كافتریاكان شوێنێك بۆ كات بەسەر بردن یا بڵاو بوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار

كافتریاكان شوێنێك بۆ كات بەسەر بردن یا بڵاو بوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار


ئا/ ئیحسان سید كەریم

لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادبوونی ژمارەی كافتریاكان بۆتە جێگەی سەرنجی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، دەڤەری سۆرانیش بەدەر نییە لە زۆر بوونی كافتریاكان و شوێنی نێرگەلە كێشان، رۆژانە گەنجێكی زۆر سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن بە مەبەستی بەسەر بردنی چەند كاتژمێرێك، چەند هۆكارێك هەن كە بۆتە هۆی زۆربوونی ئەو شوێنانە، یەكێك لە خاوەن كافتریاكان گووتی " بەرزی نرخ لە شوێنە گشتیارییەكان و هاتنی گەشتیارێكی زۆری بیانی بە تایبەتی گەشتیارە عەرەبەكان بۆ شوێنەگەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران دەبێتە هۆی قەرەباڵغییەكی زۆر لەم شوێنانەدا و گەنجان ناچنە نێو قەرەباڵغییەكان بۆیە سەردانی كافتریاكان دەكەن".
هەندێك لە خاوەن كافتریاكان پێیانوایە هۆكارێكی دیكەی هاتنی گەنجان بۆ كافتریاكان، نەبوونی دەرفەتی كارە لە كەرتی میری و تایبەت، هەروەها قەیرانی چەند ساڵەی دارایی هەرێم هۆكارێكی دیكەیە، یەكێكی دیكە لە خاوەن كافتریاكان گووتی" قەیرانی دارایی هەرێم كاریگەری زۆری هەبووە كە نەتوانم لە شوێنێك دابمەزرێم یا كارێكی دیكەم دەست كەوێت، بۆیە پەنام بۆ كردنەوەی كافتریا بردووە، هۆكارێكی دیكەش لاوازی كاری بازاڕ و نەبوونی گرنتی بوونی كار لە هەر بوارێكی دیكەی دۆزینەوەی كارە، بۆیە ئەم كافتریایەم كردەوە، هەم وەك سەرچاوەیەكی بژێوی ژیان و هەمیش بۆ كات بەسەر بردن و مەشغول بوونم بە كارێكەوە".
هەندێكی تر لە خاوەن كافتریاكان پێیانوایە كافتریا بازاڕێكە بۆ رەخساندنی هەڵی كار بۆ ماوەیەكی كاتی بۆ گەنجان، یەكێك لە خاوەن كافتریاكان سەبارەت بە هەڵی كار گووتی " خاوەن دوو كافتریام هەڵی كارم بۆ شەش گەنج رەخساندووە، كە نزیكەی چوار ساڵە لای من كار دەكەن، ئەگەر چی ئەم جۆرە كارانە كاتین بەلام هەر باشترە لەوەی بێ كار بێت و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتت نەبێت".
سەبارەت بەو گەنجانەی رۆژانە سەردانی كافتریاكان دەكەن، هەر یەكەوە بۆچوونی جیاوازی هەیە، گەنجێك كە نەیویست ناوەی بنووسرێت ئاماژە بەوەدا " مەرج نییە ئەو كەسەی دەچێتە كافتریا نێرگلەكێش بێت، من نێرگلە ناكێشم و لەبەر هاورێكانم دەچمە كافتریا و حەز دەكەم چەند دەست كۆنكان و دۆمینە بكەم".
گەنجێكی دیكە بە ناوی (ف، م) گووتی " پینج ساڵە زانكۆم تەواو كردووە، بەڵام هیچ كارێكم دەستنەكەوتووە، زۆر بێزار بوومە و نزیكەی ساڵێكە دەچمە كافتریا".
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە تا چەند ئەو شوێنانە بە شێوەیەكی گونجاو تەندروست كارەكانیان بەڕێوەدەبەن و چەند پابەندی رێنەماییەكانی لێژنەی ئابوورین، یەكێك لە خاوەن كافتریاكان، ئاماژەی بە پابەندبوونی مەرجەكانی لیژنەی ئابووری كردو گووتی" ئێمە پابەندی گشت بریاڕەكانی لیژنەكەین و لەم چوارچێوەیەدا كارەكانی خۆمان بەڕێوە دەبەین".
ئیسماعیل گوندەژووری، ئەندامانی لێژنەی ئابووری، سەبارەت بە رێنەماییەكان و پایەندبوونی كافتریاكان بە مەرجەكانی لیژنەی ئابووری ئاماژەی بەوەدا " بەردەوام چاودێری كافتریاكان دەكەین، مەرجەكانی ئێمە پێكهاتوون لە 19 خاڵ، دەبێت گشت خاوەن كافتریاكان بەو مەرجانە پابەند بن، بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردن لە كافتریاكانیان پێ بدرێت".
نێرگلەكێشان لە رووی تەندروستییەوە زیانی بۆ مرۆڤ هەیە، لە چەندین توێژینەوەدا پسپۆڕانی پزیشكی بۆیان دەركەوتووە، زیانەكانی نێرگلە كێشان كاریگەری لەسەر هەموو ئەندامانی جەستەی مرۆڤ هەیە، و دەڵێن " هەر لە پێست تا دەگاتە كۆئەندامی هەناسەدان و خوێنبەرەكان، تا دەگاتە ئاستی شێرپەنجەی سیەكان و قوڕگ و نەخۆشییە درێژ خایەنەكانی سی كە نەخۆشییەكی بەرچاوی بڵاوە، جگە لەمانەش دەبێتە هۆی هەوكردنی رێرەوی هەناسەدان و هەڵاوسانی سییەكان، چالاكوانان و رێكخراوە مەدەنییەكان پێیانوایە، نێرگلە كێشان لەداهاتوو هۆكارێكی سەرەكی دەبێت بۆ زیادبوونی جۆرەكانی شێرپەنجە، لە رووی كۆمەڵایەتییەوەش زیان بە كۆمەڵگا دەگەینێت، هەژار ماهیر ئیدڵبی، چالاكوانی مەدەنی گووتی" بە پێی بەدواداچوونەكانمان نزیكەی 60 كافتریای نێرگلە كێشان لە دەڤەری سۆران هەن، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی گەنجان، هەروەها باری دەروونی كۆمەڵایەتی گەنجان لەناو كۆمەڵگەدا، پێویستە لایەنە پەیوەندارەكان چاودێری زیاتر بخاتە سەر ئەو شوێنانە، هەروەها باج خستنە سەر نێرگلە بە هەمووجۆرەكانییەوە، كردنەوەی خولی جۆراوجۆر بۆ گەنجان، تا سەرقاڵ بن و دوور بكەونەوە لە كافتریا و شوێنی نێرگلە كێشان، ئەمەش دەبێ لەلایەن حكومەت و رێكخراوە مەدەنییەكانەوە بێت، تا بكرێت خولەكان بە خۆرایی بن، تا زۆرترین گەنج سوودمەند بن".

زۆرترین بینراو