كاریگەرییەكانی كەمی سۆز لەسەر كچ

كاریگەرییەكانی كەمی سۆز لەسەر كچ

سۆما ئیسماعیل برایم
ئێستا لە نێو كۆمەڵگە كۆمەڵێك قەیرانی گەورە بەڕۆكی تاكەكانی گرتووە، كە رەنگدانەوەی لەسەر كۆی كایەكانەوە هەیە، قەیرانی دارایی، پەروەردەیی، بێ كاری، بێ متمانەیی و ..هتد. بەڵام بە تێروانینی من دیارترین قەیران كە راستەوخۆ كاریگەری لە سەر هەموو خێزان و بنەماڵە و دواجار كۆمەڵگەش دەكات، نەمانی سۆز و میهرەبانییە، هەر كاتێك مرۆڤەكان لە ئاستی یەكتر بێخەم بوون، هەركاتێ مرۆڤەكان بیریان لە میهرەبانی نەكردەوە، هەركاتێ مرڤەكان بەشینەوەی سۆز و خۆشییەكان بەسەر یەكتری نەكردەوە، ئیتر ئەم كۆمەڵگە لە بەردەم مەترسیدا، مەترسی نەخۆشییەكانی زۆر كۆمەڵایەتی كە دواتر سەر دەكێشێت بۆ هەموو جومگەكانی دیكەوە.
هەموو تاكێكی كۆمەڵگە بە تەمەنی جیاو رەگەزی جیا و پێكهاتەی جیاوە، پێویستی بە سۆزە، پێویستی بەوە هەیە مرۆڤەكانی دەورووبەری حیسابی بۆ بكەن. بەڵام لە نێو پێكهاتەكانی كۆمەڵایەتی و بە رەچاوكردنی دۆخی ئێستای وەڵات و كۆمەڵگە، كچان زیاتر لە هەموو توێژەكانی دیكە پێویستییان بە پێ دانی سۆز و میهرەبانییە، لە لایەن ئەندامانی خێزانەوە، چونكە تاكە پەناگەی راستەقینەی بێ منەت بۆ كچان خێزان و ئەندامانی خێزانە.
بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی رووبەرووی كچان دەبێتەوە چ لە ماڵەوە یا لە دەرەوەی بەشێكی زۆری دەگەرێتەوە بۆ پێ نەدانی سۆز و خۆشەویستی و نەرەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ ئەوەی كچ بە ئازادانە و بێ ترس ئەوەی دەیەوێت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی باس بكات، كاتێ لە نێو ماڵ سۆز و خۆشەویستی بەدی نەكرد، ئیتر وەك جەستەیەكی تینۆ بەدوای ئاوێكی زوڵاڵ دەگەرێت تا هەم لە رووی روحییەوە هەمیش لە رووی جەستەییەوە لە ووشكبوونەوە رزگاری بكات.
بەڵام كاتێ ئەم كەشە لەبارەی لە نێو خێزان نەبینی، دەشێ بكەوێتە تەڵەی مەترسیداری ئەو كەسانەی بە قسە دۆست و هاوخەم، بەڵام لە بنەڕەتدا كەسانی بەرژەوەندیخواز بن، و رزگاری كردنی زۆر ئەستەم دەبێت.
نەبەخشینی سۆز لە دایك و باوكەوە بۆ كچەكانیان بۆتە هۆكارێكی گەورەی داڕمانی كچان و لاواز كردنی ئاستی پێگەی كچ لە كۆمەڵگا و بۆتە هۆكارێك كچ هەست بە كەمتەرخەمی و گرنگی پێنەدان بكات، ئەمەش وادەكات هەمیشە هەست تەنهایی و نەبوونی پاڵپشتییەكی بەهێز بكات، دەبێتە هۆكاری سەڕەكی بەلاڕێدا بردنی كچان بەتایبەتی كچانی هەرزەكار، كە لە تەمەنێكی زۆر هەستیاردان و بەهۆی بێ ئەزموونی دەشێ بكەونە ژێر كاریگەری چەند وشەیەكی بریقەداری ژەهراوی لە لایەن مرۆڤانێكی بەد رەفتار و بەد بین. پێنەدان سۆز بە كچ وادەكات هەر كوڕێك سۆز و میهرەبانیان پێ بدات و دوو وشەی بە باق و بریقیان بۆ دەرببڕێ ئیدی ئامادەن هەموو كارێكی لە پێناودا بكەن.
هەندێك لە كچان بەهۆی گوێ پێنەدانی خێزانەوە بۆ بابەتە روحییەكانی، ناچار بەدوای كەسێك دەگەڕێن تا بابەتە روحییەكانی لا باس بكات، زۆرجار ئەو كچانەی متمانەیان بە كوڕان هەبووە تا وەك دوو مرۆڤ یا هاورێ قسەی دڵی لابكات، كەوتۆتە نێو تەڵەیەكی مەترسیداری كە زۆر جار گیانی كچەكە و شكۆی خانەوادەی كچەكە كەوتووتە مەترسی و كوڕٍەكەش وەك بای بەرزەبانان بۆی دەرچووە.
كاتێك كچێك بەدوای خۆشەویستی دەگەڕێت تا ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی پڕ كاتەوە، تووشی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕەگەزی بەرامبەری ئەو كچە بۆ ویست و حەزی خۆی بەكار دەهێنێت و ئەوەش زۆر جار دەبێتە هۆكار بۆ خۆكوشتن و سەرهەڵدانی كێشەی كۆمەڵایەتی.
ئەگەر دایك و باوك خۆشەویستی و سۆز بە كچەكانیان ببەخشن، دەتوانن ڕێگری بكەن لەوەی كچ تووشی ئەو باروودۆخە مەترسیدارە نەبێت. چەندین جار گوێ بیستی بووین كە كچان لەگەڵ شۆفێری پاسەكانیان یا شۆفێری تەكسیەكانیان پەیوەندی سۆزدارییان بەستووە، لەم نێوەدا كچەكە زیانمەند بووە و بەكارهاتووە، ئەگەر خێزان ئەو خۆشەویستییە بە كچەكانیان بدەن، كچیش پێویستی بە نێرینەیەك نابێت تا بۆشاییەكانی ڕۆحی خۆی پێ پڕبكاتەوە و كوڕەكەش كچەكە بەكار بهێنێت.
لە لایەكی دیكە یەكێك لە هۆكارە هەرە بەرچاوەكانی هاوسەرگیری پێشوەختە، پەیوەندی بە كمی سۆز و خۆشەویستی خێزانەوە هەیە بەرامبەر كچ.
كاتێك لە تەمەنی هەرزەكاری كچ هەست بەكات لە سۆزی دایك و باوك بێ بەشە و وەك رۆبۆت بەكار دەهێندرێت و وەك بوكەڵە سەیر دەكرێت، هەست دەكات بۆتە بارگرانی بەسەر خێزان و هەر كەسێك لە دەرگای دڵی بدات بەبێ لێكۆڵینەوە و سەبر گرتن و پرسیار و بەدواداچوون، ئەوە دەرگای بۆ دەكاتەوە، ئەو هاوسەرگیرییە خوار تەمەنی 18 ساڵییەش سەر دەكێشێت بۆ سەرهەڵدانی كێشەی گەورەی خێزانی و جیابوونەوە و خۆسوتاندن و خۆكوشتن و چەندەها كێشەو ئاریشەی دیكە لەنێو كۆمەڵگە.
پێدانی خۆشەویستی بە كچ لەلایەن دایك و باوك و خێزانی دەبێتە هۆی درووستكردنی كچێكی بەهێز و كۆمەڵگایەكی تەندرووست.

 

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو