كازمی دەگۆڕێ یا دەدۆڕێ

ئاسۆ حاجی

لە چەند مانگی رابردوو كازمی وەك ئەوانەی پێش خۆی مامەڵەی لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان كردووە و بە هەمان عەقڵییەت هەوڵی لاواز كردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستانی داوە، بەڵام سەرئەنجام لە ژێر فشار بێ یان بە ناچاری بێت رووی كردەوە هەولێر.
كازمی تێگەیشت لە باشووری شیعەستان ناتوانێ چەكدارێكی حەشدی شەعبی دەستگیر بكات و عەشیرەتێكیش چەك بكات، لەوەش تێگەیشت حوكمڕانی وڵات بە خۆنمایشكردن ناكرێ و پاڵەوان لە سۆشیال میدیا دروست نابن، با وێنەكانی لە عەبادی و مالیكی جوانتر بن و با لاسایی ئەكتەرەكانی هۆلیود بە باشی بكاتەوە و جلی وەك ئەوان بپۆشێ و گرتەی وێنەكانی وەك ئەوان بێ!
هاتنە هەولێر لە ژیانی سیاسی و حوكمڕانی كازمی سەرەتای مامەڵە كردنە لەگەڵ واقیع و دوور كەوتنەوەیە لەو دونیایەی ئەو بەخەیاڵەوە ستوونەكانی دانابوون، لە باشوور ئێران خەونی خۆشی زوو زڕاند و نەیهێشت وەك پاڵەوان لە كۆشكی سپی پێشوازی بكرێ، بەوەی لە بەرامبەر حەشدی شەعبی شكاندی و سەردانەكەی سعوودیای پێ هەڵوەشاندەوە و لە دەروازە سنوورییەكانیش نەیتوانی نزیكی ئەو بیست و یەك دەروازە نافەرمییە ببێتەوە كە حەشد و ئێران بەكاریان دەهێنن، كازمی ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە و پێگەی خۆی توندتر نەكات ئەوە دەدۆڕێ.
كازمی دەكرێ جیاواز لەوانەی پێشە خۆی رێگایەكی دیكە تاقی بكاتەوە، لە راستكردنەوەی مێژوویی خوار و خێچ و پڕ لە زوڵم و زۆرداری عێڕاق كە خاك و خەڵكی كوردستانی بەبێ رەزامەندی پێوە لكێندراوە و وەك وڵاتێكی داگیركەر مامەڵەی لەگەڵ كردوون، ئەوەیان ئاسان نییە، چونكە جورئەتی دەوێ و بۆشی ناچێتە سەر بەڵام لایەنی كەم دەتوانێ هەوڵبدا هەر دوو گەلی كوردستان و گەلی عێڕاق لە درۆی برایەتی كورد و عارەب رزگار بكا، وەك دۆستێكی راستگۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد بكات نەك وەك برایەكی زۆردار، ئەوەش گۆڕانێكی گەورە دەبێ لە عەقلییەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لە چارەسەر كردنی گرفتەكان.
لە هەولێرەوە كازمی دەتوانێ بە پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ دراوسێكانی دا بچێتەوە و دەكرێ سوود لە پێگە و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان وەرگرێ بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندییەكان، لە دوورخستنەوەی هەڕەشە و هێرشی توركیا و ئێران، بەر لەوەش بە پشت كردنە ئەو كوردانەی دەیانەوێ لە رێگای جاشایەتییەوە دەستدۆیی بۆ بەغدا بكەن و لە دژی كوردستان كار بكەن، ئەوەش وا دەكا هێزە سیاسییە كوردستانییە نیشتیمانییەكان هاوكار بن لەگەڵی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختەی كە خەڵكی عێڕاق و كوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنن.
ئەو سەردانەی كازمی بەرئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانییە بۆ بەغدا، كە لەگەڵ ئەمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێڕاق كۆبۆوە، لەوە دەچێ كازمی هەندێك داوای دۆستانەی لە نێچیرڤان بارزانی كردبێ لە زیاتر رۆڵبینین لە نزیك كردنەوەی هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەر كردنی كێشەكان، هەروەها كەڵك وەرگرتن لە پەیوەندییەكانی بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو