كرمانج عەبدوڵڵا: بە جێبەجێ كردنی ماددەی 140 كێشەی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر دەبێت

كرمانج عەبدوڵڵا: بە جێبەجێ كردنی ماددەی 140 كێشەی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر دەبێت

ڕائیب شێروانی- مەخموور: كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" ئەگەر كێشەكانی عێراق چارەسەر نەكرێن، ئەمڕۆ داعش، بەیانی رێكخراوێكی دیكەی توندڕەوتر سەر هەڵدەدات، داعش لە مەخموور و ناوچەكانی دیكە خەریكی خۆ رێكخستنەوەیە، دەنگوباسی ئەوە هەیە كە رێكخراوی قاعیدە خەریكی جموجۆلە، چارەسەری كاتی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی عێراقی تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بپارێزن و ئەو بۆشاییەی كە دروست بووە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە ئەو بۆشایە پڕ بكەنەوە. دەشڵێ:" ئێستا عێراق لەژێر هەژموونی وڵاتانی دەوروبەرە، ئەوانەی كە یەكلاكەرەوەی بڕیارەكانن، دەوڵەتانی ناوچەكەنە و زۆرجار بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەبنە رێگر لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.
كرمانج عەبدوڵڵا، رایگەیاند:" لە ئەنجامی ئەو عەقلیەتە سیاسییەی كە لە عێراق هەیە، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە توندوتیژی لە ناوچە كوردستانییەكان و ناوچەكانی دیكەی عێراق سەر هەڵبدات، لەسەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستا كێشەی كورد، كێشەی پێكهاتەكانی دیكە وەكو شیعە و سوننە هەر هەیە، تا ئەو كێشە سیاسییانە چارەسەر نەكرێن، كێشەكان رۆژ بۆ رۆژ سەر هەڵدەدەن، بۆیە ئەوەی كە گرنگە چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵام بە عەقلیەتێكی سەلیم، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەر بكرێن، كێشەكان چارەسەر نەكرێن، ئەمڕۆ داعش، بەیانی رێكخراوێكی دیكەی توندڕەوتر سەر هەڵدەدات، بۆیە زۆر گرنگە هەموو پێكهاتەكانی عێراق پێكەوە دابنیشن، بەتایبەتی پێكهاتەی شیعە كە ئێستا حوكمی عێراق دەكات، كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێن، سوننە بە مافەكانی خۆیان بگەن، كورد ئەو مافانەی كە لە دەستوور دیاری كراون بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن، بەوە ئەو كێشانەی كە لەو ناوچانە هەن نامێنن، بەڵام تا ئەو عەقلیەتە سیاسییەی كە هەیە بمێنێت، بە تەئكید ئەو كێشانە رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبن.
بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور گوتیشی:" داعش لە مەخموور و ناوچەكانی دیكە خەریكی خۆ رێكخستنەوەیە، دەنگوباسی ئەوە هەیە كە رێكخراوی قاعیدە خەریكی جموجۆلە لەو ناوچانە، هەر مەسەلەی داعش نیە، دیارە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەش هەر هەن، چارەسەری كاتی ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی عێراقی تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بپارێزن، ئەو بۆشاییەی كە دروست بووە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە ئەو بۆشایە پڕ بكرێتەوە، خەڵك دڵنیا بێت كە بارودۆخی ئەو ناوچانە پارێزراو دەبێت، بۆ ئەوەی هەست بە دڵنیایی بكەن، گوند و شارۆچكەكان ئاوەدان بكرێنەوە، پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ بكرێن، ئەوە وەكو قۆناغی سەرەتایی، قۆناغی دوای ئەوە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە بە جێبەجێ كردنی ماددەی 140 كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر دەبێت.