كار لەسەر خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە دەكەین كە لە هەڵبژاردن بانگەشەمان بۆ دەكرد

كار لەسەر خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە دەكەین كە لە هەڵبژاردن بانگەشەمان بۆ دەكرد

چاوپێكەوتن – ڕائیب شێروانی
جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، كار بۆ ئاسایكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك سەردانی بەغدا دەكات. دەشڵێ، ئەو بەڵێنانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە خەڵكمان داوە ئێستا وەكو كارنامە لەبەر دەستی خۆماندایە و كار لەسەر خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە دەكەین، كە ئێمە بەڵێنمان بە خەڵكی خۆمان داوە و دەشكەین.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم، رایگەیاند:"هەوڵێكی جیددی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی حكوومەتی نوێ دەكەین، لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێ لیژنەیەك لە ئاستی باڵا پێك دەهێنین لەگەڵ حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم، لە پلانی ئێمەدایە كە سەردانی بەغدا بكەین و لەگەڵ ئەو لیژنەیە كە تایبەتە بەو ناوچانە كۆ ببینەوە، بۆیە یەكەم كارمان ئاسایكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە دەبێت، كە كێشەیان لەسەرە، بەتایبەتی كەركووك.
جوان رۆژبەیانی، گوتیشی:" ئاسایكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە ئەوەیە خەڵكی ئاوارە بوو دەگەڕێتەوە، حەشدی شەعی لەو ناوچانە نامێنن، هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، بۆ ئەمنیەتی ئەو ناوچانە دەبێت خەڵكی ئەو ناوچانە وەكو پۆلیس لەو ناوچانە زیاد بكرێن، ئەوان بەرگری لە ناوچەكانی خۆیان بكەن، نەك حەشدی شەعبی بێت، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بووەوە، بەپێی ماددەی 140 دەبێت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە كە دەبوایە لە ساڵی 2007 ئەو ماددەیە جێبەجێ كرابایە، بەڵام كە جێبەجێ نەكرا، ئێستا دەمانەوێت پاش ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە سەرژمێری و قەرەبووی ئەو خەڵكە بكرێتەوە كە دەكەونە سنووری ئەو ماددەیە، چونكە بەشێكی زۆر كەم لە خەڵكی ئەو ناوچانە قەرەبوو كراونەتەوە، ئەوانەی قەرەبووش كراونەتەوە بە كەموكۆڕی زۆرەوە بووە، دوای ئەوەش ڕاپرسی لەو ناوچانە بكرێت و خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، یان هەر سەر بە عێراق بن.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" ئەو بەڵێنانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە خەڵكمان داوە ئێستا وەكو كارنامە لەبەر دەستی خۆماندایە كە كار لەسەر خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە دەكەین، كە ئێمە بەڵێنمان بە خەڵكی خۆمان داوە و دەشكەین، بەڵام چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین، بۆیە دوای تەشكیلكردنی حكوومەت خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە كە دامان ناوە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بانگەشەمان بۆ كردووە جێبەجێ دەكەین".

زۆرترین بینراو