كازمی: رێگه‌ به‌ كه‌س ناده‌ین سه‌قامگیری عێراق تێكبدات

كازمی: رێگه‌ به‌ كه‌س ناده‌ین سه‌قامگیری عێراق تێكبدات

زاری كرمانجی - بەغدا: مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ باره‌ی ئاراسته‌كردنی مووشه‌ك بۆ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، رایگه‌یاند، "ئەو موشەكانەی مۆنیومێنتی سەربازی ونیان كرده ئامانج لەبەغدا هەڕەشەن بۆسەر ئەمنیەت و داهاتوومان".

كازمی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، په‌یامێكی به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت: "رێگە بەهیچ شوێنێكی دەرەكی نادەین عێراق بەرەو پشێوی ببات لەپێناو بەرژەوەندییەكانی".

كازمی پێداگری له‌سه‌ر "سه‌روه‌ری نیشتمان و پاراستنی هاووڵاتییان ده‌كاته‌وه‌" و ده‌ڵێت: "پابەندین لەسەر ئەو بەڵێنانەی بە گەلەكەمان داوە كە سەروەری نیشتمان وهاووڵاتیان بپارێزین".

رۆژی 11ی ئایار، گفتوگۆی ستراتیژی له‌ نێوان به‌غدا و واشنتن ئه‌نجامدرا، تێیدا لایه‌نی عێراقی، پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵات كرده‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی داوای پته‌وكردنی رێوشوێنه‌كانی پاراستنی هێزه‌كانیان كرد، به‌ڵام دوای گفتوگۆكان، چه‌ند جارێك‌ كاتیۆشیا و مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كراوه‌، كه‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌ ناوچه‌كه‌یه‌.

زۆرترین بینراو