم و بۆشم زۆر زەحمەتبوو، تەمەنی هەرزەكاری و منداڵی خۆمم زۆر بە سەختی تێپەڕاند و ئازاری زۆرم چەشتووەو ژیانێكی ئاساییم نەبوو، كە هیچ كات ئاوات بەو تەمەنەمەوە ناخوازم و نامەوێ بگەڕێمەوە سەردەمی منداڵی. ماوەیەكی زۆر كارم لەسەر خۆم كردووە تا بتوانم ئەو رووداوانە لەبیر بكەم و ئەو كاریگەرییە نەرێنییە بەسەر خۆم، كەمبكەمەووە".
ئەمە دوو نموونەی قوربانی ئەم دیاردەییەن، سەدان و هەزاران قوربانی وامان هەیە، لە حاڵێكی زۆر خرابتردان. ئەم دیاردەی ناو كۆمەڵگە، كاریگەری مەترسیداری هەیە لەسەر تاكەكان، كاریگەرییەكەش كاتی نییەو لە ماوەی ژیانی قوربانییەكە بەردەوامە. و ئاسودەیی دەروونی لە قوربانییەكە دەسەنێتەوە.
دكتۆرە میدیا سەباح، لەبارەی كاریگەرییەكانی دەست درێژی سێكسی لەسەر منداڵ گووتی" كاریگەری زۆر نەرێنی و روخێنەر لەسەرمنداڵەكە دروست دەكات، كار لە زۆربەی لایەنە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی منەڵەكە دەكات، ئەم كاریگەریەش لە داهاتووی منداڵەكە رەنگ دەداتەوە و رێگر دەبێ لە بە كۆمەڵایەتی بونی تاك، بەشێوەیەكی تەندروست، چونكە ئەم كاریگەریانە درێژ خایەنن، وا لە تاك دەكات نەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆخۆی بكات و رێز لە بوونی خۆی بگرێت، سەڕەڕای ئەمەش تاك ناتوانێت پەیوەندی ئاسایی دروست بكات لەگەڵ دەوروبەر، هەروەها زۆر جار لە دوای پرۆسەی هاوسەرگیری كێشەی بۆ دروست دەبێت و ناتوانێت سەركەوتوبێت لە دروستكردنی پەیوەندی ژن ومێردایەتی. لەلایەكی تر ئەو منداڵەی دەبێتە قوربانی ئەم دیاردەیە، لە رووی جەستەییەوەش ئازاری پێدەگات و بەتایبەت ئەندامی ( نێرینە، مێیەنە) یان، زیانی پێدەگات و كێشەیان بۆ دروست دەبێت. بێگومان ئەم زیانەش بۆ كچەكان زیاترە، چونكە روبەرووی شێوانی ئەندام و پاكیزەیی دەبنەوە، و تا ژیانیان ماوە بەدەست ئەو ئازارەوە دەناڵێنێت".
پێویستە خێزانەكان هۆشیار ببەنەوە و زیاتر چاودێری منداڵەكانیان بكەن، و گوێیان لێبگرن بۆ ئەوەی باسی رۆژانەی خۆیان بكەن. دكتۆرە میدیا لەبارەی گرنگی هۆشیار بوونەوەی كۆمەڵگە لەم دیاردەییە، گووتی" پێویستە خێزانەكان كات بە منداڵ بدات تاكو باس لەبەسەربردنی رۆژانەی خۆی بكات بۆ ەوەی لە كاتی بوونی روداوی نەخوازراو باسی بكات، دایك و باوكی منداڵەكە ئاگادار ببنەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بدەن لە ڕێگەی كەسانی پسپۆر و دكتۆرەكانەوە، و كاتێك منداڵ لەدەرەوەیە چاودێری بكرێت دڵنیا ببنەوە لە هەڵسوكەوتی كەسانی دەوروبەریان. چونكە زۆربەیجار، لە ڕێگەی خزم و كەسە نزیكەكانی خێزانەوە منداڵ رووبەڕووی ئەم دەست درێژییە دەبێتەوە ".
دكتۆرە میدیا لەبارەی نیشانەكانی ڕوودانی ئەم جۆرە دەست درێژییە لەسەر منداڵ، گووتی" بوونی شلەی نامۆ لەسەر جلەكانی منداڵ و گۆڕانی هەڵسوكەوتی، مانگرتن لە خواردن یا رشانەوەی بێ هۆكاری منداڵ. ئەمانە نیشەنەی ئەوەن كە منداڵەكە روبەڕووی دەست درێژی بۆتەوەو پێویستە بەدواداچونی بۆ بكرێت، بۆ دڵنیابوونەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی".
مامۆستا محەمەد كاكەبرا پسپۆری بواری دەروونزانییە، لەبارەی ئەم دیاردەییە بەم شێوەیە بۆمان دووا" دەست درێژی سێكسی دەكرێت پیناسەی جۆراوجۆری بۆ بكرێت، تەنها لایەنێك نییە، تەنها لایەنی سێكسی وجوتبوون ناگرێتەوە، بەڵكو پیشاندانی ڤیدیۆیەك یا گێڕانەوەی نوكتەیەك یا پیشاندانی وێنەیەكی نەشیاو بە منداڵەكە، یاخود دەستكاری كردنی بەشەكانی جەستەی منداڵ، بەدەست درێژی سێكسی بۆسەر منداڵ دادەنرێت. تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەك نییە،باس لە هۆكاری دروستبوونی ئەم دیاردەییە بكات، ئەو كەسانەی ئەم كارە ئەنجام دەدەن كێن و چ جۆرە كەسایەتییەكیان هەییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە كەسانە، كەسانی نەخۆشن. بە پێی توێژینەوەكان دەركەوتووە، ئەو كەسانەی ئەو كارە ئەنجام ئەدەن، بە ڕێژەی سەدا سفر تا سەدا 75، ڕەنگە لە تەمەنی منداڵییەوە رووبەڕوویی دەست درێژی سێكسی بووبنەوە. جا دەست درێژییەكە جەستەیی بێت یا سێكسی بێت. بەڵام ئەم رێژەیە سەدا سەد نییەو ناتوانین بڵێن هەموو ئەو كەسانەی كەوا دەست درێژی سێكسی ئەنجام ئەدەن، لە تەمەنێك لە تەمەنی منداڵیدا رووبەڕووی دەست درێژی بووببنەوە. بە رێژەیەییەكی گشتی كچان زیاتر دەبنە قوربانی ئەم دیاردەیە وەك لە كوڕان. بەداخەوە لە كوردستان هیچ ئامارێكی وامان نییە، بەڵام بە پێی ئەمارەكانی ئەمریكا، لە هەر 3 كچ 1 كچ رووبەرووی ئەم حالەتە دەبێتەوە، هەروەها لە هەر 6 كور 1 كور دوچاری ئەم حەلەتە دەبێتەوە، كەواتە بە پێی ئامارەكان ڕێژەكە زۆربەی كچە. هەروەها بە پێی ئامارێكی mental health services)) لە وڵاتی ئەمەریكا، لەسەدا %50 كچەكان و لەسەدا %25 كورەكان، لە تەمەنی منداڵیدا رووبەڕووی دەست درێژی سێكسی دەبنەووە. ئەو منداڵانەی توشی دەست دەست درێژی سێكسی دەبنەووە، بە شێوەیەكی گشتی ئەو منداڵانەن، كە حاڵەتی دواكەتویی ژیریان هەییە، یاخود كەسانی خەمۆكین، و كێشەی دەروونیان هەیە. یاخود ئاستەنگی فێربوونیان هەیە، و لە رووی جەستەییەوە ناتەواوبن. هەروەها ئەو منداڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن زیاتر توشی ئەو حالەتە دەبنەوە، چونكە ئەو كەسەی هەوڵی دەست درێژی دەدات ئەو هەڵە دەقۆزێتەوە بۆ ئەنجام دانی دەست درێژییەكە، بۆیە تا منداڵێكی ئاسایی رووبەڕووی ئەو حەلەتە دەبێتەوە، رەنگە دوو منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت توشی گێچەڵی سێكسی ببنەوە. هەرەوها ئەو خێزانانەی لە رووی ئابوورییەوە هەژارن، منداڵەكانیان رووبەرووی حەو حالەتە دەبنەوە، یاخود خێزانە ئاوارەكان ئەو كێشەیان بۆ دێتە پێش".
