كاری خۆبەخشی (Voluntary)

م. سیروان شێخ حاجی مزووری

 

لەوانەیە لەم ژیانە سەرقاڵی زۆر كار بین كاتمان نەبێت بۆ كاری خۆبەخشی، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كاری خۆبەخشی سوودێكی زۆری هەیە. هاوڕێی تازە دروست دەكەی، نزیك دەبیتەوە لە كۆمەڵگاكەت و زۆرشتی نوێ فێر دەبێ، روودەچیتە نێو كێشە جۆراوجۆرەكانی هاووڵاتییان و دامەزراوەكان، كەسانی ئەكادیمی لە نزیكەوە دەبینی، دەبیت بەكەسێكی دیار و خەم خۆری كۆمەڵگە، كاتەكانت بە شتی لاوەكی بەفیڕۆ نادەی، بۆ داهاتوو شانازی بە رابردووتەوە دەكەیت، لە هەمووشی گرنتر ئەوەیە دەبێ بە كاراكتەرێكی گرنگی پەیوەندی نێوان شەقام و دامەزراوەكان، هاوكارێكی گرنگ دەبی بۆ بەرچاوروونی حكومەت بۆ خزمەتی زیاتر كردنی شەقام، هەروەها دەبیتە هۆی گەشە پێدانی بواری دیموكراسی و رێز گرتنی لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیان و هێنانە دی دادپەروەری و شەفافییەت، چاودێرێكی گرنگی هەموو جومگەكانی پەیوەندار بە ژیانی هاووڵاتییان دەبی. ئەمانە بەشێكی كمی سوودەكانی كاری خۆبەخشی و رێكخراوەیین لەنێو كۆمەڵگە، بۆیە كاری خۆبەخشی و رێكخراوەیی تەنها سوود بە بوارێك ناگەینێ بەڵكو لە هەموو بوارەكانەوە كاریگەری دەبێت.
پرسیارێكی گرنگ كە هەموومان دەبێ لە خۆمان بكەن ئەوەیە، بۆچی كاری خۆبەخشی؟
چونكە هاوكارییەكی زۆر گەورە دەگەیەنێتە كەسی بەرامبەر و كۆمەڵگا، كاری خۆبەخشی سوودەكانی لەوە زیاترە، كە بە شێوەیەكی رووكەش خوێندنەوەی بۆ بكرێت، هەر جۆرە كارێكی خۆبەخشی رەهەند و قووڵایی خۆی هەیە. جگە لەوەی خزمەتكردنە بە كۆمەڵگە، فشاری دەرونی لەسەر كەسی خۆبەخشیش كەم دەكاتەوە و لە دوو دڵی بەدور دەبێت و بۆ ئامانجێك تێدەكۆشێ و هەستی گەیشتن بە ئامانجی پێ دەخشێت، واتە مرۆڤ فێری بەرگری و تێكۆشان و كۆڵنەدان دەكات.
كاری خۆبەخشی مەرج نییە كاتێكی زۆرت لێ ببات دەتوانیت بە كاتێكی زۆر كەم هاوكاری زۆر كەس بكەیت، لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان دەریانخستووە، زۆرترینی ئەو كەسانەی كە سەركەوتوون و دڵخۆشن ئەو كەسانەن كە كاری خۆبەخشی ئەنجام دەدەن.
بۆ هەموو لایەنەكانی حكومی و ناحكومی و دامەزراوە ئەكادیمییەكان ئاشكرا بووە كە هەر كۆمەڵگایەك خۆبەخشی زۆر بێت بە دڵنیاوە خێراتر پێشكەوتن فەراهەم دەبێت بۆ هەموو بوارەكانی ژیان لە ووڵات.
قوتابخانە باشترین شوێنە كاری خۆبەخشی تێدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوە تۆی كاری خۆبەخشی لەناو دەرونی قوتابیدا بچەسپێت. چونكە ئەو مرۆڤانەن لە دواڕۆژدا دەبنە پێشەنگی ووڵات و بەرەو پێشەوەی دەبەن .
سوودەكانی كاری خۆبەخشی
1- كاری خۆبەخشی دەبێتە هۆی ناسینی هاوڕێی نوێ. كارامەیت زیاتر دەبێ لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.
2- سوودی زۆری هەیە بۆ بیر و جەستە. توڕە بوون و دڵەڕاوكێ كەم دەكاتەوە. چارەسەرە بۆ خەمۆكی و دڵخۆشت دەكات. باوەڕبەخۆ بوون و متمانەت زیاد دەكات. لە ڕووی جەستەییەوە لەش ساغ دەبیت، چونكە زۆربەی نەخۆشییەكان دەروونین ئەمەش وا دەكات هەست بە جەستەیەكی هیلاك بكەیت، بەڵام ئەنجامدانی كاری خۆبەخشی وادەكات لە رووی دەروونییەوە جێگیر بێت و رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر جەستە دەبێت .
3- كاری خۆ بەخشی سوودی زۆر هەیە بۆ ئیشەكەت، لەبەر ئەوەی ئەزموونت زیاد دەبێت، چەند كارامەییەكی نوێت پێ دەبەخشێت.
4- كاری خۆبەخشی هەستكردن بە ئارامی و سەركەوتن دەهێنێتە ناو ژیانت
بۆیە پێویستە لە سەر هەموو لایەكمان بە دایكان، باوكان و مامۆستایانەوە قوتابییان فێریكاری خۆبەخشی و هاوكاری بكەین ئەگەر بە فرێ نەدانی پارچە كاغەزێكیش بێت، یا كۆكردنەوەی پاشماوەیەكی بچووكیش لە ناو قوتابخانە بۆ ئەوەی نەوەیەكی تەندروست بەرهەم بێت.

زۆرترین بینراو