كار لەسەر ئاشتی نێوان سروشت و مرۆڤ دەكەم

كار لەسەر ئاشتی نێوان سروشت و مرۆڤ دەكەم

زاری كرمانجی – رواندز : رۆژدیار موزیك بۆ رووحی سروشت دەژەنێ و بە زوومی كامیرەكەشی وێنە جوانەكانی دەگرێ، ئەو هەم لە رێگەی موزیك و هەمیش لە رێگەی فۆتۆگرافییەوە خوازیارە خزمەت بە سروشتی نیشتمان و مرۆڤایەتی بگەینێ و لە ئایندەدا ببێتە مرۆڤێكی بەرهەمدار بۆ نەتەوەكەی.
رۆژدیار سلێمان خدر 17 ساڵ، قوتابی قۆناغی دووەمی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندزە لە بەشی موزیك، هەروەكو خۆی بۆ زاری كرمانجی باسی دەكات، بەر لەوەی ببێتە قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، حەزی فۆتۆگرافی هەبوو و هەمیشە لە نێو سروشت گەڕاوە و وێنەی دیمەنی جوان و سەرنج راكێشی گرتووەو دەڵێ‌"ئێستا بایی یەك پیشانگەی گەورە وێنەی جوانی سروشتم هەیە"،
رۆژدیار پێی وایە مرۆڤ زیانی زۆری بە سروشت گەیاندووە، بۆیە بەنیگەرانییەوە دەڵێ‌"گەر ئازاردان و وێرانكردنی سروشت لەلایەن ئێمەی مرۆڤەوە بەردەوام بێ، دڵنیام هیچ شتێك بە ناوی سروشت و ژینگە بوونی نامینێ"، ئەو وێنەكانی سروشتی، وەك پەیامی جوانی و ئاشتی پێشكەش بە مرۆڤ دەكات، تاكو مرۆڤ و سروشت ئاشت بكاتەوە"زۆر لە وێنەكانم وەك پەیامی ئاشتی وایە بۆ مرۆڤ، تاكو لەوە زیاتر ئازاری سروشت نەدەن و وەك دۆستێك هەڵسوكەوت بكەن و سروشت و ژینگەی نیشتمان بیپارێزن لە وێران بوون"،
رۆژدیار باس لە ئامانج و خەونی ئایندەی خۆی دەكات و دەڵێ‌"دەمەوێت لەو كارەی كە زۆر دڵخۆشم دەكات، ئەزموونی زیاتر وەربگرم و لە گرێدراوی چوارچیوەی هەرێمێك تیپَەڕ ببم و وەك كەسێكی جیهانی دەربكەوم و خزمەت بە نەتەوە و خاك و نیشتمانەكەی خۆم بكەم".

زۆرترین بینراو