كاتێك منداڵ توشی دەست درێژی سێكسی دەبێتەوە، بەهۆی كۆمەڵێك نیشانەوە دەتوانرێت بەهۆیەوە خێزانەكان ئاگادار ببنەوە لەوەی منداڵەكەیان ئەو حالەتەی بەسەردا هاتووە، لەبارەی نیشانەكان مامۆستا كاروان گووتی" لە رووی جەستەییەوە،. بینینی خوێن لەو بەشی ئەندامی منداڵەكە، یاخود كاتێك مناڵەكە ناتوانێت بە جوانی دابنیشێت و بەباشی بەڕێگادا بڕوات. هەروەها زۆرجار كێشەی میزەڕۆیی بۆ دروست دەبێت، و لە ناوچە هەستیارەكانی جەستەی توشی ئازار و خوران، سوتانەوە دەبێتەوە".
ئەم دیاردەیەی دەست درێژی سێكسی، كاریگەرییەكی زۆر لەسەر منداڵ دروست دەكات، و كاریگەرییەكەش تەنها ئەوە نییە لە تەمەنی منداڵیا بێت. بەڵكو دوای گەورەبوونیشی كاریگەرییكە بەردەوام دەبێت. مامۆستا كاروان، زیاتر روونی كردەووە" ئەو منداڵانەی توشی ئەو حالەتە دەبن، لە رووی خوێندنەوە ئاستیان دادەبەزێت. زۆرجار توشی مۆتەكە دەبن، شەوانە لە ترسان خەبەریان دەبێتەوە. لەبارەی سێكسەوە بیروبۆچوونی هەڵەیان بۆ دروست دەبێت. جاری وا هەیە منداڵەكە هەوڵی ئازاردانی خۆی دەدات، و بیر لە خۆ كوشتن دەكاتەوە. هەروەها منداڵەكە هەوڵی دووركەوتنەوە لە خێزان دەدات، تێكەڵی دەوروبەر نابێت. هەروەها كاریگەرییە دەروونیەكان كار لەسەر تاكەكە دەكەن، بۆ ماوەیەكی درێژ، بۆ نموونە خامۆكی بۆ ماوەیەكی دریژ ئەو كەسە دەبێت بە كەسێك، خەم لە هەموو شتێك ئەخوات. هەموو شتەكان بە رەش و سپی دەبینێت. یەكێكی تر لە كاریگەرییەكان هەست كردن بە تاوانە، زۆرجار كەسەكە وا هەست دەكات تاوانێكی زۆر گەورەی ئەنجام داوە، و بێز لەخۆی دەكاتەوە. شەرم دەكاتەوە كە ئەو رووداوەی بەسەردا هاتووە. هەروەها شەرم وا هەست دەكات، هەمیشە لەلایەن كۆمەڵگەوە رەت دەكرێتەوە، بۆیە هەموو خەتاكە دەخاتە سەرخۆی، و خۆی بە تاوانبا دادەنێت، لە دروستبونی ئەو رووداوە. لە لایەنی حەزی خواردنەوە، جاری وا هەیە منداڵەكە حەزی خواردنی لە رادەبەدەر زیاد دەبێت، و قەڵەو دەبێت. جاری واش هەیە كەسەكە هیچ حەزی خواردنی نامێنێت و زۆر لاواز دەبێت".
