كامەران ئیبراهیم شێروانی: بازاڕی ئەم ڕۆژگارە پێمان دەڵێت بڕوانامە بە تەنها بەس نابێت بۆ ئەوەی جێگەت هەبێت لە بازاڕی كاردا

كامەران ئیبراهیم شێروانی: بازاڕی ئەم ڕۆژگارە پێمان دەڵێت بڕوانامە بە تەنها بەس نابێت بۆ ئەوەی جێگەت هەبێت لە بازاڕی كاردا

لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا، كامەران ئیبراهیم شێروانی مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە دارایی قسە لەسەر گرنگی خوێندن و چۆنیەتی دۆزینەوەی هەلی كار دەكات بۆدەرچووانی زانكۆو پەیمانگەكان ، ناوبراو تیشك دەخاتە سەر چۆنیەتی ئامادەكردنی قوتابییان بۆهێزی و كارو بەبازاڕكردن .
دیمانە: محەممەد مەحموود
خوێندن دەتوانێت چی بۆمرۆڤ بكات؟
بێ گومان خوێندن یەكێكە لە گرنكترین ئەو ئامرازانەی كەوا گەلانی دونیا لە ڕێگەیەوە پێش دەكەون و وڵاتان لەڕێگەیەوە پێگەو جێگەی خۆیان لە گشت بوارەكانی ژیان قایم دەكەن، گرنگی خوێندن لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كەوا دەروازەی بونیاتنانی تاك ڕۆشن دەكات، هەلی بەدەستهێنانی توانای بینیی ژیان و ژینگەی بەشێوەیەكی فراوانتر فەراهە م دەكات ، بۆیە باشترین جۆری پەروەردە پێویستە بۆ ئەوەی سەركەوتن بخرێتە بەردەم تاكەكان كەوا لە ڕێگەیەوە بونیاتنانی كەسایەتی و بارەڕ بەخۆبوون دەبەخشێت بە تاكەكان.
سیستەمی خوێندن چۆن دەبینی لە كوردستان؟
لە سیستەمی خوێندندا قوتابی هەر لە ڕۆژی دەستپێكردنی بە خوێندن لە ناو ژینگەیەكی جیاوازدا فێری خوێندن و نووسین دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەمادەبكرێت بۆ قۆناغەكانی تری خوێندن تاكو گشت قۆناغەكان بەسەركەوتووی ببڕیت،هەر لە ساڵانی سەرەتایی فیردەكرێت ئەوەی بەرزترین نمرە بە دەست بهێنێت سەركەوتووترینیانە، داهاتویەكی گەش و پرشنگدار چاوەڕێیان دەكات،بە پێچەوانەوە ئەوەی نمرەی كەم بەدەست بهێنێت هەر لە سەرەتاوە موژدەی شكان و داهاتووی ناڕوونی بە گوێدا دەچرپێنن ، ئەم سیستەمە بۆ گشت قوتابیان هەمان بیرو تێڕوانینی هەیە، هەمان میكانیزمی هەیە بۆ پێگەیاندنیان.
توانای فێربوون لای گشت قوتابییان وەك یەكە؟
لەمەدا خودی مرۆڤەكان بە تایبەت منداڵەكان هاوكێشەی فێربوونیان زۆر جیاوازە ، منداڵانێك هەن هەرگێز نایانەوێت لەسەر تەختەیەك دابنیشن و تەنها گوێ لە كەسێك بگرێت قسەیان بۆ بكات، بەڵكو دەیانەوێت دەست لەو شتانە بدەن كەوا مامۆستاكان بۆیان باس دەكەن، لە تەمەنی زوودا هەست دەكەن كەوا شتگەلێكی زۆر زیاتر لە دەرەوەی سیستەمی خوێندن چاوەڕێیان دەكات ،بەڵام ناچار دەبێت هەر لەنێو هەمان سیستەم بمێنێتەوە چونكە هەم دایك و باوكان هەمیش لە ناو كۆمەڵگە وای پێوتراوە كەوا مانەوەت بەندە بە نمرەی بەرزو بڕوانامە، بۆیە تاكو ئەمە لە هزری تاك دەرنەهێنرێت خولیای فێربوونی هەر بە سنورداری دەمێنێتەوە( تەنها بۆ بەدەستهێنانی نمرە هەوڵ دەدات).
دایكان و باوكان چ ڕۆڵێكیان دەكەوێتە سەرشان بۆگۆرینی بیركردنەوەی منداڵەكانیان؟
ئەركی دایك و باوكانە كەوا بتوانن بیركردنەوەی منداڵەكانیان گۆڕانكاری بەسەر بهێنن، چونكە زۆربەمان دەزانین مامۆستا بەڕێزەكان هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ پەروەدەكردنی منداڵان، گرفتەكە ئەوەیە مامۆستاكان لە سیستەمێكدا كاردەكەن كەوا بۆ گۆڕانكاری دروستنەكراوە.
بازاڕی كار كێی پێویستە؟
ساڵانە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە قوتابییان خوێندنیان لە كۆلێژو پەیمانگەكانی حكومی و تایبەت كۆتایی پێدەهێنن و ماڵئاوای لەو سیستەمە دەكەن كە چەندان ساڵ و تەمەنی لاوێتی خۆیانیان لەوێدا بەڕێكردوە ، ئێستا كاتی چنینەوەی بەرهەمی هەوڵ و كۆششەكانی چەند ساڵەیانن كە هەوڵیان بۆی داوە،كەوابێت بازاڕی كار دەرچووانی زانكۆو پەیمانگەكانی پێویستە.
لای ئێمە قوتابییان ئامادەكراون بۆ بازاری كارئەو هێزەیان پێدراوە ؟
ئەم پرسیارانە دەبێت لە قوتابییان و سیستەمی خوێندن بكرێت تاكو وەڵامەكەمان بەدەست بكەوێت. چونكە قوتابییان و دایكو باوكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن،كەوا هەركە قوتابی پڕۆسەی خوێندنەكەی تەواو كرد، تواناو دەرفەتی چوونە نێو بازاڕی كاری هەیە.
بڕوانامە بەتەنها بەسە بۆئەوەی دەرچوو هەلی كاری بۆبڕەخسێت؟
لە ڕاستیدا بازاڕی ئەم ڕۆژگارە شتێكی ترمان پێ دەڵێت، پێمان دەڵێت بڕوانامە بە تەنیا بەس نابێت بۆ ئەوەی جێگەت هەبێت لە بازاڕدا ( بەهەر هۆكارێك بێت لە ساڵانی پێشوتردا بڕوانامە تەنها هۆكاربوو بۆ دامەزراندن لە یەكێك لە فەرمانگە حكومیەكان) ،بەڵام ئەمڕۆ دەرچووەكان بۆ ئەوەی لە نێوبازاڕی كاردا جێگەی خۆیان بكەنەوە پێویستیان بە ڕاهێنانی زۆر دەبێت تاكو ئامادەبن بۆ كاركردن ( كە ئەنجامدانی ئەم كردارەش لە لایەن كۆمپانیاكان بە پڕۆسەیەكی مەحاڵ دادەنرێت، بۆیە كۆمپانیاكان بە ناچاری پەنا دەبەن بۆ دەستی كاری بیانی چونكە تاڕادەیەكی زۆر دەستی كاری بیانی ئامادەكراون بۆ بازاڕی كار).
دامەزراوەكانی خوێندن دەتوانن هەمووكارێك بۆدەرچووان فەراهەم بكەن؟
بێگومان ئەم ئەركە تەنیا لەڕێی دامەزراوەكانی خوێندنەوە بۆ هەموو كارێك فەراهەم ناكرێت،چونكە سیستەمەكە بۆ هەموو ئاست و قوتابییان هەمان سیستەمە، هەر جۆرە كارێك تایبەتمەندی ‌و پێداویستی تایبەتی خۆی هەیە، وێرای ئەوەی هەر كۆمپانیایەك خواستی تایبەت بەخۆی هەیە، تاكی دەرچووی ئەم سیستەمە بەبێ شارەزایی تەواو ناتوانێ ئامادە بێت بۆ هەر كارێك كە خوازیاری بێت.
چۆن دەتوانین ئومید بۆ دەرچووەكان بگێڕینەوە؟
ئەمەئەركی دامەزراوەكانی خوێندنەبەتایبەت دامەزراوەكانی قۆناغەكانی كۆتایی خوێندن كە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ دۆزینەوەی ئەو پێداویستییە هاوبەشانە كاربكەن كە لەنێوان بازاڕی كارو سیستەمی خوێندنداهەیە، ئەوەی گرنگە بونیادنانی بەهاو گرنگی كاركردنە لای قوتابیان،چونكە بە داخەوە لە ئێستادا ویستی كاركردن تا ڕادەیەكی زۆر لە هزری قوتابیاندا زۆر كەمە، هەروەها بنیاتنانی پردێكی پتەوی پەیوەندی لە نێوان كەرتی تایبەت و هێزی كار و قوتابیاندا، چونكە تاوەكو قوتابی ماوەی خوێندنەكەی تەواو دەكات خواستی بازاڕ گۆڕانكاری زۆری بەسەردادێت، ئەو بەهایانە دەبێ لە سیستەمی خوێندندا جێگەی بۆ فەراهم بكرێت، چونكە قوتابییان كاتێك خوێندن تەواو دەكەن، شوێنی كاركردنی دیارنییەبۆیە دەبێت وا پەروەردە بكرێن كە توانای وەڵامدانەوەی خواستی بازاڕی كاریان هەبێت.
بازاڕی كار كێی پێویستە، كێ ڕۆڵ دەبینێت بۆ بەرهەمهێنانی خواستی بازاڕ؟
ئەم پرسیارە وڵامەكەی دەبێت لەو قوتابییانە وەرگرینەوە كەوا كۆتاییان بە پڕۆسەی خوێندن هێناوە چەندین جار هەوڵی بە دەست خستنی كاریان داوە بەڵام هەر بێكارن.
دەكرێت وابكەین قوتابییان ئومێدیان هەبێت و بۆبازاڕی كار ئامادەبكرێن؟
پرسی گەڕانەوەی ئومێدو پرسی ئامادەكردنی قوتابیان بۆ بازاڕی كار پرسێكی ئێجگار گرنگە،كە پشكی شێری ئەم پرسە دەكەوێتە ئەستۆی دامەزراوەكانی خوێندن،چونكە قوتابییان زۆرترین وە بەنرخترین ماوەی ژیانیان لەوێدا تەرخان دەكەن ، هەر لەوێشدا قوتابیان ئارەزوو بۆ كاركردن پەیدادەكەن بیری زیاتر لە قۆناغەكانی دوای خوێندن دەكەنەوە،بەڵام سیستەمی خوێندن نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت بەڵكو لێرەدا دەبێت خێزانەكان بەڕۆڵی خۆیان هەڵبستن و مەیلی كاركردن لەلایەن ڕۆڵەكانیان زیاتر پەرەپێبدەن.

زۆرترین بینراو