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" خەڵك ئۆمێدی زۆری هەڵچنیوە لەسەر كابینەی نۆیەم، كە بتوانێت باشترین خزمەتگوزاری، داخوازییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات، بتوانێت بارقورسی لەسەر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت كەم بكاتەوە، ژیانیش بۆ هەمووان بێت، هەمووشمان وەكو یەك بین لەبەردەم یاسا و حكوومەت، جیاوازی بە كەس نەكرێت، ئەوەی كە هێزی یەكەم بێت، هێزی یاسا و حكوومەت بێت، بۆیە خەڵك ئۆمێدێكی زۆری بەو حكوومەتە هەیە كە كێشەكان چارە دەكات و داخوازییەكانی ئەوان جێبەجێ دەكات، هەروەها نەهێلانی زۆنی سەوز و زەرد لەگەڵ بوونی یەك هێزی پێشمەرگە كە هەرچی زووە یەك بگرێت و بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، ئەوە داخوازی خەڵكە، پاشان دابینكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك، هەر حكوومەتێك ئەگەر خەڵكی لە پشت بێت، هیچ هێزێكی دنیا ناتوانێت لەناو ببات، ئەگەر هەر حكوومەتێك گەورەترین هێزی سەربازی هەبێت، بەڵام خەڵكی لە پشت نەبێت، بە تەئكید حكوومەتێكی لەرزۆك دەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرمانج عەبدوڵڵا، دەڵێ:" ئەو رێككەوتنە سەرەتایانەی كە هەنە دڵخۆشكەرن، بەڵام نایشارێنینەوە كە ئێمە لەناوچەیەكی پڕ ئالۆزین، دەوڵەتانی ئەقلیمی كاریگەریان هەیە، حزووریان هەیە، زۆرجار بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەبنە رێگر لەبەردەم چارەسەری كێشەكانی عێراق بە گشتی و چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەتایبەتی، بۆیە دەبێت تۆزێك هێمن و لە سەرخۆ بین، ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بە پێی هەموو خوێندنەوەكان كە بۆی دەچی ئیستجابێكی باشی هەیە بەرامبەر بە چارەكردنی هەموو كێشەكان كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە، ئێمەش وەكو خەڵكی كوردستان دەبێت هەم پشتیوانی حكوومەتی هەرێم بین، هەمیش پشتیوانی حكوومەتی عێراق بین، كە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت چارەسەری كێشەكان بكات، بە تەئكید كێشەكانیش بە شەو و رۆژێك یان بە مانگێك چارەسەر نابن، بەڵام مادەم نیەتێك هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئۆمێد دەكەین كێشەكان چارەسەر بكرێن و هەرێمی كوردستانیش هەر ئەوەی دەوێت كە بەپێی دەستوور كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكرێت.
بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور ئاشكراشی كرد:" عێراق دەوڵەتێكی بەهێز نیە، عێراق ئێستا لەژێر هەژموونی وڵاتانی دەوروبەرە، زۆر روونە كە ئەوەی ئێستا حوكمی عێراق دەكات، من نالێم ئەوانەی بەغدا كاریگەریان نیە، بەڵام ئەوانەی كە یەكلاكەرەوەی بڕیارەكانن، دەوڵەتانی ناوچەكەنە، عادل عەبدولمەهدی كەسێكی زیرەك و بەتوانایە، لە كێشەكانی عێراق شارەزایە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە نیەت پاكییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەوە گرنگە، كورد خوازیاری چارەسەركردنی كێشەكانە بە پێی ئەو دەستوورەی كە زۆربەی خەڵكی عێراق دەنگی بۆ داوە.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور سەبارەت بە بوونی پەكەكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" خەڵكی كوردستان داوا لە پەكەكە و توركیا دەكات كە كێشەكانی خۆیان لە گوندەكانی ئەوان چارە نەكەن لە شوێنی خۆیان چارە بكەن، ئەو داوایە، داوایەكی پڕ بە پێستی خۆیە، پەكەكە كێشەی لەگەڵ توركیا هەیە با بچێت لە توركیا چارە بكات، نەك لە گوندەكانی هەرێمی كوردستان چارە بكات، كە بۆتە هۆی چۆڵبوونی هەزاران گوند و ئاوارە بوونی سەدان هەزار كەس و لە ژیانێكی ناخۆشدا دەژین، داوای ئێمەش هەر ئەوەیە كە كێشەكانی خۆیان لە وڵاتی خۆیان بە ئاشتی چارە بكەن، چونكە ئێستا كێشەكان بە ئاگر و ئاسن چارەسەر ناكرێن، بۆیە داوایان لێ دەكەین كە كێشەكانی خۆیان لە گوند و ئاواییەكانی ئێمە دوور بخەنەوە و بە ئاشتیانە لە وڵاتی خۆیان چارە بكەن".

زۆرترین بینراو