مەترسیدارترین زەبری دەستدرێژی سێكسی لەسەر منداڵ، هێدمەی دوای زەبری دەروونی (PTSD) و گەشەی نیرۆلۆجی كەسەكە، لە بارەی خراپترین كاریگەری ئەم دیاردەییە، ئەم دەروونزانە گووتی" خراپترین كاریگەری ئەم دیاردەییە لەسەر منداڵ، هێدمەی دوای زەبری دەروونی (PTSD)یە، كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ ئەو كەسە دەمینێتەوە. و كاریگەرییەك ینەرێنی زۆری هەیە لەسەر ئەو منداڵە. هەروەها بەپێی توێژینەوەیەك، دەست درێژی سێكسی، كێشەی جێنەتیك بۆ منداڵەكە دروست دەكات. كاریگەری لەسەر گەشەی نیرۆلۆجی كەسەكە دروست دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی دەمارەكانی، بۆ نموونە لە رووی تەمەنەوە منداڵەكە زۆر زوو گەشە دەكات".
زەبری دەست درێژی سێكسی دوای هاوسەرگیریش دەبێتە كێشە بۆ كەسەكە، لەم بارەیەوە توێژەری دەروونی مامۆستا كاروان زیاتر روونیكردەووە" لە دوای هاوسەرگیریش ئەو كەسە لەگەڵ هاوسەری ژیانی، كێشەی بۆ دێتەپێش، بۆ نموونە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەل هاوبەشی ژیانی، و ناتوانێت پەیوەندی سێكسی دروست بكات لەگەل هاوسەرەكەی. یاخود دڵ پیسی لێدەكات".
لەدوای روودانی دەست درێژی سێكسی، و ئاگادار بوونەوەی خێزانی منداڵەكە پێویستە چی بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو حالەتە، و چۆنییەتی هاوكاری كردنی منداڵەكە. ئەم دەروونزانە گووتی" چارەسەركردنی ئەم حالەتە زۆر ئاسان نییە، بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگەی ئێمە. لەبەر ئەوەی كەسانی پرۆفیشناڵ لەو بوارەدا نین. هەروەها كێشەیەكی تر ئەوەیە كە زۆر جار ئەو منداڵەی رووبەڕووی ئەو حالەتە دەبێتەوە، لەلایەن خێزانەكەی رەت دەكرێتەوە، یاخود سوكایەتی پێ دەكرێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كولتورەی كۆمەڵگە، بەهۆی ئەو دابونەریت و بیركردنەوانەی ئێمە هەمانە، زۆربەی كات ئەو كەسانەی تووشی ئەو حالەتە دەبن. دەبنە مایەی شەرمو شورەیی بۆ خێزان، و خەلك بە كەم سەیرییان دەكەن. بۆییە زۆر پێویستە ئەو هۆشیارییە بڵاوبكرێتەوە لە كۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بەم جۆرە لێكدانەوە بۆ قوربانیانی ئەم دیاردەییە نەكەن. چونكە ئەو كەسەی رووبەرووی ئەم حالەتە دەبیتەوە هیچ تاوانێكی نییە. بەڵكو قوربانییە و پێوسیتە كۆمەڵگە هاوكار بێت لەگەڵی بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتە زیاتر قورس نەبێت بۆی. ئەگەر بێتوو خێزانی قوربانییەكە، دوای ئاگادار بوونەوەیان لەو حاڵەتە، منداڵەكەیان دوور بخەنەوە، و هاوكاریان نەكەن، ئەوا كاریگەرییە دەروونییەكە زۆر خراپتر دەبێت لەسەر منداڵەكە. هەتا رەنگە بە ئاكاری خراپتردا كۆتایی پێبێت، بۆ نموونە خۆكوشتن. بەڵام ئەگەر خیزانەكەی دوای ئاگاداربوون لەو حالەتە، پشتگیری منداڵەكەیان بكەن و هاوكاری بكەن، بەم جۆرە نیوەی كێشە دەروونییەكە چارەسەر دەبێت، و كاریگەری دەست درێژییەكە كەمتر دەبێت بۆ قوربانییەكە. بۆیە پێویستە ئەو رۆشنبیرییە بڵاو ببێتەوە لە كۆمەڵگەی ئێمە، كە بە شێوەی تاوانبار سەریری قوربانییەكان نەكەن، چونكە ئەو منداڵە هیچ دەسەڵاتێكی نەبووە، كە ئەو شتەی بەسەردا هاتووە".

زۆرترین بینراو