كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و چەند سەرنجێك

لەیلا بەرزنجی

 

لەگەڵ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابییان و ئامادەكردنیان، دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەكات، ئەمساڵ لەگەڵ كۆتایی هاتنی وەرزی هاوین و بەهاتنی یەكەم رۆژی وەرزی پاییز لە هەرێمی كوردستان، یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت، ئەو ئامادەكارییانەی پێویستن بۆ وەرزی نوێی خوێندن چ لەسەر ئاستی حكومەت بێت یا خێزان دەستپَدەكەن، كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بە رووی قوتابییان رۆژێكی جیاوازە لەژیانی مرۆڤەكاندا، ئاخۆ خێزانەكانی كۆمەڵگەی خۆمان تاچەند دڵخۆشن بەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، وەك دەبینین بەهۆی هەندێك دۆخی تایبەت و دەركەوتنی بواری چینایەتی لە نێوان خێزانەكان هۆكارە بۆ سەر هەڵدانی دوو دڵی و پەشێوی، ئەوەشمان لا روونە كە كۆمەڵگە دابەشبووە بەسەر دوو ئاست.
یەكەمیان ئاستی سەروو: واتە ئەو ئاستەی بەشێكی كەمی كۆمەڵگە دەبێت، ئەوان پەرۆشی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانن بەڕووی ڕۆڵەكانیان، چونكە هەر لە وادەی تەواو بوونی قوتابخانەو بەدەست هێنانی پۆلێكی تری خوێندن كارو بەرنامەیان دیاری كراوە.
دووەم ئاستی خواروو: بەشێكی زۆری كۆمەڵگە پێك دەهێنن و نیگەرانی و ئاریشەكانی ژیان و گوزەران لەلایەن خێزانەوە بەشێوەیەكی بەرچاو دەردەكەوێت، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دیاری كراو بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، لە خەمی ئەوەدا دەبن چۆن پێویستییەكانی قوتابخانە بۆ ڕۆڵەكانیان دەستەبەر بكەن، قوتابخانەكانیان تا چەند شیاو و شایستەن بۆ خوێندن، ژینگەی قوتابخانەو قەرەباڵغی پۆلەكان، مامۆستاكان كاتی ئەوەیان هەیە لە پۆل وانەكان لەگەڵ هەموو قوتابییان بەش بكات، هەندێك لە خێزانەكان لە هەوڵی ئەوەدان قوتابییەكانیان بنێرنە قوتابخانەی ئەهلی، لە بژێوی ژیانی خۆیان دەگرنەوە و فشارێكی زۆر لە خۆیان دەكەن تا بتوانن منداڵەكانیان بنێرنە ئەو قوتابخانانەی ناوبانگیان هەیە، جا هۆكارەكەی گرنگیدانیان بێت بە پەروەردە و فێركردن یا چاولێكەری و خۆ دەرخستن، ئەم دیاردەیە خۆی لە خۆیدا پرسیارێكە ڕووبەڕووی كەسانی شارەزا و وەزارەتی پەروەردە دەبێتەوە، هۆكار چییە مامۆستا لە قوتابخانە ئەهلییەكان گرنگییەكی زۆر بە قوتابییان دەدەن و نەرم و نیانن لە هەڵسوكەوت و مامەلەكردنی تایبەت هەتا بگرە تەرخانكردنی كاتی پشوو بۆ قوتابی بە بەراورد كردن لەگەڵ قوتابخانە حكومییەكان؟
نەمانی متمانە لە نێوان قوتابخانە و خێزانەكان بەراورد كردنی مامۆستاكان هەموو ئەمانە هۆكارن كەا سیستەمی پەروەردە متمانەی لەلای خێزانەكان كاڵ بێتەوە، نەمانی سەنگی قوتابخانە حكومییەكان لە كاتێكدا ئەگەر بە وردی لەم دۆخە بڕوانین بەشێوەیەكی ڕوون و بەرچاو ئاست و هەڵسەنگاندنەكان ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە كە لە پۆلی 12 زۆری ئەو قوتابییانەی نمرەی بەرز تۆماردەكەن لە قوتابخانەی حكومی بوونەو گەیشتوونەتە ئەو ئاستە، لێرەدا دەمەوێت دوو پەیام بگەینم، یەكەمیان بۆ كەس و كاری قوتابییانە كە بەسادەیی وەری بگرن، پێویستە خێزان هاندەری قوتابییەكانییان بن و ئاراستەو ڕێنماییان بكەن رووەو ئامانجەكانیان، هەروەها خوێندنیان لە لاخۆشەویست بكەن و لەسەر بنەمای هاندان و لێپرسینەو بەدواداچوون بۆ خوێندنی ڕۆژانەیان بكرێت لە قوتابخانە كە ئاخۆ رۆڵەكانیان چیان خوێندووە، ئاراستەو پشتیوانی بكرێن بۆ ئەوەی قوتابخانەو خوێندن بەهەند وەربگرن و ببنە دۆست و هاوڕێی خوێندن.
پێویستە دایك‌و باوك ڕۆژانە لەگەڵ منداڵەكانیان لە پەیوەندی دابن تا لە قوتابخانەكانیان دوانەكەون، كاتەكانیان بە هەدەر نەدەن، چونكە ئەم كارانە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی قوتابی لە قوتانجانە و بە هەند وەرنەگرتنی وانەكانی لە كاتی خۆی ئەمەش دەبێتە هۆی دەرنەچوون و بەدەست هێنانی ئاستی لاواز، هەر ئەمەش هۆكار دەبێت قوتابخانەی لاگرنگ نەبێت، چونكە خێزان و قوتابخانە تەواوكەری یەكترن لە بەدەست هێنانی ئاستی بەرز، لەگەڵ ئەوەشدا كەمكردنەوەی كات و سەردان و گەشتەكانیان، چونكە بەو هۆیەوە منداڵ بۆماوەیەك دادەبڕێت لە وانەكانی و هەروەها ساردبوونەوە لای منداڵ دروست دەبێت لە كاتی گەڕانەوەی بۆ قوتابخانە لە دوای تەواوبونی سەردان ئەو كاتە كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت كە چەندە زەرەرمەند دەبێت.
دووەمیان بۆ كەسانی شارەزا و وەزارەتی پەروەردە، پێویستە هەنگاوەكانی بۆ چڕ بكاتەوەو هەتا بگاتە ئەو ئاستەی كە سزاو پاداشت هەبێت بۆ بەڕێوەبەرو مامۆستاو فەرمانبەران بەگوێرەی كەم تەرخەمی لەكارو فەرمانەكانیان گرتنەبەری ڕێگای توند و كردنەوەی خول و نوێ كردنەوەی زانیاری لای مامۆستا، چونكە بواری پەروەردە لە گۆڕانی بەردەوام دایە.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو